Åsa Romson och Gustav Fridolin miljöpartiets språkrör. Foto: Erik Mårtensson/Scanpix.

فێرگای ئازاد یەکێک لە پرسە گرنگەکانی کۆنگرەی ژینگەیە

پارتی ژینگە ئەمڕۆ کۆنگرەی پارتەکەیان لە شاری ئومیۆ دەست پێ دەکەن، جگە لە پرسی ژینگە فێرگای ئازاد و قازانج یەکێک لەو پرسانەیە کە چاوەڕێ دەکرێت بە گەرمی باسی لێبکرێت. زۆرێک لە ئەندامان پێشنیازی قەدەغەکردنی کەڵەکەکردنی قازانجیان لە فێرگا ئازادەکاندا کردووە بەڵام سەرۆکایەتی پارتەکە ڕێکارێکی نەرمتریان گرتووە و گوستاڤ فریدولین یەکێک لە وتەبێژانی پارتەکە پێی وایە کە سیستێمێکی نوێ پێویستە کە چۆنییەتی لەبەر قازانج بگرێت.  

-  پێم وانییە قەەدەغەکردنی قازانج ڕێگەیەکی کاریگەر بێت، لەبەرامبەردا پێویستمان بە سیستێمێکە کە بەر لە کەڵەکەکردنی قازانج لەسەر حسابی چۆنییەتیی خوێندن بگرێت، گوستاڤ فریدولین یەکێک لە وتەبێژانی پارتی ژینگە دەڵێت دەبێت مەرجی ڕوون و ئاشکرا بۆ لەبەرگرتنی چۆنییەتی خوێندن لەسەر ئەو فێرگایانە دابنرێت. هەوڵی ئەوە بدرێت کە هەموو فێرگاکان دەستگەیەکی پشکنینی چالاکیان هەبێت چونکە لە حاڵی حازردا ئەو دەستگەیە لە فێرگاکاندا کەموکورتی تێدایە.  

جگە لە پرسی فێرگای ئازاد هەڵبەت پرسی ژینگە باسێکی گرنگی کۆنگرەکەیانە و سکرتێری پارتی ژینگە ئەندەرش ڤالنەر ڕەخنە دەگرێت و دەڵێت  حوکوومەت پەیمانەکانی سەبارەت بە سیاسەتی تایبەت بە ژینگە و کەمکردنەوەی ئاستی دەرچە ژینگەشێوێنەکان بەجێ نەهێناوە.

-  شتێکی سەیر ئەوەیە کە ساڵی 2010 ئاستی دەرچەی ژینگەشێوێن زیادی کردبوو ئەمە لەکاتێکدایە کە گفتوگۆیەکی سیاسی بەردەوام لە ئارادایە و هاوڵاتییانیش سەبارەت بە پرسی ژینگە و دەرئەنجامەکانی گوێپێنەدانی ژینگە زۆر هۆشیارن. ئەندەرش ڤالنەر دەڵێت هەرچەندە حوکوومەت شانازی بەوە دەکات کە گرنگی بە پرسی ژینگە داوە بەڵام کەموکورتییەکی زۆری هەیە.    

 هاوکات لەگەڵ کۆنگرەکەیاندا پارتی ژینگە بەنیازە هەڵمەتێکی تایبەت بۆ هۆشیارکردنەوە لەسەر گۆڕانکارییەکانی ژینگە ساز بدات، بەو هیوایەن لەگەڵ 250 هەزار کەسدا لەو بارەیەوە بدوێن و ئەو هەڵمەتە پێشنیازی کۆنکرێتیی وای لێبکەوێتەوە کە لە ئاستی کۆمۆن و پارێزگاکاندا بۆ پرسی ژینگە کاری پێ بکرێت. هەروەها ژینگە بەو نیازەن ڕێگای هاتووچوی شەمەندەفەر نوێ بکرێتەوە ئەمە جگە لە نوژەنکردنەوە و نوێکاری لە ناوچەکانی ناوبراو بە پرۆگرامی ملیۆنی، بۆ نموونە گەڕەکەکانی تێنستا و رینکەبی.

  هەر لەگەڵ دەستپێکردنی کۆنگرەکەی ژینگەوە  پرسێکی گەرمی تر پێکهێنانی هاوپەیمانی و بەشدارییە لە حوکومەتدا. ئەمە لە کاتێکدایە کە پارتی ژینگە لە پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی  2010ەوە هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەل بەرەی سەوزوسوور کۆتایی پیهێناوە و تا ئێستا پەیامێکیان سەبارەت بە هاوپەیمانی نوێ لەگەڵ هیچ بەرەیەکدا ڕانەگەیاندووە، بەڵام وتەبێژی دووەمی ژینگە ئۆسا رۆمسۆن وەک زۆرینەی تری ئەندامانی ژینگە پێیان وایە کە باشتر وایە پارتەکە بە هیچ  جۆرە هاوپەیمانییەک پێش هەڵبژاردن نەبەسترێتەوە. بەڵام ئەوەی کە لە پێکهێنانی حوکوموومەتی داهاتوودا لەگەڵ کام حیزب و لایەن ڕێک دەکەون سکرتێری ژینگە ئەندەرش ڤالنەر دەڵێت ئێمە لەگەڵ حوکوومەتێکدا هاوپەیمان نابین گەر خۆمانی تێدا نەبین و ئەو حوکوومەتەش دەبێت حوکوومەتی زۆرینە بێت و چیتر لەگەڵ پێکهێنانی حوکوومەتی کەمینەدا نین.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".