wêne: Bertil Ericson/Scanpix

حوکوومەت بۆ نیشتەجێکردنی بنەماڵەی کۆچبەران یارمەتیی کۆمۆنەکان نادا بنەماڵەی کۆچبەران نیشتەجێ بکەن

دادگەی کۆچی سوید لە سەرەتای ئەمساڵدا بڕیارێکی دا کە هەزاران سوومالیی نیشتەجێی سویدی هیوادار کرد کە لەگەڵ بنەماڵەکەیان یەک دەگرنەوە. واتا هەزاران کەس لە بنەماڵەکەیان دێن و لە سوید ئیزنی مانەوە وەردەگرن. کەچی ئەو کۆمۆنانەی خەڵکی سوومالیان لێ زێدەن نیگەرانییەکی زۆر لەسەر ئەو خەرجە زۆرەی دەخرێتە دەستیان هەیە هاوکات کە لە حوکوومەت تووڕەن کە بڕیاری داوە جارێ هیچ پشتیوانییەکی ئابووری لەمبارەوە بە کۆمۆنەکان نەکات.

ڕادیۆی نێونەتەوەیی سوید سەردانی دوو کۆمۆنی بوورلێنگێ و ڤێکخوێی کردووە. سەرەتای ئەم گەشتەش لە گەڕەکی شەرنای بوورلێنگێوە دەستی پێکرد کە گەلێ سوومالیایی لێدەژین!

ـ ئێمە ئێستا لە شەرناین. ئێرە فێرگەیەکی سەر بەم گەڕەکەیە و نزیکەی ٨٠ لەسەدی قوتابیانی بیانیڕەگەزن.

خەڵکێکی زۆری تازەهاتوو لێرە دەژین و زوربەشیان خەڵکی سوومالیان. ئەو هیوایەی دڵی خەڵکی بە لکێنرانەوە بە بنەماڵە خۆش کردووە بۆتە جێ گفتوگۆی زۆربەیان. یەکیان سالاد هیسە کە دوو ساڵە لە بنەماڵەکەی دوورە. ئەو دەڵێ من خۆم هاتمە ئێرە، هەر خۆم. لێرەش بەتەنێ دەژیم و بنەماڵەکەم لە ئەفریقا ماونەتەوە. ئێستاش هیوادارم کە بتوانن بێن و لێرە لە سوید بژین. 

دەرفەتی یەکگرتنەوە لەگەڵ بنەماڵە وای کردووە کە بەجێی پێناسە دەبێ تاقیکاریی دی‌ئێن‌ئا لە خەڵک وەربگیرێ تا هاوبنەماڵەبوونیان بسەلمێنێ. چون زۆر کەسی سوومالی پێناسەیان نییە. دەزگای کۆچ بەراوردی کردووە کە لە ماوەی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوودا نزیکەی ٢٠ هەزار کەس لەو ناوەدا وەک کەسانی ئەو پەنابەرانە بهێرێنە سوید.

سالاد هیس ژن و کچێکی هەر ئێستا لە کامپالا لە ئوگاندا دەژین و چاوەڕێی هاتنن بۆ سوید. ئەو دەڵێ ژیان بە بێ بنەماڵە زۆر دژوارە. بەبێ ژن و منداڵ. هەمیشە هەر لە بیریان دای. ئەوان بە تەنیا لە ئەفریقا دەژین و تۆش بە تەنێ لە سوید.

کەچی هێنانی کەس و بنەماڵەی پەنابەران بۆ سوید مەرجێکی زۆر دەخاتە سەر شانی ئەو کۆمۆنانەی وەریاندەگرن. بوورلێنگێ لە ئێستاوە نیگەرانیی ئابووریی لێ پەیدابووە، بەتایبەت کە لەم چەند ساڵەی دواییدا خەرجی یارمەتیی سوسیالی یەکجار زۆر بووە (socialbidragskostnader) و ئێستاش چاوەڕێیە خەرجییەکانی دیسان بۆ نموونە بۆ ماڵ‌پەیداکردن و فێرگەی ئەو کەسانە، ئەوەندەی دیش بەرزبێتەوە. نیلس گۆسساس ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی لە پارتی ژینگە دەڵێ ئەوەی نازانین ئەو کەسانە کەنگێ دێن کاری خۆئامادەکردنیشی زۆر لێ زەحمەت کردووین.

ئەو زێدە دەکا و دەڵێ لەوانەیە ئەو کەسانە هەموو لە ماوەیەکی کورتدا بێنە سوید و ئەمە بەڕاستی مەرجێکی یەکجار دژوار دەخاتە سەر هەموو ڕێکخستەکانی بوورلینگێ، تەنانەت مەرجی گەلێ گەورە و گرانی ئابووریش دەخاتە سەر کۆمۆن.

ئەو توێژینەوەیەی رادیۆی نێونەتەوەیی سوید لە نێوان ٣٠ کۆمۆنی وڵاتدا کە بیانیانی بەڕەگەز سووومالیایی لێ زۆرە کردوویەتی نیشان دەدات کە نیگەرانیان لەمبارەوە زۆرە. حەفتا لەسەدیان نیگەرانی ئەوەن کە ئاخۆ دەتوانن خانوویان بۆ پەیدا کەن. نەوەد لەسەدیان وەڵامیان دایەوە کە ئەو پارەیەی دەوڵەت دەیانداتێ بەشی هەموو ئەو خەرجییانە بکات. حەفتا لە سەدیان گومانیان لەوە هەبوو کە ئەو ماڵانەی کۆمۆن خاوەنێتی بەش بکات و گەلێ کۆمۆنیش لەسەر ئەم بڕوایەن کە یارمەرتییەکانی دەولەت زۆر کەمە و بەشی ئەم هەمووە خەرجە ناکات.

نیلس گۆسساس ئەندامی بەڕیوەبەرایەتیی کۆمۆن دەڵێ نیگەرانی ئەوەیە کە دەرچوە زۆرەکانی کۆمۆن لەوانەیە مەترسیی خوڵقانی کەشێکی دژەبیانیشی لێبکەوێتەوە.

ئەو دەڵێ: ئەو بۆچوونە هەردەم بەڵگەی دژی هێنانی پەنابەر دێنێتەوە. زۆر جاریش دەپرسن خەرجییەکان ئەم کارە چەندن. دیارە ئەوەش زۆر ئاسان نییە بەڵام زۆر روونە کە لە سەرەتادا خەرجییەکی باش دەخاتە سەر دەست.

بەڵگەکەی تر کە دەیهێننەوە ئەوەیە کە کاروباری چاوەدێریی پزیشکی و لەشساغی، فێرگە و چاوەدێریی بەساڵداچووان تووشی ئاستەنگی دەکات و بەداخەوە هەرواشە. جا بێت و دەوڵەت بەرپرسیی خۆی وەرنەگرێ و بە شێوەیەکی بیرمەندانە یارمەتیمان نەدات ئەوا بۆچوونی وەها گەشە دەسێنن.

٤٠٠ کیلۆمەتر دووتر لە بوورلێنگێ، شاری ڤێکخوێ بە خۆی و زانکۆ بەناوبانگەکەی و چالاکییە پیشەسازییەکانییەوە هەڵکەوتووە. لێرەش هەروەک بوورلێنگێ بەراورد دەکرێ کە بەمزووانە گەلێک کەس و بنەماڵەی پەنابەرانی بێتێ. بوو فرانک ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکەی ڤێکخوێ دەڵێ من لە راستیدا هیچ گرفتێک لەوەدا نابینم کە خەڵک ڕێگەی ژیانی خۆی لە سویددا بدۆزێتەوە تەنانەت بێت و ئەمە بۆ ئەوانەی پاشخانی خوێندنیان نەبێ کاتیش بخایێنێ. من ئەمە بەر لە هەموو شت بە گرفتی ئابووریی کۆمۆنەکە دادەنێم. دەنا پێم وایە دەتوانین بە شێوەیەکی باش ئەم خەڵکانە لە کۆمۆنەکەماندا وەرگرین.

بوو فرانک زۆر نیگەرانی ئەوە نییە کە کەمبوونی ئیمکانات ببێتە هۆی خوڵقانی بۆچوونی دژەبیانی، بەڵام هاوکات باس لە مەترسیی بەرزبوونەوەی باج یا داشکاندن لە خەرجییەکی‌تری پێویست دەکات. مەترسییەک کە لە بوورلێنگێش هەیە. ئەوەی فرانک دەهەژێنێ بێدەنگیی حوکوومەت لەو پێناوەدایە. ئەو دەڵێ ئەوەی زۆر ناخۆشە ئەوەیە کە حوکوومەت شان ناداتە ژێر باری بەرپرسیی ئابووری و تاکە کرۆنێک لەو خەرجییە نادات و هەر هەمووی دەخاتە سەر ئەستۆی کۆمۆنەکانەوە.

ئەو کۆمۆنانەی وەک ڤێکخوێ و بوورلێنگێ لە بیدەنگی و خۆلێبێخاوەنکردنی پرسە ئابوورییەکە دڵمەندن یەکجار زۆرن. ئێریک ئوللنهاگ وەزیری کۆچی سوید دەڵێ ئێمە خەریکی چاوخشاندنەوەین بەم بڕیارەی خۆماندا. ئەو دەڵێ چۆنەتیی چارەکردنی ئەم پرسە لە بودجەی داهاتوودا بیری لێدەکرێتەوە. بەڵام ئەوەی من بە کۆمۆنەکانیشم گوتووە ئەوەیە کە بێت و ئەوان بە شێوەیەکی باش ئەو کەسانە وەربگرن ئەوا قەرەبوو دەکرێنەوە.

دیارە کاتێ پرسی قەرەبووکردنەوە دێتەوە گۆڕێ با وەبیرمان بێتەوە کە هەمیشە لەسەری لە نێوان حوکوومەت و کۆمۆنەکاندا کێشمەکێش هەیە.

عەبدی ـ نوور موحەمەد نووسەر و چالاکی کۆمەڵەی سوومالییەکان لە ڤێکخوێ بە شێوەیەکی چالاک خەریکی ئامادەکارییە بۆ هێنانی سوومالییە نوێیەکان بۆ سوید و یارمەتیدانیان بۆ جێگیربوونە. ئەو دەڵێ سوومالییەکان لە لایەن کۆمۆنەوە پێشوازی دەکرێن بەڵام نیشتەجێبوون، هاوگونجی، دۆزینەوەی کار و خوێندیان کارێکی دووسەرەیە و دەبێ هەم خۆیان بیکەن و هەمیش کۆمۆن بەهانایانەوە بێت.

عەبدی ـ نوور موحەمەد زیاد دەکا و دەڵی هەرچەند ئیمکانات زۆر گرنگن بەڵام تەحومولکردن بڕیاردەری سەرەکییە بۆ پێکەوەژیان. بۆیەش دەبێ دوو لایەنی سویدی و تازەهاتووان لێرە لە ڤێکخوێ یەکتر ببینن. لە ناوەندی تایبەتی ژوان و چاوپێکەوتن کە لەلایەن کۆمۆنەوە ئامادە دەکرێن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista