ماوه‌ی ڕاوه‌گورگ بۆ ئه‌مساڵ ته‌واو بوو

ڕۆژی ڕابردوو ماوه‌ی ڕاوی ئه‌مساڵی گورگ له‌ سوید کۆتایی پێهات. تا ئێستا له‌و بیست گورگه‌ی‌ ده‌زگای ژینگه‌پارێزی سه‌ر به‌ حوکوومه‌ت (Naturvårdsverket) ئیزنی کوشتنی دابوون نۆزده‌یان کوژراون و ڕاوچییه‌کان ده‌ستیان به‌ بیسته‌مین گورگ ڕانه‌گه‌یشت.

له‌ سوید نزیکه‌ی دووسه‌د گورگ هه‌یه‌ و له‌ گوێن شاره‌زایان ئه‌م ڕێژه‌یه‌ ساڵی داهاتوو زیاترێش ده‌بێ، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئیزنه‌ی بۆ ڕاوی 20 دانه‌یان له‌ مانگی رابردوودا درابوو.‌

ئه‌وه‌ی حوکوومه‌ت ئیزنی ڕاوه‌گورگی داوه‌ ره‌خنه‌یه‌کی زۆری هاتۆته‌وه‌ سه‌ر و له‌وانه‌یه سوید هه‌ر به‌م هۆیه‌ له‌ دادگای یه‌کێتیی ئه‌ورووپادا مه‌حکه‌مه بکرێ. ساڵی پار یه‌که‌مین ساڵ بوو ـ پاش 45 ساڵ قه‌ده‌غه‌بوون ـ که‌ ‌له‌ سوید ڕاوه‌ گورگ ئیزنی پێ بدرێ.