حوکوومه‌ت و به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر سیاسه‌تی هێزی به‌رگری ناکۆکن

له‌ کۆنگره‌ی سه‌رانسه‌ری هاووڵاتی و به‌رگری (Folk och Försvar) دا حوکوومه‌ت و به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن ناکۆکییه‌کانیان له‌سه‌ر پرسی هێزی به‌رگری ئاشکراتر بوو. هه‌ردوو لا یه‌کتری به‌ که‌مته‌رخه‌م و نه‌زان له‌و بواره‌دا تاوانبار ده‌که‌ن.

- له‌ ڕاستیدا له‌ پاییزی ڕابوردوودا سۆسیالدیموکراته‌کان هیچ پێشنیازێکیان سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تی به‌رگری سوید نه‌خسته‌‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان، هه‌ر ئه‌مه‌ بۆ خۆی مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وان سیاسه‌تێکیان ‌ بۆ هێزی به‌رگری نییه. ئه‌مه‌ قسه‌ی وه‌زیری به‌رگری سوید ستێن تۆلیفۆشه‌ له‌ هه‌فته‌ کۆنفرانسی گشتی هاوڵاتی و به‌رگری که‌ له‌ کۆمۆنی سێله‌ن (Sälen) له‌ دالارنا به‌ڕێوه ‌ده‌چێت. سۆسیالدیموکراته‌کان له‌ زاری به‌رپرسی لیژنه‌ی هێزی به‌رگری له‌ په‌رله‌مان هۆکان یوهۆلت ئه‌م قسانه‌ی تۆلیفۆش به‌ هێرشێکی نا عادیلانه‌ ده‌زانن و ده‌ڵێت تواناکانی وه‌زیری هێزی به‌رگه‌ری تۆلیفۆرش له‌ ئاستی پۆسته‌که‌یدا نییه‌. 

به‌ڵێ جه‌نگی نێوان دووبه‌ره‌ی ڕاست و چه‌پی سویدی له‌سه‌ر پرسی هێزی به‌رگری له‌ پاییزی ڕابوردوودا هێوربوو بوه‌وه‌ کاتێک حوکوومه‌ت له‌گه‌ڵ سۆسیالدیموکراته‌کان و پارتی ژینگه‌ له‌سه‌ر پرسی هێزه‌کانی سوید که‌ ئه‌فغانستان له‌ چه‌ند خاڵێکدا گه‌شتنه‌ ڕێکه‌ووتن، به‌ڵام وا دیسان له‌ کۆنفرانسی سێله‌نه‌وه‌ وه‌خته‌ شیروتیر سوین له‌ یه‌کتریان ده‌ست پێ ده‌کاته‌وه‌.

تۆلیفۆرشی مۆدێرات ده‌ڵێت سۆسیالدیموکراته‌کان به‌رنامه‌یان بۆ سیاستی هێزی به‌رگری نییه‌ و یوهولتی سۆسیالدیموکراتیش ده‌ڵێت تۆلیفۆشی مۆدێرات نازانێت له‌ کاره‌که‌یدا باس له‌ چییه‌.  به‌ڵام ئه‌م زمانه‌ تیژه‌ به‌رامبه‌ر یه‌ک له‌ ڕاستیدا بنه‌مایه‌کی ئه‌وتۆی نییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ له‌ به‌رچاو بگرین که‌ سیاسه‌تی ئه‌م دووبه‌ره‌یه‌ له‌سه‌ر پرسی هێزی به‌رگری جیاوازییه‌کی ڕوونی تێدا به‌دی ناکرێت. ته‌نها جیاوازییه‌ک که‌ له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌رکه‌وت له‌سه‌ر هێزه‌کانی سوید بوو له‌ ئه‌فغانستان که‌ سۆسیالدیموکراته‌کان داوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانیان ده‌کرد له‌ کاتێکدا به‌ره‌ی حوکوومه‌ت له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌کان سوور بوون. خاڵێکی تر که‌ له‌سه‌ری کۆکنین ئه‌وه‌یه‌ که‌ سۆسیالدیموکراته‌کان به‌گشتی داوای که‌مکردنه‌وه‌ی سه‌ربازه‌کانی هێزی به‌رگری ده‌که‌ن.

هه‌ردوولا له‌سه‌ر گۆڕانکارییه‌کانی بواری به‌رگری سوید ڕێکن به‌ تایبه‌ت‌ له‌ دوای ڕووخانی دیواره‌که‌ی به‌رلینه‌وه‌ که‌ ئیتر سیاسه‌تی به‌رگری له‌ هێرشبه‌رییه‌وه‌ (invasionsförsvar) بوه‌ هێزی به‌رگری پشتگیری و هێزی سه‌رمایه‌گوزاری  (insatsförsvar).  

هیچ لایه‌کی ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌ش پێیان وا نییه‌ که‌ سوید له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی ده‌ره‌کیدایه‌ به‌ڵام سۆسیالدیموکراته‌کان له‌ زاری یوهولدته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ مه‌ترسی هێرشی ئه‌له‌کترۆنی ده‌که‌ن تا ئه‌و ڕده‌یه‌ی به‌ مه‌ترسیدارترین هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی سوید ناوی ده‌به‌ن. به‌ڵام وه‌زیری به‌رگری ستێن تۆلیفۆرشی مۆدێرات مه‌ترسییه‌کان له‌سه‌ر ئاسایشی سوید چه‌ند لایه‌نه‌ ده‌بینێت.   

-  له‌م زه‌مه‌نه‌دا هه‌ڕه‌شه‌کان له‌سه‌ر ئاسایشی وڵات چه‌ند جۆره‌ و ئاڵۆزن، هه‌ر له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌ده‌نییه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ هه‌ڕه‌شه‌کانی ژینگه‌ و کاره‌سه‌ته‌ سروشتییه‌کان هه‌روه‌ها تاوانکاری ڕێکخراو و هێرشه‌ ئه‌له‌کترۆنییه‌کان ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و هێرشه‌ سه‌ربازییانه‌ی که‌ هه‌ندێک وه‌ک باو بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان ده‌یگرنه‌ به‌ر.

ئه‌مه‌ی دواییان بیری ڕووسیامان ده‌خاته‌وه‌ که‌ ده‌مێک نییه‌ هێرشی سه‌ربازی به‌ره ‌و جۆرجیا به‌ڕێ کرد تا ئه‌و ڕاده‌ییه‌ی ئیتر پارتی گه‌لی لیبراڵی سوید داوای خۆپڕچه‌ککردنی سویدی کرد. ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ واتا ڕووسیا وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر سوید چیتر کاڵ بۆته‌وه‌.

-  بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌ حاڵی حازردا له‌سه‌ر هاوکاری بازرگانی پێک هاتووه‌. وه‌زیری به‌رگری سوید ستێن تۆلیفۆش ده‌ڵێت له‌ هه‌مانکاتتدا ئاگامان له‌ ڕیفۆرم و ئاره‌زووه‌ سه‌ربازییه‌کانی روسیایه‌ ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ ڕووسیا تا دێت بودجه‌ی بواری به‌رگری سه‌ربازی به‌رزده‌کاته‌وه‌ و سه‌رمایه‌گوزاری زیاتری له‌سه‌ر ده‌کات. ئه‌م گرنگیدانه‌ی ڕووسیا به‌ بواری به‌رگری به‌لای هۆکان یوهۆلتی سۆسیالدیموکراته‌وه کارێکی باشه‌.

 - من ڕووسیا وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌ نابینم به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ڕووسیا ده‌یکات واتا سه‌رمایه‌گوزاری له‌سه‌ر بواری به‌رگری وڵاته‌که‌ی له‌جێی خۆیدایه‌ ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرین هولدت ده‌ڵێت که‌ بودجه‌ی به‌رگری ڕووسی ناگاته‌ ئاستی فه‌ڕه‌نسا له‌و بواره‌دا و ته‌نها له‌سه‌دا هه‌شتی بودجه‌ی ئه‌مه‌ریکایه‌ و به‌ ئاسته‌م خۆی له‌ ئاستی بودجه‌ی به‌رگری به‌ریتانیا ده‌دات، ئا له‌و به‌راورده‌وه‌ هولت ده‌ڵێت ڕووسیا به‌هیچ جۆرێک هه‌ڕه‌شه‌ نییه‌ له‌سه‌ر سوید.         ‌   

ئینجا گه‌ر له‌ ئاستی یه‌کییه‌تی ئه‌ورووپادا له‌ پرسی هێزی به‌رگری بڕوانین ده‌بینین سوید و چه‌ند وڵاتێکی تری لێ ده‌رچێت که‌ داشکانێکی به‌رچاو له‌ بودجه‌ی هێزی به‌رگریدا وه‌ک ده‌رئه‌نجامی قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌که‌ ده‌کرێت. به‌ڵام به‌ینی ئه‌ڵمانیا و سوید له‌م بواره‌دا خۆشه‌ هه‌ردوولا هه‌مان دیدیان بۆ پرسی به‌رگری هه‌یه‌. وه‌زیری به‌رگری دڵی به‌م هاودیدییه‌ خۆشه‌ و به‌ڵام خۆشحاڵتر ده‌بێت گه‌ر هاودیدییه‌کی له‌و جۆره‌ له‌ ناو سویدیشدا و له‌گه‌ڵ سۆسیالدیموکراته‌کانیش بدۆزێته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ ئاواته‌ خوازه‌ سۆسیالدیموکراته‌کان که‌ وته‌بێژی پرسی سیاسه‌تی به‌رگرییان گۆڕیوه‌ بتوانن پێشنیاز و سیاسه‌تێکی ڕوونیشیان له‌و بواره‌دا هه‌بێت.

ئه‌م قسانه‌ی تۆلیفۆش دیسان هۆکان یوهۆلدتی سۆسیالدیموکرات توڕه‌ ده‌کات و ده‌ڵێت حوکوومه‌ت به‌ مه‌به‌ستی هاوکاری لێمان دێنه‌ پێش  که‌چی به‌ لێدانی زله‌ له‌ په‌ناگوێمان ده‌ست پێ ده‌که‌ن، یوهولت ده‌ڵێت ئاخر گه‌ر یه‌کێک خوازیاری هاوکارییه‌ ده‌بێت به‌ قسه‌ی خۆش له‌گه‌ڵت بێته‌ پێش،  ده‌ڵێت گه‌ر ویستت له‌گه‌ڵ که‌سێک هه‌ڵپه‌ڕیت ناتوانیت به‌ تێهه‌ڵدانی ده‌ست پێ بکه‌یت. یوهولدت دیسان هێرش ده‌کاته‌وه‌ سه‌ر تۆلیفۆش و ده‌ڵێت تۆلی فۆش به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێت که‌ پێشنیازمان بۆ سیاسه‌تی سوید نییه‌ له‌ کاتێکدا ئه‌م قسانه‌ی دیسانه‌وه‌ ناکارامه‌یی خۆی ده‌ر ده‌خاته‌وه‌.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista