Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på https://kundo.se/org/sverigesradio/

چوار گومانلێکراوە سویدییەکە سزای زیندانییان وەرگرت

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 4 juni 2012 kl 10.13
Jyllands-Postens redaktion i Köpenhamn. Foto: Niels Hougaard/Scanpix.

ئەو چوار گومانلێکراو سویدییەی بە ئامانجی هێرشی تیرۆریستی دژ بە ڕۆژنامەی (Jyllands-posten) چوبوونە  دانمارک لەلایەن دادگای دانمارکییەوە هەر یەکەیان بە 12 ساڵ زیندانی حوکم دران و لە دوای تەواوکردنی حوکمەکەیان لە دانمارک وەدەر دەنرێن. حوکمی دادگا لەسەر ئەو زانیاریانە بەند بووە کە دەستگەی پۆلیسی ئاسایشی سویدی (Säpå) لە دەرئەنجامی گوێگرتنی نهێنی لە پەیوەندییەکانی ئەو چوارکەسەوە دەستی کەوتبوو.

جێی باسە دادوەری گشتی داوای 16 ساڵ زیندانی بۆ مونیر زاهیر سەرپەریشتیکاری ئەو پلانە داوا کرد بوو، بۆ مونییر عواد و عومەر عەبدوڵاش 14 ساڵ و ساحب زەلوتی داوای 14-16 ساڵ زیندانی بۆ کرا بوو.

حوکمی دادگا لەسەر ئەو زانیاریانە بەند بووە کە دەستگەی پۆلیسی ئاسایشی سویدی (Säpå) لە دەرئەنجامی گوێگرتنی نهێنی لە پەیوەندییەکانی ئەو چوارکەسەوە دەستی کەوتبوو.

بەپێی تۆماری ئەو دەنگانە کە پاشان دراونەتە دادگای دانمارکی ئەو چوار کەسە پلانی ئەوەیان داناوە کە هێرش بکەنە سەر ڕۆژنامەی(Jyllands-posten) و لە کۆپەنهاگنی پایتەختی دانمارک و خەڵکی بکوژن. ئەم کارە ساڵی 2010 پۆلیسی ئاسایشی سویدی پێیان زانی و هاوڕێکانیان لە دانمارک ئاگادار کردەوە. هەر لەو کاتەوە ئەو چوار کەسە زۆر بە ووردی لە ژێر چاودێریی پۆلیسدا بوون تا ئەو کاتەی لە مانگی دێسەمبەری 2010 دا سیانیان لە کۆپەنهاگەن دەستگیر کران و چوارەمیان لە گەڕەکی یارفێللا (Järfälla) لە ستۆکهۆلم گیرا.

پلانی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ئەو ڕۆژنامە دانمارکییە بەپێی دادگا لە تۆڵە سەندنەوە بووە لەو ڕۆژنامەیە کە ساڵی 2005 کاریکاتێری تەنزئامێزی سەبارەت بە موحەمەد پێغەمبەری موسوڵمانان بڵاو کردبۆوە. بەپێی پۆلیسی دانمارکی هێڕشی تیرۆریستی ئەو چوار کەسە بەماوەیەکی کەم پێش ئەنجامدانی بەری پێ گیرا. لەگەڵ دەستگیرکردنیشیاندا چەک و تەقەمەنی دەستبەسەرا گیراون.

هەر لەو پێوەندەدا ڕەخنەیەک هاتووەتە گۆڕێ ئەویش ئەوەیە کە بەگشتی پرۆسەی دادگایی کردنی ئەو چوارکەسە تا ئێستا لەلایەن مێدیاکانی سویدەوە بێباکانە بووە Magnus Sandelin ڕۆژنامەوان وشارەزای پرسی سیاسەتی توندڕەویی یەک لە ڕەخنە گرانە.

- ئەو گومانانەی لەو چوار کەسە کراون تاوانی یەکجار ترسناکن ئەو کەسانەش سویدین و لە نێو کەشێکی بارگاوی بە ئایدیۆلۆجیادا دانیشتون وهەستاون. گەر هاتباو ئەو پلانەیان ئەنجام بدایە وەک ئەوەی خۆیان ئامانجیان بوو ئەوا دەرئەنجامی گەورەی لێ دەکەوتەوە.

ماگنوس ساندێلین ڕۆژنامەوان و خاوەنی سێ کتێبە لە بواری پرسی سیاسەتی توندڕەویی ڕەخنە لە ڕۆڵی مێدیای سویدی دەگرێت کە گرنگییان بە درێژەی هەواڵی ئەو چوار کەسە نەداوە تا دادگایی کردنەکەی ئەمڕۆ و باس لە هەندێک لەو هۆکارانەش دەکات کە ڕەوتی مێدیاکانی لەو باسە دوورخستۆتەوە.

 -    هۆکارێک ئەوە بوو کە لەگەڵ پرۆسەی دادگایی کردنی ئەو چوار کەسە دادگایی کردنی ئەندەرش برێڤیک واتا ئەنجامدەری قەسابخانەکەی نەرویج بەڕێوە دەچوو بەڵام ئەمە بیانوو نییە بۆ گرنگی نەدان بە دادگایی کردنی ئەو چوار کەسە لە دانمارک، ساندێلین دەڵێت بە پێچەوانەوە دەبوا گرنگییەکی زیاتری پێ بدرێت چونکە هەردوو تاوانەکە دەچنە یەک خانەوە، جا ئەگەر بیانوویەکی تر ئەوە بێت کە ئەو چوار کەسە کارە تیرۆریستییەکەیان ئەنجام نەداوە بەراورد بە برێیڤیک ئەوەشیان لە جێی خۆی نییە چونکە گەر ئەو دادگایی کردنە لەلایەن مێدیای سویدییەوە ڕابگەیەنرایەت ئەو زانیاریی زیاتر سەبارەت بە جۆرە تاوانانەن و ئەو کەشەی تاوانی وا بەرهەم دێنێت ڕوونتر دەبۆوە بەتایبەت بۆ ڕۆژنامەوانان. کەواتە میدیاکان شانسێکی باشیان لە دەست خۆیان دا بەڕای ساندەڵین، ئەو هەرەوەها ئاماژە بەوە دەدات کە ڕاستە ئەو کارە تیرۆریستییەی ئەو چوار کەسە بەنیازی بوون نەگەشتە قۆناغی ئەنجامدان و بەپێێ زانیاری پۆلیسی ئاسایشی سویدی سێپۆ 200 کەسی ئیسلامیی توندڕەو لە سویددا هەن بەڵام گەر نیازی تاکە کەسێکیان بێتە دی ئەوا دەرئەنجامی کارەساتاوی لێ دەکەوێتەوە. بۆ نموونە ئەو کارە تیرۆریستییەی لە دێسەمبەری 2010ستۆکهۆلم ڕوویدا.

ئەو چوار کەسەشی لە دانمارک دادگایی کران لای پۆلیس ناسراو بوون و چەند جارێک دەستگیر کرابوون، سێ کەس لەو چوارە پێشتر چووبوونە پاکستان و لەلایەن ڕێکخراوێکی تیرۆریستییەوە ڕاهێنانی سەربازییان پێ کرابوو. جا پۆلیسی سویدی ئەم جۆرە کارانە نیگەرانیان دەکات و لە حاڵەتی ئەم چورا کەسەدا نیگەرانییەکەیان لەجێی خۆیدابوو بەڕای ماگنوس ساندەلین.

جا مێدیای سویدی دەبێت سەبارەت بەم جۆرە کەسانە ڕاپۆرت بدات تا زانیاریی خەڵکی سەبارەتیان و دەربارەی ئەو کەشەی تێیدا گەشەدەکەن زیاتر بێت. ساندێلین دەڵێت ئەویش بەو ئامانجەی کە بەر بەو جۆرە تاوانانە بگیرێت و پێشداوەرییەکان لەسەر موسوڵمانان کەم بکرێتەوە، ئاخر ئاسانە گفتوگۆکان لەسەر ئەم جۆرە کەس و تاوانانە وایان لێبێت کە ببێتە باس لە ئیسلام و موسڵمانان لەکاتیکدا کە ئەو کارە کەسانی تاوانکار و توندڕەو ئەنجامی دەدەن. هەر بۆیە ماگنوس ساندێلین دەڵێت گرنگە مێدیاکانی سوید ڕاپۆرتی وردود رشت لەسەر ئەو جۆرە کارانە بگەیەنن و ڕەهەند و بنەماکانی بەڕوونی و بێلایەنانە بخەنە ڕوو.       

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".