دامەزرێنرانی فێرگەی عیراقی لە سوید زۆری ڕێ تێناچێ

پێشنیازی حوکوومەتی عیراق بۆ دامەزراندنی فێرگەی سەرەتایی لەلایەن حیزبە سیاسییەکانی سویدەوە پێشوازیی لێنەکرا و هەر دوو لایەنی چەپ و راست (سوسیالدیموکرات و مودیراتان) بە لەمپەری سەر ڕێی هاوگونجی (ئینتگراشوون)یان دانا.

لەم هەفتانەی دواییدا باڵوێزی عێراق لە سوید بەرنامەی خۆی لەسەر دامەزراندنی فێرگەیەکی عیراقی هەروەک فێرگەی ئەڵمانی و فەرانسەوی لە ستۆکهۆڵم پێشکەش کرد.حوسێن ئەلعامری باڵوێزی عیراق لە سوید بە هەواڵنێری رادیۆی نێونەتەوەیی سویدی گوت کە فێرگەی وەها قوتابییە عیراقییەکان تەیار دەکا بۆ ئەو کاتەی دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. چون بەشێکی زۆریان گەلێ بە عەرەبییەکی خراپ قسە دەکەن.

ئەلعامری دەڵێ: گەلێ لەو عیراقییانەی لێرە لە سوید دەژین دەیانەوێ منداڵەکانیان زمانی زگماک فێر بن. ئەمە زۆر پێویستە کە منداڵان کەلەپووری فەرهەنگی و زمانی خۆیان بپارێزن. هەروەها زۆرن ئەو بنەماڵە عیراقییانەی دەیانەوێ ئێستا یا دواتر بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

فێرگەکان لە پلەی یەکەمدا بەرەو ڕووی ئەو قوتابیانە دەبنەوە کە داهاتووی خۆیان لە عیراقدا دەبیننەوە. پاتریک لێڤین سەرۆکی بەشی پەروەردە لە دەزگای دەوڵەتیی پشکنەری فێرگەکان دەڵێ هێشتا هیچ داواکارییەکی ڕەسمی لەمبارەوە بە ئێمە نەگەیشتووە و پرسەکە هەر وەک ئەگەر و ئەمما باسی لێوە دەکرێت. بۆ ئەوەی فێرگەی عیراقی لە سوید بەراستی سەر بگرێ ئەوا پێویستە هەندێ مەرجی تایبەتیی تێدا بێت، بۆنموونە گرووپی ئامانجی فێرگە نێونەتەوەییەکان منداڵی دیپلۆماتان و ئەو منداڵانەن کە بۆ ماوەیەکی کورت لە سوید دەژین. بۆیەش پاتریک لێڤین گومانی هەیە کە منداڵانی سویدی کە رەگ و پاشخانی عیراقیان هەیە بکرێ لەم چوارچێوەیەدا بگونجێنرێن. فێرگەی عیراقی هەروەها دەبێ لەگەڵ ڕێساکانی سویدیشدا خۆی هاوئاهەنگ بکات.

ـ بێت و ئێمە فێرگەی ئەڵمانی بە نموونە بێنینەوە ئەوا ئەوان بەپێی بەرنامەی پەروەردەی وڵاتەکەی خۆیان دەرس دەخوێنن و زمانی سەرەکییان ئەڵمانییە. کەچی دواتر دەبێ خۆیان هەندێ لەگەڵ یاسا و ڕێساکانی سوید بگونجێنن و ئەم بایخە بنەڕەتییانەی ئێمە لێرە هەمانە رەچاو بکەن و ئەو ئامانجە گشتییە بپێکن کە لە بەرنامەی خوێندن و وپەروەردەی وڵاتی سویددا هەیە.

باڵوێزی عیراق لە سوید حوسێن ئەلعامری ئەم خۆگونجاندنە بە گرفت نابینێ و دەڵێ فێرگە سویدی و عیراقی لە بناغەدا لەیەک دەچن هەرچەند لە وردەکاریدا لەیەک جودان.

ئەلئامری ژمارەی عیراقی و عیراقڕەگەزانی نیشتەجێی سوید بە ٢٥٠ هەزار کەس مەزەندە دەکات  و دەڵێ یەکێ لەو هۆیانەی کە خەڵک دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ عیراق ئەوەیە کە کەسانی کەمدەرسخوێندوو لێرە ـ لە عیراق ـ دەرفەتی کارکردنیان زیاترە.

مارگارێتا پۆلسۆنی مودێراتیش کە سەرۆکی کومیسیۆنی پەروەردەی پەرلەمانی سویدە جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە تەنیا کاتێ دەکرێ بە وردی باسی ئەم پرسە بکرێ کە داواکارییەکە بەڕێکرابێ دەنا تا ئەو دەم هەر شتی گشتییە دەکرێ مرۆڤ لێوەی بدوێ. کەچی ئەو دڵی بەوە خۆش نییە کە منداڵانی عیراقیرەگەز پێویست بەوە بکات لێرە بچنە فێرگە بۆ ئەوەی فێری عەرەبی بن!

ـ ئەوەی ئامانجی ئێمەیە ئەوەیە کە هەوڵ بۆ هاوگونجی (ئینتگراشوون) بدەین. هەوڵ بدەین بیانیان زووتر فێری زمانی سویدی بن، زوتر بێنە ناو بازاڕی کارەوە، ئەو منداڵانەی لە وڵاتێکی دیکە لە دایک بوون بێنە ناو سیستەمی پەروەردەی سویدییەوە و زووتر فێری زمانی سویدی بن بۆیە ئێمە ئیزن نادەینە کەسێک کە دژی ئەم ئامانجەی ئێمە ڕاوەستێ.

مارگرێتا پۆلسۆن لەگەڵ ئیبراهیم بایلان، قسەبێژی سوسیالدیموکراتان لە پرسی پەروەردەدا هاوڕایە کە بە ڕۆژنامەی پەرلەمان و وەزارەتخانان ـ Riksdag & Departement ـ دەڵێ کۆمەڵگایەکی یەکگرتوو پێویستە بتوانێ لەدەوری زمانێکی هاوبەشدا و فێرگەیەکی هاوبەشدا کۆببێتەوە.

مارگرێتا پۆلسۆن هەر پێی وا نییە کە بکرێ فێرگە‌ی عیراقی لەگەڵ ئەم فێرگە نێونەتەوەییانەی لە سوید هەن هەڵبسەنگێنرێن، بەتایبەت ئەم فێرگانەی پەروەردەکەیان بە ئینگلیزی نییە.

ـ یەکەم ئەوەی کە ژمارەی ئەم قوتابیانە زۆر نین. هەروەها خەڵکی وا لە سوید هەن کە بێجگە لە سویدی بەزمانێکی دیکە قسە ناکەن. دیارە بۆیان ڕاحەتترە کە لە وڵاتێکی‌تری ئەورووپاییدا بە ئینگلیزی کاروباری خۆیان بکەن هەتا ئەوەی تەنیا بە عەرەبی ئەو کارە بکەن!


فێرگە سەرەتاییەکان لە سوید:

(سەرچاوە: دەزگای فێرگەکان، یەکێتیی سەراسەریی فێرگە ئازادەکان، یاسای فێرگەکان)
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ـ فێرگە سویدییەکان دەکرێ لە لایەن کۆمۆنەکانەوە ئیدارە بکرێن یا خود ئازاد بن. زوربەی فێرگە سویدییەکان لە سوید سەر بە کۆمۆنەکانن.

ـ فێرگە سەربەخۆکان بۆ هەموو کەس ئازادن و پەروەردەکەیان دەبێ هاوشانی ئەوە بێ کە لە فێرگەی سەر بە کۆمۆندا دەگوترێتەوە. فێرگە سەرەتاییە سەربەخۆکان دەبێ بەرپرسێکی خاوەنیان هەبێ کە دەتوانێ شیرکەت بێ، ڕێکخراوێک یا خود کۆمەڵەیەک. فێرگەئازادەکان لە لایەن کۆمۆنەوە یارمەتیی ئابووری دەدرێن و مافی وەرگرتنی پارە لە خوێندکارانیان نییە.
ـ ئەو منداڵانەی ماوەیەکی کورتتر لە سوید دەژین دەتوانن پەروەردەی خۆیان لە فێرگەیەکی نێونەتەوەییدا ببینین. لە سوید نۆ فێرگەی نێونەتەوەیی هەیە. بۆ قەبووڵکرانی فێرگەی وەها لە سیستەمی پەروەردەی سویددا پێویستە کە خوێندنەکە هاوشانی هەمان خوێندی فێرگەی سەرەتایی سویدی بێت، نەک لەگەڵ ڕێساکانی دەزگای خوێندندا بکەوێتە ناکۆکییەوە. فێرگەکە دەبێ زانیاریی پێویست بخاتە بەردەم قوتابییەکە تا لە داهاتوودا بۆ خوێندن لە وڵاتی خۆیدا کارئاسانیی بۆ بکات. وەک نموونە منداڵی کارمەندانی باڵوێزخانە و توێژەرانی بیانیی میوان.
ـ فێرگەیەکی نێونەتەوەیی لە سوید مافی ئەوەی نییە یارمەتی لە کۆمۆن وەربگرێ بەڵکوو دەبێ دەوڵەت ئەم کارە بکات و پەسندکرانی ئەوەش ڕەوتی تایبەتیی خۆی هەیە.
ـ هەرچەند لە ڕاستیدا فێرگە نێونەتەوەییەکان تەنیا بۆ ئەو قوتابییانەن کە بە شێوەیەکی کاتی لە سویدن بەڵام خوێندکاری واش هەن کە لێرە لە سوید نیشتەجێن و ڕێژەشیان یەکجار لەوانی‌تر زۆرترە. کەچی بێت و فێرگەیەک خوێندکاری نیشتەجێی سویدیش وەربگرێ ئەوا دەبێ بۆ ئەم کارە حوکوومەت ئیزنی بدات.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista