بارودۆخی لیبیا سوید و یه‌کیه‌تیی ئه‌ورووپای نیگه‌ران کردووه‌

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوید داوا له‌ هاوڵاتییانی ده‌کات که‌ گه‌شت بۆ لیبیا نه‌که‌ن، هه‌روه‌ها ڕێنمایی ئه‌و سودییانه‌شی له‌ لیبیان ده‌کرێت که‌ به‌ پێی توانا بگه‌رینه‌وه‌ سوید. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ کۆمپانیای ئێرێکسۆنی ته‌له‌فۆنی له‌ شاری ته‌رابلوسی پایته‌ختی لیبیاوه‌ سبه‌ینێ چه‌ند فڕۆکه‌یه‌ک دابین ده‌کات به‌ڵام خه‌رجی سه‌فه‌ره‌که‌ له‌سه‌ر موسافیره‌کان خۆیانه‌. ئه‌م هۆشدارییانه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌روه‌ی سوید له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ‌ خۆپیشاندانه‌کان گه‌شتوونه‌ته‌ ته‌رابلوس و شاری بنغازیش له‌ ژێر ده‌سه‌ڵآتی حوکوومت ده‌رچووه‌. قوربانییه‌کانی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ش به‌ سه‌ده‌ها که‌س مه‌زه‌نده‌ ده‌کرێت و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید کارل بیلدت نیگه‌رانی خۆی ده‌ر ده‌بڕیت.

- له‌ لیبیا مه‌ترسی و ئه‌گه‌ری داڕمان و تێکچوونێکی وا هه‌یه‌ که‌ ده‌رئه‌نجامی یه‌کجار به‌رفراوانی له‌سه‌ر زۆر ناوچه‌ی تر ده‌بێت ئه‌وه‌ش بێگومان زۆر لایه‌نی نیگه‌ران کردووه‌. که‌ به‌ڕای بیلدت یه‌کێک له‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ شه‌پۆلی کۆچ ده‌بێت به‌ره‌و وڵاتی ئه‌ورووپا. کارل بیلدت ئه‌م لێدوانه‌ی له‌ برۆکسلی پایته‌ختی به‌لجیکاوه‌ پێشکه‌ش کرد که‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی تری وڵاتانی تری یه‌کیه‌تیی ئه‌ورووپادا به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ له‌سه‌ر بارودۆخی باکوری ئه‌فه‌ریقا و گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌کان کۆ ده‌بنه‌وه‌.