Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på https://kundo.se/org/sverigesradio/

باری ناهەمواری فێرگەکانی سوید

بڵاو کرایه‌وه‌ fredag 1 juni 2012 kl 10.12
ڕەوشی خراپی فێرگەکانی سوید
5:27 min
wêne: Pontus Lundahl/Scanpix

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی پشکنەری حوکوومەت بۆ کاروباری فێرگەکاندا کە ئەمڕۆ پێشکەش بە حوکوومەت دەکرێ وێنەیەکی ڕەش لە فێرگەکان ـ لە چاو ئەوەی کە دەبێ ببێت ـ دەدرێتە دەست. بۆ نموونە لەهەر دە قوتابی یەکیان دەترسێ کە بچێتەوە فێرگە، زیاتر لە هەزار قوتابی بە بێ بەڵگەی دەرچوون لە تەنانەت تاکە‌ وانەیەکدا پۆلی نۆ بەجێ دێڵن، گەلێ پرۆژەی چارەکاریش بەرپرسی دەخەنە سەر شانی قوتابیان، نەک سیستەمی پەروەردە و بەرپرسانی فێرگە.

سەرۆکی پشکنەرانی پشکنەری حوکوومەت بۆ کاروباری فێرگەکان، ئان ـ ماری بەگلەر دەڵێ کە بەشێک لە سیاسەتوانانی خۆجێیی ئاستی وەرگیرانی نمرەی دەرچوونیان بۆ گشت فێرخوازان تەنانەت وەک ئامانجیش بۆ خۆ دانەناوە.

ـ ئێمە سیاسەتوانانی ئاستی کۆمۆنەکانیش دەبینین کە وەک ئامانج ئەوە دادەنێن کە ٨٠ لەسەدی قوتابیان دەبێ بەڵگەی تەواو وەربگرن بەڵام دانانی وەها ئامانجێک یانی چاوەڕوانیی کەم لە قوتابیان و لە کارمەندانی فێرگەکانیش.

ئان ماری بەگلەر درێژە دەدا و دەڵێ ئەمە زۆر نابەجێیە کە وەها ئامانجێک دیاری بکەیت هەم لەبەر ئەوەی هەموو قوتابییەک مافی ئەوەی هەیە بگاتە ئاستی نمرەی قەبووڵی، هەم ئەوەی لە ڕاستیدا هەموو قوتابییەک دەکرێ یارمەتی بدرێ نمرەی قەبووڵی وەربگرێت.

ڕاپۆرتی ساڵانەی پشکنەری حوکوومەت بۆ کاروباری فێرگەکان (Skolinspektionen) ئەو فاکتا و دەلیلهێنانەوانەشی گرتۆتە خۆی کە باس لەوە دەکەن بۆچی گەلێ فێرگە ئەوەندە هەڵە و کەمایەسییان تێدایە، دیارە لە بەراورد لەگەڵ ئەوەی یاسای فێرگەکان بۆ دەرچوونی هەر هەموو قوتابییەک لە هەموو وانەکاندا داوای دەکات.

ساڵی ڕابردوو ١٠٧٥ قوتابی پۆلی نۆیان بەجێهێشت بەبێ ئەوەی لە تاکە وانەیەکیشدا نمرەی قەبووڵی وەربگرن. چەند سەد قوتابییەکیش لە پۆلی حەوت و هەشتدا فێرگەیان بەجێ هێشت. لە گوێن ڕاپۆرتەکە ئەنجامەکانی ئەم کارە، دژواری و دەردەسەریی خودی قوتابییەکانی لێدەکەوێتەوە وەک زەحمەتیی وەدەستخستنی کار، هەروەها مەترسیی یەکجار زۆری تووشبوون بە نەخۆشیی دەروونی.

  

ژمارەی ئەو قوتابیانەی ناگەنە ئاستی خوێندنی ناوەندی، هەموو ساڵێ هەر دێ و زێدەتر دەبێت. پرۆگرامەگانی چارەسەری هەر لەوە دەدوێن کە قوتابییەکە خۆی و بنەماڵەکەی دەبێ چی بکەن. ئەوەی قوتابخانەکە دەبێ چی بکات زۆرجار هەر لە کوولەکەی‌تەڕیشدا نییە.

نیوەی ئەو مامۆستایانەی لێیان پرسراوە دەڵێن کە قوتابیی وا هەن کە پێویستییان بە پشتگیری هەیە بەڵام نایاندرێتێ. لێرەدا ئەوە بەڕێوەبەر و بەرپرسانی فێرگەن کە هۆکاری ئەم کەمتەرخەمییەن و ئەرکی خۆیان بەجێ ناگەیێنن.

لەلایەکی‌ترەوە کەمایەسییەکان لە بواری بەرگری بە سووکایەتی‌پێکردندا زۆر بەربڵاون. لە هەر دە قوتابییەی یەکیان دەترسێ بچێتەوە فێرگە و لە سێیان یەک دەڵێن هاوفێرگەکان دژی یەکتر بە توندوتیژی ڕەفتار دەکەن بەبێ ئەوەی گەورەسالان چ کاردانەوەیەک لە خۆ نیشان بدەن. پشکنەری فێرگەکان لەسەر ئەم باوەڕەیە کە مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی فێرگە لە جیاتی ئەوەی گرفتی سووکایەتی و ئازاردرانی قوتابیان بە هیند بگرن، ئەوا تاوانەکە دەخەنە سەر قوتابیان خۆیان.

زوربەی خوێندنەکانی ئاستی سەرەتایی، ناوەندی و گەورەساڵان ئەنجامێکی گەلێ خراپیان نیشان داوە. پشکنەرانی حوکوومەت لە بواری فێرگەدا ڕەخنە لە مامۆستایان دەگرن کە لە قوتابییەکاندا هیچ هێزێکی پاڵپیوەنەر بەدی ناکەن و وانەکان وەها سادە دەکەنەوە کە هیچ هۆگرییەک بۆ خوێندن لە قوتابیدا ناورووژێنن.

ئان ـ ماری بەگلەر بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای پشکنەرانی فێرگە دەڵێ کاتێ لە قوتابییەکانمان پرسی زۆریان دەیانگوت مامۆستایان پێیان وا نییە ئێمە شتێکی وا بزانین و زوربەیان مەرجی زۆر کەممان لەسەر دادەنێن. دیارە لە بارودۆخێکی وەهادا قوتابییەکە هان نادرێ شتێک فێر بێ. بڕوای نزم، ئاکامی نزمیشی لە فێربوونی زانیاری لێدەکەوێتەوە.

ڕاپۆرتەکە بەگشتی لە گرفتی زۆری فێرگەکان دەدوێ و وێنەیەکی ڕەش لە خوێندن لە سوید بەدەستەوە دەدات. بەڵام هەموو شت لە هەموو شوێنیکدا وەها خراپیش نییە. ئان ـ ماری بەگلەر دەڵێ فێرگەی وا هەن کە هەموو قوتابیانی سەرکەوتوو بوون و گەیشتوونەتە فێرگەی ناوەندی و لەوێوە دەتوانن خۆ بگەیێننە بازاڕی کار یا ئەگەر بیانەوێ خوێندنی باڵاتر. کەشێکی زۆر لەباری خوێندن و فێرگەی باش. دیارە فێرگەکان دوو بەش کراون: فێرگەی زۆر باش و هی زۆر خراپیش.

Fråga
بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".