ده‌زگای کۆچی سوید، به‌شێوه‌یه‌کی شیاو له‌گه‌ڵ منداڵانی په‌ناخوازی به‌ته‌نیاهاتوو نا‌جووڵێته‌وه‌

ده‌زگای کۆچی سوید (Migrationsverket) ئه‌مڕۆ له‌ سه‌ر شێوه‌ی مامه‌ڵه‌کردنیان له‌گه‌ڵ کێشه‌ی منداڵان و مێرمنداڵانی په‌ناخوازی به‌ته‌نیاهاتوو، ڕه‌خنه‌ی هاتۆته‌وه‌ سه‌ر. بۆ نموونه‌ لێپرسینه‌وه‌کان به‌‌بێ به‌شداریی پارێزه‌ر ده‌کرێن له‌حاڵێکدا که‌ ئه‌و قسانه‌ی له‌وێ ده‌کرێن وه‌ک به‌ڵگه‌ی ڕه‌فزی داواکانیان به‌کار ده‌برێن. ئه‌م لێپرسینه‌وانه‌ش پاش ئه‌وه‌ی منداڵی ته‌نیای په‌ناخواز، ماندوو و هیلاکه‌ و به‌ هۆی سه‌فه‌ری ناخۆش و ڕێگه‌ی دوور زۆرجار ته‌رکیزیشی نییه‌. به‌شی ده‌نگوباسی که‌ناڵی سێی رادیۆ سوید له‌گه‌ڵ چه‌ند پارێزه‌رێک قسه‌یان کردووه‌ که‌ ده‌ڵێن ده‌زگای کۆچ، که‌ڵک له‌و شه‌که‌تییه‌ی منداڵان ده‌کا و به‌مه‌ست وا ده‌کا تا ئیزنی مانه‌وه‌یان نه‌داتێ.

زۆربه‌ی جاران ئه‌م لێپرسینه‌وانه‌ کورتماوه‌ن به‌ڵام دیسانیش ده‌بنه‌ بنه‌ما بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئیزنی مانه‌وه‌ی ئه‌م په‌ناخوازه‌. هه‌رچه‌ند ده‌زگای کۆچ، ئه‌مه‌ به‌ گرفت دانانێ و ده‌ڵێ لێپرسینه‌وه‌ی به‌ربڵاوتر، دواتر هه‌ر ده‌کرێ.