wêne: Lars Pehrson/Scanpix

دەزگای کۆچ: گەلێ کەم لەو پەناخوازە کەمتەمەنانەی بەتەنیا دێنە سوید، دواتر خزم و کەسانیان ڕادەکێشنە ئێرە

تەنیا یەک لەو دە منداڵەپەناخوازانەی لەم ساڵانەی دواییدا بەتەنیا هاتوونەتە سوید ، ئەندامانی بنەماڵەکەیان دوای خۆیان ڕاکێشاوەتە سوید، ئەمە ئاماری دەزگای کۆچ نیشانی دەدا کە لە سەر ئەرکی ڕادیۆی سوید پێشکەش کراوە.

نەخێر ئەو وێنەیەی دەدرێ و دەگوترێ کە ئەو منداڵە کەمتەمەنانەی بەتەنیا دێنە سوید بۆ بنەماڵە و خزم وکەسانیان دەبنە لەنگەر و دواتر ئەوانیش ڕادەکێشنە سوید، وێنەیەکی ڕاست نییە. چون تەنیا لە دە منداڵی بەتەنیا هاتوو تاکەکەسێک ئەم کارەی کردووە و ئەمە ئەم وێنەیە پشتڕاست ناکاتەوە کە جاروبار لە دێباتەکاندا لەمبارەوە دراون. ئەوەی کە بنەماڵەکان منداڵانەکانیان پێشتر دەنێرن تا دواتر ئەندامانی بنەماڵەکەشی بەدوایاندا بێنە سوید، ئەوەش بە پاساوی پێککەیشتنەوەی بنەماڵەیی و هاوپێوەندیی لەگەڵ منداڵەکە کە بە سویدی پێی دەگوترێ (anknytning till barnen). هەر بۆیەش ئەو منداڵانە بە منداڵانی لەنگەر ناودێر دەکران (ankarbarn).

ترێسوور کاییرا کوڕیژگەیەکی خەڵکی کۆنگۆیە و نزیکەی شەش ساڵ لەوەپێش دوای کوژرانی دایک و باوکی بەتەنیا هاتە سوید. ئەو دەڵێ مرۆڤ دوو بژاردەی هەیە: یا چیدی بیر نەکاتەوە و خەون نەبینێ بۆ ئەوەی سکی بەخۆی نەسووتێ، یا خود تەرکیز بکاتە سەر ئەوەی چ بۆی باشە، هەرچەند تاک و تەنیاش بێ!

بەگوێرەی یاسا گەلێ لەو منداڵ و مێرمنداڵانەی بەتەنیا هاتوونەتە ئێرە مافی ئەوەیان هەیە کە دایکوباوکیان یا خود خوشکوبرایان لەسەر ناوی کۆچی خزموکەسان (anhöriginvandrare) ڕابکێشنە لای خۆیان. بەشی ناوەندیی دەنگوباسی ڕادیۆی سوید لەوەی کۆڵیوەتەوە کە لە ڕاستیدا چەند کەس وەهایان کردووە؟

لەم نزیکەی ٤٢٠٠ مێرمنداڵەی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٠دا بەتەنیا هاتبوونە سوید و ئیزنی مانەوەیان درابوویێ، تەنیا دە لەسەدیان دایکوباوک و خوشکوبرایان هێناوەتە ئێرە کە سەرجەم دەبنە ١١٣٠ کەس. لەم ڕێژەیەدا ئەوانەش حیساب کراون کە بۆ زەواج لەگەڵ ئەو کەسە پاش گەیشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵەی یاسایی، هێنراون بۆ ئێرە.

سیاسەتمەدارانی کۆمۆنەکان وێنەیەکی دەسکردی خۆیان لەم ئارێشەیە هەیە و بەم منداڵ و مێرمنداڵانە دەڵێن ئانکاربارن واتا منداڵانی لەنگەر. سەرۆکی پێشووی دەزگای پۆلیسی سەراسەریی سوید و سەرۆکی بەرێی ئەنجومەنی پارێزگای ئوێستریوێتلاند، بیۆرن ئێریکسۆن کە لەساڵی ٢٠١٠دا لەسەر ئەرکی حوکوومەت لە شێوەی وەرگیرانی پەناخوازانی کەمتەمەن لە کۆمۆنەکانی کۆڵیبۆوە، لە ڕاپۆرتی کۆتایی خۆیدا نووسیویەتی کە هەندێ نەرێتی نوێ خوڵقاون و کێشەی منداڵانی لەنگەر، بەڕاستی گەلێ جیددییە.

ئێریکسۆن دەڵێ هەرکات لەگەڵ بڕیاردەرانی سیاسی دەدوای یا ئەو کەسانەی لەم سیستێمەدا کاریان بەدەست بوو، بۆت دەردەکەوت کە بۆچوونێک هەبوو دەیگوت ئەوە منداڵانی لەنگەرن ئەم کێشەیەیان خوڵقاندووە. واتا منداڵان هاتوونەتە ئێرە تا دواتر بەجۆرێک لە جۆران خزموکەسەکانیان ڕاکێشن.

بیۆرن ئێریکسۆن دەڵێ هەستی ئەوەت هەبوو کە جاروبار ئەمە وەک بەڵگەهێنانەوەیەک بەکاردەهێنرا بۆ ئەوەی لەبەرامبەر وەرگرتنی پەناخوازی بەتەنیاهاتوو هەڵوێست نەگرن، یان کوو بەڕاستی هیچیان لێ نەدەزانی.

تەنانەت رۆننی ماگنوسسۆنیش کە لە دەزگایا کۆچدا لەسەر پرسی منداڵانی بەتەنیاهاتوو و مێرمنداڵان کار دەکا لە قسەکردنی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی هەندێ کۆمۆندا هەستی بەو هەڵوێستگرتنە کردبوو. ئەو دەڵێ ئەمە وەک بەڵگەیەک دەهێنرێتەوە کە ئەو منداڵانە تەنیا بۆ ئەوە دێنە ئێرە تا دواتر دایکوباوکیان ڕاکێشن. بەڵام ئێمە ئەوە وەدرۆ دەخەینەوە و دەڵێن وا نییە. لەگەڵ کۆمۆنە‌کەی دراوسێت بدوێ کە چەند ساڵە ئەم منداڵانە وەردەگرێ. ئەم وێنەیەی داوتانە راست نییە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".