مەترسیی نەخۆشیی ئا.دێ.هۆ.دێ لەو منداڵانەی لە کۆتایی ساڵدا لە دایک بوون زیاترە

لە دەرخستنی نەخۆشیی ئەو منداڵانەدا کە لە مانگەکانی کۆتایی ساڵدا لە دایک بوون دەرکەوتووە کە ئەوان زۆرتر لە منداڵانی تر تووشی نەخۆشیی ئا.دێ.هۆ.دێ دەبن. ئەمە ئاماری دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری کۆمەڵگا (Socialstyrelsen) یە کە لەسەر ئەرکی ڕۆژنامەی داگێنزنیهێتر دەریخستووە.

ئا.دێ.هۆ.دێ نەخۆشییەکی تەشویشی هەڵسوکەوتە و نەخۆشەکە کەمسەرنج و پڕچالاکە. واتا درەنگ شت فێر دەبێ و هاوکات یەکجار یەکجار چالاکیی لەشیی زۆرە. ئەم دیاردەیە زۆرتر لە خولی سەرەتایی فێرگە‌ی منداڵان و لە کاتی باڵغبووندا روو دەدات و بە هەڵکشانی تەمەن، باشتر دەبنەوە. نزیکەی ٣ تا ٥ لەسەدی منداڵانی خوار حەوت ساڵ مەترسیی تووشبوونیان هەیە.

ئەگنێتا هێلستروێم سەرۆکی بەشی ناوەندی ئا.دێ.هۆ.دێ کە خولی تایبەتی پەروەردە بۆ بنەماڵەکان دادەنێ پێی وا نییە کە ئەو منداڵانەی درەنگانی ساڵ لەدایکبوون زۆرتریش تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن. بەڵکوو بەپێچەوانەوە ئەو منداڵانەی لە مانگەکانی سەرەتای ساڵدا لەدایک دەبن، کەمتر لەوانی‌تر تووش دەبن!

بۆ ئەو کوڕانەی لە مانگی دێسەمبەردا لە دایک بوون، مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشییە ٣٤ لەسەد زۆرترە لەو منداڵانەی لە شەشمانگی یەکەمی ساڵدا لەدایک بوون. ئەم دیاردەیە بۆ کچانیش هەر وایە بەڵام جیاوازییەکەی کەمتر لە هی کوڕانە. لێکۆڵینەوە لە تۆمارکرانی دەرمانیشدا هەر ئەو ئەنجامە نیشان دەدات.

بیۆرن کادێخوێ سەرپزیشکی دەروونناسیی عەسەبیی منداڵان لە نەخۆشخانەی منداڵانی (Drottning Silvia) و نەخۆشخانەی مێرمنداڵانی یۆتێبۆری دەڵێ بەشێکی دیاگنۆسەکانی ئا.دێ.هۆ.دێ لە پێنەگەییویی منداڵان دەکەوێتەوە:


ـ ژمارەکان نیشان دەدەن کە ئەو منداڵانی درەنگوەختی ساڵ لە دایک بوون ناسکترن و بەتەواوی پێنەگەیشتوون. ئەمە لە توانایی زمان و تێگەیشتن لە شتدا خۆ دەردەخات. ئەمەش کارتێکەریی لە سەر پەروەردەیان لە فێرگە و هەرێمی دەوروبەریان دادەنێ.

بیۆرن کادێخوێ هاوکات ڕەخنە لە فێرگەکان دەگرێ کە پێویست نەبوو ئەم هەمووە گرفتەیان لە فێرگەدا هەبێت ئەگەر هاتبا و فێرگەکان بە زانیاریی پێشوەخت لەم نەخۆشییە، لەگەڵ ئەو منداڵانە هەڵسوکەوتی شیاوی کردبایە. یەکێ لەو گرفتانەی کادێخوێ باسی دەکات ئەوەیە کە ئەو منداڵانەی درەنگانی ساڵ لەدایکبوون و هێشتا هەر کاڵن کاتێ بۆ یەکەمجار دەچنە فێرگە، زیتر لەمە بەردەکەون.



منداڵانی لەدایکبووی درەنگوەختانی ساڵ کە لەچاو منداڵانی سەرەتای ساڵ بەتەواوی پێنەگەیون، لەگەڵ فێرگە و مەرج و داواکارییەکانی تووشی کێشە دەبن. دیارە لەم ناوەدا بۆ کچان هەندێ جیاوازە چون ئەوان زووتر لە کوڕان پێدەگەن.

پێشنیازی بیۆرن کادێخوێ ئەوەیە کە ئەو منداڵانەی درەنگوەختی ساڵ لەداایک دەبن با درەنگتریش مەکتەب دەست پێبکەن.

بیۆرن کادێخوی ڕای وایە ئەم ئەنجامەی لە ئامارەکان دەرکەوتووە گەلێ سەرنجڕاکێشە بەتایبەت کە بە ئاشکرا جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە تواناییە جیاوازەکانی منداڵان دەبێ زیاتر لە جاران بە هیند بگیرێن و کاریان بۆ بکرێ. ئەو دەڵێ ئەمە سیگناڵێکی بەهێزی وریاییدانە کە دەبێ وامان لێبکات ئەوەندەی دیش بیر لە پێداویستیی منداڵان بکەینەوە و بە گوێرەی توانستیان لەگەڵیان ڕووبەڕوو بینەوە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".