wêne: Erik Mårtensson/Scanpix

سووریا لە ناوەندی گفتوگۆکانی ئەمریکا و سویددا

ڕۆژی ڕابردوو هیلەری کلینتۆن وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەردانێک هاتە ستۆکهۆڵم و بۆ نموونە چاوی بە فرێدریک راینفێڵد سەرۆکوەزیر و کارل بیلد وەزیری دەرەوە کەوت. بەشێکی بەرچاوی گفتوگۆکانیش لەسەر ڕەوشی سووریا بوو.

کلینتۆن لە کۆنفرانسی چاپەمەنیی دوای گفتوگۆکان لە شوێنی پەرلەمانی سویددا گوتی ئێمە لە‌سەر مەحکوومکردنی بەشارەلئەسەد و سەرکوتکاریی سیستەماتیکیی ڕژێمەکەیدا هاودەنگین و بەتوندی پشتیوانی لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتەدا دەکەین کە داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵکەکەی بێنێ.

کلینتۆن هەروەها گوتی کە ئەو درەنگانی شەوی شەممەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ گفتگۆیەکی هەبووە و لەسەر ڕێچارەیەک وەک ئەوەی لە یەمەن کرا بیروڕایان گۆڕیوەتەوە.

لە مۆدێلی یەمەندا سەرۆککۆمار عەلی عەبدوڵڵا ساڵح وازی لە پۆستی خۆی هێنا و لەبەرامبەریدا چاوپۆشی لە مەحکەمەکردنی کرا. هیلەری کلینتۆن گوتی ئەو حەز دەکا ئەم ڕێچارەیە لە سووریاش هەر جێبەجێ بکرێ و تاووتوێ بکرێ.

فرێدریک ڕاینفێلد سەرۆکوەزیری سویدیش لەسەر ئەم تراژیدیایەی لە سووریا بەردەوامە دوا و گوتی ڕاگرتنی ئەو توندوتیژییەی لەم وڵاتەدا بەڕێوەیە پێویستییەکی خێرایە. ئەویش بەڕێی کردەیەکی هاوبەشی نێونەتەوەیی بۆ وێنە گەمارۆدانانە سەر ئەم وڵاتە. هەروەها جیهان دەبێ لە گەیاندنی یارمەتییەگەلی مرۆڤانە بە خەڵکی ئەم وڵاتە هەنگاوی خێرا باوێژێ.

کلینتۆن هەروەها گوتی چارەسەری لە سووریا دەبێ ڕێز لە مافی گشت گرووپەکان بگرێت: سوننیەکان، شیعەکان، عەلەوییەکان، درووزییەکان، کوردان، فەڵەکان، ژنان و هەموو خەڵکی سووریا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی زۆرینەن یا خود نا.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista