ژنانی بیانی له‌ سوید زیاتر له‌ جاران شکایه‌تی پۆلیس ده‌که‌ن

ژنانی به‌ڕه‌گه‌زبیانی که‌ پاش زه‌واج له‌گه‌ڵ پیاوێکی سویدی هاتوونه‌ته‌ ئه‌م وڵاته‌، زیاتر له‌ جاران له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ لێیان دراوه‌، یاخود به‌ زۆر ده‌سدرێژییان کراوه‌ته‌ سه‌ر، شکایه‌ت له‌ لای پۆلیس تۆمار ده‌که‌ن.

ساڵی 2009 نزیکه‌ی 552 ژن داوای یارمه‌تییان له‌و ناوه‌ندانه‌‌ی (kvinnojour) کرد که‌ پشتگیریی ژنانی ئازاردراو ده‌که‌ن و داڵده‌یان ده‌ده‌ن. ساڵی پێشتری ئه‌م ڕێژه‌یه‌ 515 ژن بوو.

ئێستا ڕێکخراوی سه‌راسه‌ریی رۆکس بۆ پشتگیری له‌ ژنان و کچانی سته‌ملێکراو، داوای ئاڵوگۆڕ له‌ سیسته‌می وڵاتدا ده‌کا تا پیاوان چیدی نه‌توانن به‌ که‌ڵکوه‌رگرتنی نابه‌جێ لێی، ژنان له‌ سه‌ر ناوی زه‌واج، ڕاکێشنه‌ سوید.