wêne: Ivan Sekretarev/Scanpix

سوید، کرده‌ تیرۆریستییه‌که‌ی فڕۆکه‌خانه‌ی مۆسکۆی ئیدانه‌ کرد

هێرشی خۆکوژیی ڕۆژی ڕابردوو له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی مۆسکۆ که‌ 35 کوشته‌ و زیاتر له‌ سه‌د برینداری لێ که‌وته‌وه‌ له‌ لایه‌ن کارل بیلد وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سویده‌وه‌ ئیدانه‌ کرا. بیلد ئه‌و کاره‌ی به‌ هێرشێکی ترسناک وه‌سف کرد. 

ئه‌و گوتی: ئێمه‌ بێگومان ئه‌م کاره‌، گه‌لێ به‌ توندی ئیدانه‌ ده‌که‌ین و هاوخه‌میی خۆمان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ڕووس که‌ جارێکی دیکه‌ش تووشی هێرشێکی تیرۆریستی بوونه‌ته‌وه‌ ده‌رده‌بڕین.

گومانی ئه‌م کرده‌ تیرۆریستییه‌ ده‌سبه‌جێ به‌ره‌و ڕووی گرووپه‌کانی باکووری قه‌وقاز کرا به‌ڵام کارل بیلد نایه‌وێ ئه‌م پێشداوه‌رییه‌ بکات و ده‌ڵێ ئێمه‌ پێشتریش هه‌ر له‌م فڕۆکه‌خانه‌یه‌دا‌ شاهیدی کرده‌‌وه‌ی تیرۆریستی بووین که‌ جاروبار کلکه‌که‌ی ده‌گه‌یشته‌وه‌‌ باکووری قه‌وقازه‌وه‌، به‌ڵام جارێ یه‌کجار زوویه ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌شیان هه‌ر به‌وانه‌وه‌ بلکێنین.‌

ئه‌م به‌یانییه‌ توبیاس نیلسۆن له‌ به‌شی چاپه‌مه‌نیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوید به‌ هه‌واڵده‌ریی سوید، تێ تێی گوت که‌ هیچ نیشانه‌یه‌کمان به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ که‌ که‌س یا که‌سانێکی سویدی ڕاسته‌وخۆ زیانیان وێ که‌وتبێ یا خود به‌جۆرێک به‌م کێشه‌وه‌ گرێ درابن.‌

جێی گوتنێیه‌ که‌ شیرکه‌تی فڕۆکه‌وانیی سکاندیناڤیا ناودێر به‌ ساس، هیچ په‌روازێکی بۆ ئه‌م فڕۆکه‌خانه‌یه‌ نییه‌. له‌ گوێن سه‌رچاوه‌گه‌لی ڕووسی هه‌شت که‌سی بیانی له‌ ناو کوژراواندا بوون که‌ خه‌ڵکی به‌ریتانیا، ئه‌ڵمان، تاجیکستان، ئوزبه‌کستان و قرقیزستان بوون. وه‌زعی چوار که‌س له برینداره‌کانیش باش نییه‌ و مه‌ترسی مردنیان له‌سه‌ره‌.

ئه‌و زانیارییانه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاسایشی ڕووسی ئه‌مڕۆ بۆ هه‌واڵده‌ریی رووسیی رییا درکاندوویه‌تی، باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ئه‌م کرده‌ تیرۆریستییه‌ له‌لایه‌ن ژنێک و پیاوێکه‌وه‌ کراوه و هه‌ردووکیان خۆشیان پاش ته‌قینه‌وه‌که‌ کوژراون.‌

پاش ئه‌م هێرشه‌ کرده‌وه‌یه‌، فڕۆکه‌خانه‌ی دومودێدۆڤ و گه‌لێ شوێنی دیکه‌ی مۆسکۆ که‌وتنه‌ به‌ر چاوه‌دێریی توندی هێزه‌کانی ئاسایشه‌وه‌. که‌چی ئه‌مه‌ نه‌یتوانیوه‌ کاریگه‌ریی دانێته‌ سه‌ر پرسی ئاسایشی فڕۆکه‌خانه‌کان‌ی سویده‌وه. ئێڤا ماری لوێڤکڤیست به‌رپرسی چاپه‌مه‌نیی په‌روازه‌ ئاسمانییه‌کان له‌ لێژنه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی گواستنه‌وه‌ی سوید ده‌ڵێ ئێمه‌ هیچ زانیارییه‌کمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ مه‌ترسییه‌ک له‌م باره‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ فڕۆکه‌خانه‌کانی سوید بکات، بۆیه‌ش هیچ ئاڵوگۆڕێک له‌ لای ئێمه‌وه‌ ناکرێ.

ئێڤا ماری لوێڤکڤیست ده‌ڵێ ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌گه‌نه‌ ده‌ستمان و وێنه‌یه‌کی دیکه‌ له‌ باری یاسایش ده‌ده‌نێ، له‌ لایه‌ن ده‌زگای سه‌راسه‌ریی پۆلیسه‌وه‌ دێن و بۆیه‌ش ئه‌و پرسه‌، پێوه‌ندیی ته‌واوی به‌ لێکدانه‌وه‌ی پۆلیسه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئێمه خۆمان چ خوێندنه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تمان له‌ سه‌ر کێشه‌ی ئاسایش نییه‌.‌

هه‌رچه‌ند شه‌ڕی چێچێن نزیکه‌ی ساڵ و نیوێک له‌وه‌ پێش کۆتایی پێهات به‌ڵام هێشتا دژبه‌رییه‌کان به‌رده‌وامن. گودرۆن په‌رشۆن مامۆستای مێژوو له‌ زانستگای ستۆکهۆڵم و شاره‌زای وڵاتی ڕووسیه‌ ده‌ڵێ هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک خه‌ڵک له‌ هه‌ر دوو لایه‌ن ده‌کوژرێن، به‌ بۆمبدانانه‌وه‌ و به‌دیلگرتن و کرده‌وه‌ی وا، به‌محاڵه‌وه‌ ده‌کرێ بڵێین که‌ ئاستی ناکۆکییه‌کان نزمه‌. په‌رشۆن ده‌ڵێ هێزه‌کانی ئاسایش دزه‌ ده‌که‌نه‌ ئه‌و په‌ڕی سنووره‌کان و هێرشێک ده‌که‌ن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌. دوایی ده‌بێته‌ تۆڵه‌ ئه‌ستاندنه‌وه‌. ئه‌م ناهێمنییه‌ له‌ گشت ناوچه‌که‌دا به‌دی ده‌کرێ‌، نه‌ک هه‌ر له‌ چێچێندا به‌ڵکوو له‌ داغستان، ئینگوشیا وئۆسێتیای باکووریشدا.

ئه‌م ناکۆکییه‌ به‌ هۆی ڕه‌گه‌زپه‌رستیی دژی که‌سانی به‌ سیمای قه‌وقازی له‌ ڕووسیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تریش به‌هێزتر بووه‌. بێنگت ئێریکسۆن له‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵوێزخانه‌ی سوید له‌ مۆسکۆ ده‌ڵێ هێشتا ئه‌م ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌ شێوه‌یه‌کی سیستێماتیکی به‌خۆوه‌ نه‌گرتووه‌‌ به‌ڵام وا بووه‌ که‌ ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌ سه‌رتاشراوه‌کانی‌ ڕووس هێرشیان کردۆته‌ سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی سه‌روسه‌کوتیان له‌ قه‌وقازییه‌کان چووه‌ له‌ باکووری قه‌وقازه‌وه‌ بگره‌ تا ئاسیای ناوه‌ندی و کۆماره‌کانی به‌رێی سۆڤیه‌ت.  

به‌ڵام چه‌کداره‌کانی چێچێن له‌ باکووری قه‌وقاز چییان گه‌ره‌که و بۆچی کرده‌وه‌ی هێرشبه‌رانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن‌؟ گودرون په‌رشۆن ده‌ڵێ سه‌ربه‌خۆییان ده‌وێ و له‌ سایه‌ی ئه‌و تیرۆریسمه‌ نیونه‌ته‌وه‌ییه‌ی هه‌یه‌ داخوازی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامی ده‌که‌ن. به‌محاڵه‌وه‌ ناکرێ بڵێین پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ گرووپی ئه‌لقاعیده‌وه‌ هه‌یه‌.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".