هێشتاش خێزانه‌ په‌ناخوازه‌کان له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانیان لێک داده‌بڕێن

نوێنه‌ری پرسی منداڵان Barnombudsmannen فرێدریک مالمبه‌ری ده‌ڵێت ئه‌م پرسه‌ به‌ پێی پێویست گرنگی پێ نه‌درا، ئێمه‌ نه‌مانده‌ویست که‌ خێزانه‌کان به‌م شیوه‌یه‌ له‌ یه‌ک دابڕێن و ناچاربن منداڵه‌ ساواکه‌یان لێره‌ به‌جێ بهێڵن  تا له‌ وڵاتی خۆیانه‌وه‌ دووباره‌ داوای ئیقامه‌ت بکه‌ن و بگه‌ڕینه‌وه‌‌ بۆ سوید.

بۆ پێشگیریکردن له‌ لێکدابڕانی خێزان، ساڵی 2010 هه‌ندێک ڕێساکان ئاسانتر کران، ئیتر دوای ئه‌وه‌ هه‌ندێک که‌س توانیویانه‌ له‌ سوێده‌وه‌ داوای مانه‌وه‌ بکه‌ن و ئیقامه‌ته‌که‌یان پێ دراوه‌، به‌ڵام هێشتاش که‌سانێکی زۆر بێ جوابن و ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاته‌کانی خۆیان و له‌وێوه‌ داوای ئیقامه‌ت بکه‌ن، یه‌کێک له‌وانه‌ ئایان عه‌لی موحه‌مه‌ده‌ که‌ وه‌ڵامی ڕه‌تی وه‌رگرتووه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سوێد له‌گه‌ڵ هاوژینه‌که‌ی و منداڵه‌ 9 مانگه‌که‌ی بژی ده‌بێت بگه‌ڕیته‌وه‌ بۆ جبوتی له‌ ئه‌فریقا.

ئه‌و که‌سه‌ی که‌ له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندیی خێزانه‌وه‌ داوای ئیقامه‌ت یان مافی مانه‌وه‌ ده‌کات ده‌بێت له‌ وڵاتی خۆیه‌وه‌ ئه‌و‌ داواکارییه‌ بکات، به‌ڵام ڕێساکان هه‌ندێک ئاسانتر کران تاکوو ئه‌م خێزانانه‌ لێک دانه‌بڕێن و هه‌ر له‌ سوێده‌وه‌ جوابی داواکارییه‌کانیان ده‌درایه‌وه‌ به‌ڵام هێشتا هه‌ندێک مه‌رج هه‌ن که‌ ده‌بێت پڕ بکرێنه‌وه‌، بۆ نموونه‌ نابێت که‌سی داواکار به‌ نایاسایی له‌ سوێد مابێته‌وه‌ و به‌ڵگه‌ی ناسنامه‌که‌ی کاتی به‌سه‌ر نه‌چووبێت. به‌ڵام ڕیسا سه‌ره‌کییه‌که‌ی که‌ ده‌بێت له‌ وڵاتی خۆته‌وه‌ داوای ئیقامه‌ت بکه‌ی نه‌گۆڕاوه‌، تاکه‌ مه‌به‌ستێک لێره‌دا ته‌نها چاکه‌ی منداڵه‌که‌‌یه‌ له‌ به‌ر چاو ‌گیراوه‌.‌ ئه‌مه‌ به‌ بۆچوونی  Andreas Ollinen شاره‌زای بواری سیاسی له‌ لای وه‌زیری کۆچ توبیاس بیلسترۆم

ئایان عه‌لی موحه‌مه‌د له‌ ئه‌گه‌ڵ هاوژینه‌که‌ی به‌ ڕه‌سمی ئیزدواجی نه‌کردووه‌ بۆیه‌ ناتوانێت له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ داوای مافی مانه‌وه‌ بکات، ته‌نانه‌ت له‌ ڕیگه‌ی منداڵه‌ 9 مانگه‌که‌شیه‌وه‌ ناتوانێت، چوونکه‌ له‌ یاسای بیانیاندا Utlänningslagen  هاتووه‌ که‌ منداڵ وه‌کو که‌سی نزیک نابینرێت، ته‌نها ژن و مێرد ده‌توانن له‌ ڕێگه‌ی یه‌کتروه‌ داوای مافی مانه‌وه‌ بکه‌ن، Carl Bexelius له‌ ده‌زگای کۆچ ده‌ڵێت بێشک هیچ په‌یوه‌ندییه‌ک له‌ هی منداڵ و دایک و باوک بته‌وتر نییه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگه‌ی مندڵه‌که‌ته‌وه‌ مافی مانه‌وه‌ی ئێره‌ت بدرێتێ ده‌بێت یه‌کگرتنه‌وه‌که‌ له‌ وڵاتی خۆت بێت.

به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ ئایان عه‌لی موحه‌مه‌د کارێکی ئاسته‌مه‌ چوونکه‌ ئه‌و ده‌بێت له‌ وڵاتی خۆی ڕوبه‌ڕوی تۆڵه‌ستاندنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌کی بێته‌وه‌ چوونکه‌ منداڵه‌ 9 مانگه‌که‌ی ئه‌و غه‌یره‌ شه‌رعییه‌ و هاوژینه‌که‌شی قه‌ومیه‌تێکی دیکه‌ی هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر بێت و ته‌نانه‌ت ئه‌م کاره‌ش بکات و بگه‌ڕیته‌وه‌ جبوتی ئه‌وا ئه‌و منداڵه‌که‌ی له‌ باوکی دور ده‌خاته‌وه، به‌ بۆچوونی ‌نوێنه‌ری پرسی منداڵان فرێدریک مالمبه‌ری ئه‌مه‌ هیچ له‌ قازانجی منداڵه‌که‌ نییه‌، ئه‌و منداڵه‌ بێتاوانه‌ ده‌بێته‌ قوربانیی داواکارییه‌که‌ی دایک و باوکی، بۆ منداڵی ئاوا ساواش چه‌ند مانگێک ماوه‌یه‌کی دوور و درێژه‌ و ده‌توانێت ده‌رئه‌نجامی خراپی لێ بکه‌وێته‌وه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش حکومه‌ت به‌ نیازی هیچ گۆڕانکارییه‌ک له‌ یاسادا نییه‌ و ئایان عه‌لی موحه‌مه‌دیش ده‌بێت چاوه‌ڕێی پۆلیس و ده‌رکردن بێت.