کوتانی دژ به‌ شێرپه‌نجه‌ی بۆری منداڵان دوا ده‌خرێت

دیسانه‌وه‌ کوتانی کچان دژ به‌ شێرپه‌نجه‌ی بۆری منداڵان دواده‌خرێت. ئه‌م بڕیاره‌ که‌ ئه‌نجوومه‌نی هه‌رێمه‌کان ڕایگه‌یاندووه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و کێبڕکێیه‌‌یه‌ که‌ له‌ نێوان دوو کارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ده‌رزی کوتانه‌که‌دایه‌، زه‌ره‌رمه‌ند له‌م ناوه‌دا هاوڵاتییه‌ به‌ڕای یۆران خانشتێد له‌ سه‌رۆکایه‌تی کۆمۆن و پارێزگاکانی سویده‌وه‌.

- زه‌ره‌رمه‌ند هاوڵاتییان ده‌شزانم که‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌م یاساڕێژییه‌دا ده‌کرێت یۆران خانشتێد له‌ سه‌رۆکایه‌تی کۆمۆن و پارێزگاکانه‌وه‌ ده‌ڵێ نموونه‌ی له‌م جۆره‌ پرۆسه‌ یاساییه‌ درێژخایه‌نانه‌مان زۆرن و ئه‌مه‌ یه‌که‌م جار نییه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی لێ دێت.           

کێبڕکێکه‌ له‌ نێوان دوو کارگه‌ی جیاوازدایه‌ که‌ دوو جۆر ده‌رزی کوتان دژ به‌ شێرپه‌نجه‌ی بۆری منداڵان به‌رهه‌م دێنن، یه‌کێکیان گارداسیل و ئه‌ویتریان سێرڤاریکسه‌. له‌ یه‌که‌م ڕێککه‌وتندا له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکاندا سێرڤاریکس بردییه‌وه‌ به‌ڵام به‌هۆی چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌کی ئیدارییه‌وه‌ ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌. له‌ ڕێککه‌وتنی دووه‌مدا گارداسیل بردییه‌وه‌ واتا ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکان ده‌رزییه‌کانی کوتان له‌و کارگه‌یه‌ ده‌کڕێت به‌ڵام  ئێستا کارگه‌ی سێرڤاریکس سکاڵای دژ به‌و ڕێککه‌وتنه تۆمارکردووه‌ که‌ به‌و هۆیه‌وه‌ کوتانی کچان دیسان دوا ده‌که‌وێته‌وه‌.

له‌ جه‌نگی نێوان ئه‌و دووکارگه‌یه‌دا کچان ده‌بنه‌ قوربانی له‌ تۆڕی تایبه‌ت به‌ دژ به‌ بۆری شێرپه‌نجه‌ی منداڵان  کاتارینا یوهانسۆن ده‌ڵێت که‌ زۆر تووڕه‌و نیگه‌رانه‌ به‌رامبه‌ر به‌م وه‌زعه‌. 

- نازانم چۆن توڕره‌یی و بێزاری خۆم سه‌باره‌ت به‌م ڕێککه‌وتنه‌ بێ ئه‌نجامانه‌ ده‌ربڕم، کاتارینا یوهانسۆن ده‌ڵێت ئه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌ک ڕێکخراوه‌ سه‌ربه‌خۆکان چه‌ندین ساڵه‌ هه‌وڵ بۆ خستنه‌ کاری ئه‌م کوتانه‌ و ڕزگارکردنی کچان له‌ شێرپه‌نجه‌ ده‌ده‌ین که‌ ده‌بوا له‌ ساڵی 2006 ه‌وه‌ بکه‌وتایه‌ته‌ گه‌ڕ که‌چی دیسانه‌وه‌ کچان له‌ نێو کێبڕکێی ئه‌و دووکارگه‌یه‌دا ده‌بنه‌ قوربانی، مه‌سه‌له‌که‌ش ته‌نها پاره‌یه‌ به‌ڕای یوهانسۆن.

به‌ڵێ بێشک مه‌سه‌له‌که‌ پاره‌یه‌ یۆران خانشتێد له‌ سه‌رۆکایه‌تی کۆمۆن و پارێزگاکانی سویده‌وه‌ هاوڕای کاتارینا یوهانسۆن ده‌ڵێت ئه‌و پاره‌یه‌ی که‌ گره‌وه‌که‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت تا زیاتر بێت پرۆسه‌ی گه‌شتنه‌ ڕێککه‌تنێک درێژتر ده‌بێته‌وه‌.

سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بوو که‌ سه‌رۆکایه‌تی کاروباره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان (Socialstyrelsen) بڕیاری دا که‌ کچانی له‌ دایک بووی 1999 به‌ره‌و ژوور دژ به‌ شێرپه‌نجه‌ی بۆری منداڵان بکوترێن و ئیتر ژیانی سه‌ده‌ها ژن له‌مردن ڕزگار بکرێت. به‌ڵام خستنه‌ کاری بڕیاره‌که‌ له‌ ئه‌ستۆی (Landsting) ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکاندایه‌ که‌ تا ئێستا نه‌گه‌شتوونه‌ته‌ ئه‌نجام و ڕێککه‌و‌تنێکی خوازراو له‌ گه‌ڵ یه‌کێک له‌و دووکارگه‌یه‌ی که‌ ده‌بێت ده‌رزیی کوتانه‌که‌یان لێ بکڕدرێت.

جا ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش واتا گه‌شتنه‌ ئه‌نجام له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌و کارگانه‌دا ده‌کرێت چه‌ندین ساڵ بخایه‌نێت ئاخر یاسایه‌ک هه‌یه‌ له‌ سوید که‌ ڕێ ده‌دات به‌ فرۆشیاران له‌کاتی ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌ستگه‌یه‌کدا سکاڵا دژ به‌و ڕێکه‌وتنه‌ تۆماربکه‌ن که‌ له‌گه‌ڵ کێبه‌رکاره‌که‌یان ئه‌نجام دراوه‌ شه‌ڕه‌که‌ش هه‌مووی له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ کام فرۆشیاره‌ نرخی که‌متر ده‌دا، جا ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌کرێت بێسنوور درێژه‌ بخایه‌نێت.

 ئه‌نده‌رش تێگنێل سه‌رۆک به‌ش له‌ سه‌رۆکایه‌تی کاروباره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌ ده‌ڵێت ئه‌م پرۆسه‌ خاوخلیچکه‌ ژیانی ئه‌و کچانه‌ ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ که‌ له‌ به‌رده‌م مه‌ترسی توشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ی بۆری منداڵاندان و هاوڕای تێگنێل کاتارینا یوهانسۆنه‌ له‌ تۆڕی دژ به‌ شێرپه‌نجه‌ی بۆری منداڵآن که‌ ده‌ڵێت ده‌ستگه‌ به‌رپرسه‌کان ده‌بێت به‌ئه‌رکی خۆیان هه‌ڵسن و داوا ده‌کات به‌ زوترین کات گه‌رنا هه‌ر ئێستا ده‌ست به‌کوتانی کچان بکرێت.