Anders Borg. wêne: Leif R Jansson/Scanpix.

نیگەرانیی وەزیری دارایی بۆ باری ئابووریی وڵات لە ساڵانی داهاتوودا

پاش ئەو گەشە ئابوورییە زۆر و چاوەڕواننەکراوەی سوید کە ناوەندی ئاماری سوید بڵاوی کردەوە، وەزیری دارایی وریایی دا کە لووتبەرزیی سوید لەوانەیە بارودۆخێکی نالەباری وەک ئیرلەند و ئیسلەندی بۆ پێک بێنێ.

ئاندرش بۆری دەڵێ ئەمە بەستراوەتەوە بەو وڵاتانەی تووشی گرفتی جیددیی دارایی بوون، بۆ نموونە ئیرلەند و ئیسلەند کە قوربانیی لووتبەرزی بوون. بەر لە هەموو شت، کۆنترۆڵی بانک و نرخی خانوویان  لەدەست دا. زۆر ئاشکرایە کە ئەوە گرنگە ئێمە خاوەنی بانکی ڕێکوپێک بین، بەڵام کاتێ زۆر دەڕۆن ئەوا دەبنە هەڕەشە لە سەقامگیریی خۆشیان لە ئابووریدا. ئێستاش ئەوا هۆیەک هەیە بۆ ئەوەی وریایی بدەین لە سەر بڕیاردانی بێباکانە لە سەر سیاسەتی ئابووری لە ساڵانی داهاتوودا. ئێمە دەبێ وریا بین کە جڵەومان لێ نەسێنرێ.

سیستەمی بانکی سویدی ئێستا سێ و نیو هێندە لە سەرجەمی بەرهەمی نەتەوەیی گەورەترە. کاتێ ئیرلەند و ئیسلەند کەوتنە سەر ئەم ئاراستەیەی قەیرانی ئێستایانەوە، ئەوا سیستەمی بانکەکەیان بەڕیز حەوت تا پێنج هێندە لە سەرجەمی بەرهەمی نەتەوەییەکەیان گەورەتر بوو. ئەم وریاییەی ئاندێرش بۆری بۆ ئەوەیە کە لەوانەیە سوید بە هەمان ڕێدا بڕوا و ئەویش دەیەوێ ئەوەندی بۆی دەکرێ بەری پێ بگرێ.

یەکێ لە ڕێگەکان دەتوانێ زیادکردنی مزی بانکەکان بێ بە دەوڵەت، بۆ سەقامگیرپارێزییان. بۆیەش بانکی سەراسەریی سوید دەیەوێ لەم زستانەدا چەند جارێک سوودی ڕێنیشاندەر ـ بە سویدی styrräntan ـ بەرز بکات و لە ئاکامدا سوودی قەرزی خانووبەرە زیاد دەبێ و ئەو گەرما و تینەی بازاڕی خانووبەرە بەتایبەت لە شارە گەورەکاندا کەم دەکاتەوە.

پشکنەرانی داراییش هەروەها لە سەر بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە و هەڵتۆقانی بەدرۆی وریاییان داوە، بۆیەش لە یەکی نۆڤەمبەرەوە ئاستێکیان بۆ ڕادەی ئەو قەرزە داناوە کە بانکەکان بۆ کڕینی خانووبەرە دەیدەن، ئەویش ٨٥ لەسەدی باییەکەیەتی. بێت و کەسێکیش بیەوێ قەرزی زیاتر لەو بڕە وەرگرێ، ئەوا سوودەکەی گەلێ بەرز دەبێتەوە. 

ئێستا سوید بە بەرزبوونەوەی ئابووریی ئەمساڵی، گەیشتۆتەوە ئەو ئاستەی بەر لە قەیرانە داراییەکە و بێبرەوییەکەی بازاڕ لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩دا هەیبوو.

هۆی ئەوەی ئێستا باری ئابووریی سوید لە وڵاتانی دیکە باشترە، دەتوانی هی ئەوە بێ کە بنەمالەکان هێزی کڕینیان زێدەتر بووە و باج و سوود لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا داشکاون و هەناردەی وڵاتیش بەرفرەیە. هەر بۆیە ئەم داراییە دەوڵەتییە بەهێزە و ئەم قەرزە هندکە دەوڵەتییەی هەبووە.

گەشەی ئابووری سوید لەو دوو ساڵەی دابێتدا لە گوێن پسپۆڕانی برەوی بازاڕ، وەک پێشتر بەهێز نابێت و پێشبینی دەکرێ کە زیاتر لە سێ لەسەد لە ساڵدا بێت. سوودی بانکیش بەرز دەبێتەوە و ئەمە دەتوانێ کاریگەر بێ کاتێ بانکی سەراسەریی سوید بۆ ڕاگرتنی تەرازی ئاوسانی ئابووری ئاستی سوود بە ڕادەی دوو لەسەد بەرز دەکاتەوە. ئەم گەشە خێرایەی ئێستا، وەڵامێکە بە بانکی نەتەوەیی سوید کە لە بەرنامەکانیدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سوود بەردەوام بێت، تەنانەت بێت و هێشتا ڕادەی بێکاری زۆر بێ و ئابووریزانان گوتەنی جێ زۆر واڵایە بۆ وەرگرتنی هێزی کار و لە ئاکامدا مووچەگەل بە شێوەیەکی گشتی بەرز نابێتەوە.

وەزیری دارایی ئاندێرش بۆری نیگەرانی ئەم ساتە نییە بەڵام دەڵێ لەوانەیە گرفتی زێدەبوونی قەرزدارێتیی سوید دواتر دەرکەوێ. بۆری دەڵێ من پێم وایە پشکنەری دارایی، بانکی سەراسەری و ئێمە خۆمان، وێنەیەکی ڕاستمان لەو کاتە هەیە. من نیگەرانی ئەوە نیم کە ئێمە ئەمڕۆ لە دۆخێکی خراپ داین. نیگەرانی ئەوەم کە ئێمە لە یەک دوو یان سێ ساڵی داهاتوودا ئیزنی ئەوەمان دابێ کە دۆخەکە وەها خێرا بڕوا کە سەرێشەیەکی زۆرمان بۆ ساز بکات. 

کەچی هەری فلەم پرۆفیسۆری ئەنیستیتووتی ئابووریی نێونەتەوەیی لە زانکۆی ستۆکهۆڵم دەڵێ ئەوەی ئاندرێش بۆری وەزیری دارایی هاتووە و وریایی دەدا و دەڵێ سوید مەترسیی هەمان چارەنووسی ئیرلەند و پورتوگالی لە قەیرانی ئابووریدا لەسەرە، ئەوا نیشانەی پاشگەزبوونەوەیەتی لەو مەرجانەی بۆ چاکسازی دابوونی. پاشخانی ئەمەش ئەو نرخە بەرزەی سەرجەمی بەرهەمی نەتەوەیی، BNPیە کە ڕۆژی ڕابردوو ناوەندی ئاماری سوید پێشکەشی کرد و دەریدەخات ئابووریی سوید لە ماوەی ساڵێکدا بە ڕادەی حەوت لەسەد گەشەی سەندووە. بەڕای هەری فلەم وەزیری دارایی لەسەرێتی کە هەڵوێستێکی بەپارێزەوە بگرێ.

بەڵام ئاخۆ ئایا ئەمەی ئاندێرش بۆری دەیڵێ زۆرتر چوارچێوەیەکی سیاسی دەگرێتەوە تا ئابووری؟ هەری فلەم دەڵێ بەڵێ من پێم وایە، ئەم قسەیەی بەرەو ڕووی هاوکارانی سیاسەتوانی ببۆوە و رەنگە بەرهەڵستکارانیشی تا مەرجی زۆر لە سەر چاکسازییەکانی دانەنێن.

هەری فلەم دەڵێ لووتبەرزی لە ئابووریدا کە ئاندێرش بۆری لێوەی دەدوێ مانایەیەکی نییە و تەنیا شێوەیەکە بۆ بەرگریکردن لە خۆ. هەروەها بەراوردکردنی سوید لەگەڵ وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا لە بواری ئابووریدا هیچ مانایەکی نییە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".