سوید بۆ ناردنی فڕۆکه‌کانی بۆ لیبیا چاوه‌ڕێی داوای ناتۆیه‌

هێزی به‌رگری سه‌ربازیی سوید له‌ چاوه‌ڕوانی داوای ناتۆدایه‌ تا فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی (jas- plan) بۆ به‌شداری له‌ لێدانی لیبیا دا بنێرێت، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ وڵاتانی دراوسێی وه‌ک دانمارک و نه‌رویج له‌گه‌ڵ هێرشی ناتۆ بۆ سه‌ر لیبیا له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕابوردوودا به‌شداریی سه‌ربازییان کرد. کارل بیلد ده‌ستخۆشی له‌و هێرشانه‌ ده‌کات و ده‌ڵێت ده‌سه‌ڵاتی قه‌زافی نابێت بمێنێت.

پارته‌ سیاسییه‌کانیش داوای به‌شداری سوید ده‌که‌ن وبه‌رپرسی چالاکی ئاسمانیش له‌ هێزی سه‌ربازی سوید ئه‌نده‌رش سیلڤه‌ر ده‌ڵێت گه‌ر داوای به‌شداریشمان لێ بکرێت ده‌ڕۆژ ده‌خایه‌نێت فڕۆکه‌کانمان بگه‌نه‌ جێ و پێش ئه‌وه‌ش ده‌بێت حوکوومه‌ت بڕیاری له‌سه‌ر دابێت.

ڕۆژی شه‌ممه‌ بوو که‌ هێرشه‌ سه‌ربازییه‌کان دژ به‌ لیبیا ده‌ستییان پێ کرد ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌ دوو ڕۆژ پێشتر له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتتوه‌ه‌کانه‌وه‌ بڕیاری سه‌پاندنی ناوچه‌ی دژه‌ فڕین به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سه‌ند کرا. ده‌ستپێشخه‌ر له‌ هێرشه‌کاندا فڕۆکه‌کانی فه‌ڕه‌نسا بوو که‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید کارل بیلد له‌ ماڵپه‌ڕه‌ ئینته‌رنێتییه‌که‌ی خۆیدا ده‌ستخۆشی لێ کردن.

جگه‌ له‌ کارل بیلدت به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی سوید پشتگیریی له‌ هاوپه‌یمانیی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان دژ به‌ لیبیا ده‌که‌ن و بیلدت ده‌ڵێت هه‌ر ده‌بێت ده‌سه‌ڵآتی قه‌زافی بڕوخێت هه‌رچه‌نده‌ له‌ په‌یماننامه‌که‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشدا باس له‌ لابردنی نه‌کراوه‌ .

 -         نه‌خێر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید کارل بیلد ده‌ڵێت له‌ په‌یماننامه‌ی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کاندا ناتوانرێت شتی وا بنوسرێت ئه‌وه‌ زمانێکی خوازراو نییه‌ له‌ و ڕێکخراوه‌دا. به‌ڵام له‌ یه‌کییه‌تی ئه‌ورووپادا ئێمه‌ ئه‌و داوایه‌ به‌ ئاشکرا ده‌که‌ین و له‌و په‌یماننامه‌یه‌ی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان زیاتر ده‌ڕۆین، بیلد ده‌ڵێت به‌ڵێ ئامانج لابردنی قه‌زافییه گه‌ر نا لیبیایه‌کی نوێی دیموکرات دانامه‌زرێت.

هاوڕای بیلددی مۆدێرات یان ئیلیاسۆنی سۆسیالدیموکرات و کۆنه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێت ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووکان به‌س نییه‌ بۆ چاکسازی لیبیا، ئاخر گه‌ر به‌و په‌یماننامه‌یه‌ بێت ئه‌وا بارودۆخێکی سه‌یر له‌ لیبیا ده‌که‌وێته‌وه‌ هێرشی سه‌ربازی قه‌زافی بۆسه‌ر ئۆپۆزسیۆن ده‌وه‌ستێنرێت و هه‌ر لایه‌کیان واتا حوکوومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن له‌ لیبیادا دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر دوو ناوچه‌ی جیاوازدا واتا بارودۆخیکی وه‌ستاوی نه‌خوازراو دروست ده‌بێت و ده‌سه‌ڵاتی قه‌زافی درێژه‌ ده‌کێشێت، بۆیه‌ به‌ڕای ئیلییاسۆنیش ده‌بێت له‌وه زیاتر بکرێت.

هه‌ڵوێستی سوید هه‌رچییه‌ک بێت و چه‌ند وڵات چووبنه‌ ڕیزی لێدانی سه‌ربازی دژ به‌ لیبیاوه‌ به‌ڵام هه‌ر ده‌بێت لیبییه‌کان خۆیان قه‌زافی بڕوخێنن ئاخر نه‌ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان نه‌ یه‌کییه‌تی ئه‌ورووپا و نه‌ ناتۆ ده‌توانن ئه‌و کاره‌ بکه‌ن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید کارل بیلد ده‌ڵێت له‌وه‌ خه‌ته‌ر تر نییه‌ که‌ وا ده‌ربکه‌وێت وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ وڵاتانی ترن که‌ حوکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی وڵاتێکی ترر ده‌ڕوخێنن، ده‌وری ئێمه‌ ته‌نها پشتگیری ئینسانیی خه‌ڵکی لیبییه‌ و له‌ ناچاریشدا پشتگیری سه‌ربازیی.

به‌لای یان ئیلیاسۆنی سۆسیالدیموکراتیشه‌وه‌ که‌ پێشتر وه‌ک سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی گشتی له‌ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان کاری کردووه‌ ئه‌م هاوکارییه‌ی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌سه‌ر لیبیا له‌سه‌ری پێک هاتوون هه‌نگاوێکی گه‌وره‌‌یه‌ و سه‌رکه‌وتنێکی بێ وێنه‌یه‌ که‌ چاوه‌ڕێی گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی لیبیای لێ ده‌کرێت.

 پارتی گه‌لی لیبراڵ و مه‌سیحییه‌دیموکراته‌کان ڕه‌خنه‌ ئاڕاسته‌ی هه‌ڵوێستی حووکوومه‌تی سوید ده‌که‌ن که‌ به‌ هه‌ڵوێستێکی ساردوسڕ ناوی ده‌به‌ن، ئه‌وان ده‌ڵێن سوید نابێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بێت داوای به‌شداری له‌ هێرشه‌کان دژ به‌ لیبیا لێ بکرێت به‌ڵکه‌ ده‌بێت ڕوون و ئاشکرا خۆی بچێته‌‌ پێش و ئاماده‌یی خۆی بۆ به‌شداری له‌ چاودێری ناوچه‌ی دژه‌ فڕین له‌ لیبیادا ده‌رببڕێت. سۆسیالدیموکراته‌کانیش له‌ زاری وته‌بێژی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یان ئوربان ئالین پشتگری ته‌واوی خۆیان بۆ به‌شداری سوید ده‌ربڕیوه‌ و ده‌ڵێن مادام بڕیاری ناوچه‌ی دژه‌ فڕین له‌لایه‌ن ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ دراوه‌ سوید پێویستی به‌ داوای فه‌ڕه‌نسا و لایه‌نی تر نییه‌ بۆ به‌شداری. هه‌رچی پارتی چه‌پیشه‌ ده‌ڵێن باشتر وایه‌ سوید به‌ هێزی ئاشتی پارێز به‌شداری بکات نه‌ک به‌فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی (jas plan). کاری سوید به‌ ڕای چه‌پ پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و نانه‌وه‌ی دیموکراتییه‌ که‌ له‌ حاڵی حازردا و له‌و هێرشه‌ سه‌ربازیانه‌دا ناتوانرێت ئه‌و ڕۆڵه‌ ببینرێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista