گفتوگۆی گه‌رمی نێوان دوو سه‌رۆکحیزبی سه‌ره‌کیی سوید له‌ په‌رله‌ماندا

ئه‌مڕۆ له‌ دێباتی په‌رله‌مانیی نێوان حیزبه‌ سیاسییه‌کاندا بۆ یه‌که‌م جار سه‌ره‌کوه‌زیر فریدریک ڕاینفێڵد و سه‌رۆکی نوێی پارتی سوسیالدیموکراتی سوید، هۆکان یوهۆڵت که‌وتنه‌ موناقه‌شه‌وه‌.  

له‌وه‌ته‌ی هۆکان یوهۆڵت له‌ 25ی مارسه‌وه‌ بوو به‌ سه‌رۆکی پارتی سوسیالدیموکراتی سوید، ڕاینفێلد هه‌موو جارێ ڕه‌فزی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که‌ له‌ دێباتدا له‌گه‌ڵی به‌شدار بێ. واتا تۆڵه‌ی یۆران په‌ر‌شۆن که‌ وه‌ختی خۆی ڕێک وه‌های له‌ گه‌ڵ کردبوو، له‌ یۆهۆڵتی کرده‌وه‌. یه‌که‌مین قسه‌‌ش که‌ یوهۆڵت‌ له دێباتدا به‌ ڕاینفێڵدی گوت ئه‌وه‌ بوو: ‌سوید خه‌ریکه‌ سارد ده‌بێ! یوهۆڵت باسی ئه‌وه‌ی کرد که‌ زوربه‌ی کاتی خۆی له‌و دوو مانگ و نیوه‌دا وه‌ک سه‌رۆکحیزب بۆ گه‌ڕان له‌ سوید ته‌رخان کردووه‌.

  

یوهۆڵت گوتی: مرۆڤ ده‌توانێ بێژێ که‌ شانازیکردنێک هه‌یه‌ به‌وه‌ی بایخه‌کانی سوید چین و ئه‌م وڵاته‌ به‌ کوێ گه‌یشتووه‌. به‌ڵام هاوکاتیش نیگه‌رانییه‌کی له‌زیادبوونیشدا هه‌یه‌ که‌ ئاخۆ ئه‌م سه‌رما و تووشییه‌ی له‌ کۆمه‌ڵگادا هه‌یه‌ به‌ره‌و کوێمان ده‌با؟ مرۆڤ له‌ خۆی ده‌پرسێ: له‌ فێرگه‌کاندا چی ده‌گوزه‌رێ؟ له‌ فێرگه‌ی منداڵان و نه‌وه‌کاندا چ ڕوو ده‌دا؟ بڵێی تا ته‌مه‌نم ده‌گاته‌ 65 ساڵ، هه‌ر له‌ سه‌ر کار بمێنم؟ ئاخۆ ده‌توانم به‌ پاره‌ی خانه‌نشینی بژیم؟ بڵێی به‌ سه‌ری پیری، وه‌لا بنرێم و به‌ ته‌نیا بمێنمه‌وه‌؟

فرێدریک ڕایفێڵد سه‌رۆکوه‌زیری مۆدێراتیش له‌ دژهێرشێکدا گوتی ئه‌وه‌ی له‌ ئۆپۆزیسیۆندا بیت، شتێکه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ حوکوومه‌تدا بیت و به‌رپرسییت له‌سه‌ر شان بێ، شتێکی دیکه‌یه‌!

  

ڕایفێڵد گوتی هیچ شتێک له‌وه‌ ساده‌تر نییه‌ که‌ سه‌رۆکی به‌رهه‌ڵستکاران بی و به‌ ناو وڵاتدا بگه‌ڕێی و وتار بنووسی و هه‌موو ڕۆژێ و له‌ هه‌موو وتارێکدا و هه‌موو جارێ که‌ خه‌ڵک ده‌بینی به‌ڵێنیی چاکسازیی به‌ میلیاردان بده‌ی. ئه‌مه‌ ساکارترین لایه‌نی ئه‌و کاره‌یه‌. گرفته‌که‌ ئه‌و کاته‌یه‌ که‌ هه‌موو شت گرێ بده‌ی و سامانێکیان بده‌یه‌ی. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له‌ درێژخایه‌ندا ڕێز بۆ پاراستنی به‌رده‌وامی دارایی گشتی بده‌یت.

له‌ چاوپێکه‌وتنی نێوان ئه‌م دوو سه‌رۆکحیزبه‌دا، ڕاینفێڵد زیاتر باسی سیاسه‌تی دارایی و ڕێزگرتن له‌ دارایی گشتی کرد و پاراستنی هێڵی کار (arbetslinjen) به‌ڵام هۆکان یوهۆڵت زیاتر له‌سه‌ر سیاسه‌تی خوشگوزه‌رانی قسه‌ی کرد تا داشکاندنی باج. بابه‌تی هه‌ژاری له‌ ناو منداڵانیش له‌ گفتوگۆی سه‌رۆکاندا وه‌ک پرسێکی گرنگ هاته‌ گۆڕێ.

حوکوومه‌تی هاوپه‌یمانی ڕاست له‌ ناو په‌رله‌ماندا خاوه‌ن زۆرینه‌ نییه‌ و هه‌وڵی ڕێکخراوه‌کانی به‌رهه‌ڵستکاریش، دیاره‌ به‌ پارتی دژه‌بیانیی دیموکراتانی سویده‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌ره‌ڕای یاساگه‌لی وشکی بودجه‌ ئه‌وه‌نده‌ی بۆیان ده‌کرێ نفووز بکه‌ن و پرسه‌کانی بودجه‌ی خۆیان به‌ سه‌ره‌کوه‌زیری نیگه‌ران بقه‌بووڵێنن که‌ ده‌یه‌وێ ڕه‌وتی بودجه‌ له‌ په‌رله‌ماندا هه‌روا بهێڵێته‌وه‌ و زێده‌باییش ڕاگرێ. ئه‌وه‌ش ده‌خوازێ که‌ ته‌نانه‌ت سوسیالدیموکراته‌کانیش پشتی ئه‌م پره‌نسیپانه‌ بگرن. سه‌رۆکوه‌زیر فریدریک ڕاینفێلدیش هه‌ر ئه‌مه‌ی به‌ سه‌رۆکی سوسیالدیمۆکراتان هۆکان یۆهۆڵت گوت.

ڕاینفێلد گوتی وه‌ک سه‌رۆکی حیزبێکی سی له‌سه‌دی، مرۆڤ ده‌توانێ دوو شت باس بکات. یه‌کیان ئه‌وه‌ که‌ به‌رپرسین له‌وه‌ی سوید ئیداره‌ بکرێت. به‌ڵام به‌پرسییه‌کی دیکه‌شمان هه‌یه‌ چونکه‌ سی، په‌نجا نییه‌ و بیستی که‌مه‌. بۆیه‌ ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دی دا هاوکاری بکه‌ین. له‌م ناوه‌دا ده‌بێ ڕێز له‌و ده‌رفه‌تانه‌ بگرین که‌ دامه‌زراون بۆ ئه‌وه‌ی سوید بتوانێ ئیداره‌ بکرێت. من به‌ش به‌ حاڵی خۆم ئاماده‌ی ئه‌و به‌رپرسێتییه‌م.

هۆکان یوهۆڵتی سوسیالدیموکراتیش باسی ئه‌و که‌موکورتییه‌ی کرد که‌ له‌ کۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆی سویددا هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ له‌ فێرگه‌، نه‌خۆشه‌وانی، بازاڕی کار و خانه‌نشینیدا. ئه‌و گوتی ڕێی خوشگوزه‌رانی به‌م بوارانه‌‌دا تێده‌په‌ڕێ نه‌ک به‌ داشکاندنی باجدا.

فرێدریک ڕاینفێڵد وه‌ڵامی دایه‌وه‌ که‌ سوسیالدیموکراتان ئێستا وه‌ک به‌رهه‌ڵستکار گه‌لێ به‌ڵێنی ده‌ده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن ئه‌و به‌ڵێنییانه‌ چه‌نده‌ له‌سه‌ریان ده‌که‌وێ.

ئه‌و ئامارگرتنه‌ی به‌شی ده‌نگوباسی تله‌ڤزیۆنی چوار و نوڤووس کردی، نیشانی دا که‌ سویدییه‌کان زیاتر بڕوایان به‌ قسه‌کاانی ڕاینفێڵدی مۆدێرات هه‌یه‌ تا هۆکان یۆهوڵتی سوسیالدیموکرات. له‌م ناودا ئه‌وانه‌ی به‌ته‌واوی بڕوایان به‌ ڕایفێڵد هه‌یه، 25 له‌سه‌دن و به‌ یوهوڵتیش 6 له‌سه‌د. ‌