به‌شێکی به‌رچاوی مه‌حکه‌مه‌کان له‌ سوید هه‌ڵده‌وه‌شێنرێنه‌وه‌

له‌ سوید له‌هه‌ر چوار مه‌حکه‌مه، یه‌کیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌کێ له‌ لایه‌نه‌کان نایه‌ن و به‌شداری نابن، هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ خه‌رجێکی زۆر ده‌خاته‌ سه‌ر ده‌ستی ده‌وڵه‌ت و له‌ڕاستیدا ‌خه‌ڵکی باجده‌ر.

ئاماری ده‌زگای دادگه‌‌کانی سوید (Domstolsverket) که‌ له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆی ڕۆژنامه‌ی مێترۆدا چاپ کراوه‌ باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ ساڵی ڕابردوو نزیکه‌ی 18770 مه‌حکه‌مه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ 24 له‌سه‌دی گشت مه‌حکه‌مه‌کانه‌ که‌ له‌ ساڵدا گیراون. ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌ ستۆکهۆڵم له‌وه‌ش زیاتر بووه‌ و گه‌یشتۆته‌ 29 له‌سه‌د.

به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرتێک که‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی حیسابڕه‌سیی سوید (Riksrevisionen) بۆ ساڵی 2010 بڵاوی کردۆته‌وه، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ر مه‌حکه‌مه‌یه‌ک له‌ ڕۆژی گیرانیدا 11 هه‌زار کرۆنی خه‌رج هه‌یه‌ و به‌وه‌ بێت ئه‌وا ساڵی رابردوو سه‌رجه‌م زیاتر له‌ 200 میلیۆن کرۆن پاره‌، له‌و باجه‌ی خه‌ڵک داویه‌تی له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌‌ی ئه‌و دادگایانه‌ چووه‌. ‌