ڕێسای مۆڵەتی کار بەر لە هاوگونجی کرێکاری بیانی دەگرێت

ئەو کەسانەی بە مۆڵەتی کار دێنە سوید دەکەونە بەر مەترسی ئەوەی کاریان دەست نەکەوێت دەرئەنجام ناتوانن لەگەڵ کۆمەڵگەی سویدیدا بگونجێن، زۆرێک لەو کەسانەشی تا ئێستا بە مۆڵەتی کار هاتوونەتە سوید پاش تەواو بوونی ماوەی مۆڵەتەکەیان ناچار دەگەڕێنەوە ئەو وڵاتەی لێوەی هاتوون. ئەمە لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستووە. لیسا پێللینگ بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکەیە و بەڕێوەبەری تۆڕی ڕاسازیی (Global Utmaning)ە.

-  ژمارەیەکی یەکجار کەم توانیویانە مۆڵەتی مانەوە کاتییەکەیان درێژ بکەنەوە. تەنها لەسەدا 15ی ئەو کەسانەی وەک دەستی کار هاتوونەتە سوید توانیویانە دوای دوو ساڵ مۆڵەتی مانەوەکەیان درێژ بکەنەوە. لیسا پێلێنگ بەڕێوەبەری تۆڕێکی ئینتیەرنێتی ڕاسازیی سەربەخۆیە بەناوی (global utmaning) ئامانج لەو تۆڕە کاریگەرییە لەسەر ڕای گشتی و گۆرێنەوەی ڕاوبۆچوونی جیاوازە یەکێک لەو پرسانەی ئەو تۆڕی ڕاسازییە  لێی دەکۆڵێتەوە پرسی کۆچە. لەو لێکۆڵینەوە تایبەتەیاندا کە لەسەر پرسی دەستی کاری بیانی دەرەوەی وڵاتانی یەکییەتی ئەورووپا سازیان داوە دەرکەوتووە کە ئەو پەناخوازانەی بەمەبەستی کار دێنە سوید وەک پێویست کاریان دەست ناکەوێت و داهاتووشیان لە سویددا نادیارە.

ساڵی 2008 بوو حوکوومەت ڕێساکانی کۆچی وا گۆڕی کە ئیتر دەرگای بەڕووی پەناخوازیی بەمەبەستی کار کردەوە. بەو شێوەیە لەو کاتەوە خاوەنکاران بەئاسانی دەتوانن داوای دەستی کار لەدەرەوەی وڵاتانی یەکییەتی ئەورووپا بکەن. جا لەو کاتەوە بۆ هەر ساڵێک نزیکەی 15000 مۆڵەتی کار دراوەتە کەسانی بیانی. هەرچەندە زۆربەی مۆڵەتەکان بۆ ماوەی کورت دراون بەڵام مۆڵەتی دوو ساڵیشی تێدا بووە کە دوای دووساڵەکەش درێژ کراوەتەوە، ئەو کەسەشی بۆ ماوەی چوار ساڵ مۆڵەتی بۆ درێژ کرابێتەوە دوای ئەوە مۆڵەتی مانەوەی یەکجاری وەرگرتووە.

بەڵام بەپێی ئەولێکۆڵینەوە نوێیە زۆر کەس نامێننەوە و دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە پەناخوازان لە چاوەڕوانی مۆڵەتی مانەوەدا هەست بە ناسەقامگیریی دەکەن.

- ئینسان ئارەزوومەندی لەسەر فێربوونی زمانی سویدی کەم دەبێت و خواستی دابینکردنی شوێنی مانەوەی نامێنێت لیسا پێللین دەڵێت ئەو پەناخوازانە باکیان بە تێگەشتن لە کۆمەڵگای سویدیی نییە، ئاخر مرۆڤ کە مۆڵەتی نەبێت هەست بە ناجێگیریی دەکات و سەرمایەگوزاری لەسەر ئەو کۆمەڵگە نوێیە ناکات.

 لە مێژووی کۆچی سویددا وا باو بووە کە ئەو پەناخوازەی بە مۆڵەتی کار دێتە سوید مۆڵەتی هەمیشەیی وەردەگرێت، بەپێچەوانەی وڵاتانی تری یەکییەتی ئەورووپا کە بۆماوەیەکی کورت کەسانی بیانی وەک دەستی کار وەردەگرن واتا پەناخواز وەک کرێکارێکی میوان دێتە ئەو وڵاتانە کە دەرئەنجام لە لایەن خاوەنکارەوە خراپ کەڵک لە هێزی کاریان وەردەگیرێت. ئێستا وەختە لە سویدیش وای لێ دێت و ئەو کەسەی بە مۆڵەتی کار هاتۆتە سوید وابەستەی خاوەنکارەکەی دەبێت تا ماوەی مۆڵەتەکەی بۆ درێژ بکاتەوە. ئەم حاڵە ناجێگیری و نادڵنییایی لە سیستێمەکەدا دەنێتەوە. بەڕای پێللینگ.  

 جێی وەبیرهێنانەوەیە بەپێی ئەو ڕێسا نوێیەی کۆچ کە لەساڵی 2008 ەوە پەیڕەوی دەکرێت خاوەنکار دەتوانێت داوای دەستی کاری بیانی لەدەرەوەی وڵاتانی یەکیەتیی ئەورووپا بکات کرێکاری بیانی لە وڵاتی خۆیەوە داواکاری دەنێرێتە ئەو خاوەنکارەی پێویستی بە هێزی کارە. مەرجی مۆڵەتی کاریش وایە کە ئەو کەسەی گرێبەستی کارەکەی بۆ دەنوسرێت دەنێت لەماوەی مانەوەیدا لە سوید دەبێت بژێوی و جێی ژیانی خۆی دابین بکات. مۆڵەتەکە بۆ ماوەی دوو ساڵە و بواری درێژکردنەوەی هەیە، لەدوای چوار ساڵ مۆڵەتی کار دەتوانرێت داوای مۆڵەتی مانەوەی یەکجاری بکرێت.

جێی ئاماژەیە ئەم ڕێسایە تەنها کەسانی دەرەوەی وڵاتانی یەکییەتی ئەورووپا دەگرێتەوە.        

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".