ناوەندی پەروەردەی کرێکاران، ئابێ‌ئێف، تەمەنی بوو بە سەد ساڵ

تەمەنی ناوەندی ئا‌بێ‌ئێف بوو بە سەد ساڵ
6:13 min

ئەمساڵ تەمەنی گەورەترین ناوەندی سوید لە بواری پەروەردەدا دەبێتە سەد ساڵ. ناوەندی پەەردەوەی کرێکارانی سوید، ئابێ‌ئێف. ئەم بۆنەیە بە ڕیزەچالاکییەک لە حەفتەی داهاتوودا ـ واتا حەفتەی ٢٤ ـ جەژن دەگیرێ. هۆگری بە چالاکییەکانی ئابێ‌ئێف زۆرە و خەڵکێکی گەلێ زیاتر لە رابردوو لەم چالاکییانەدا کە لە چەشنی خولی پەروەردەدا دەکرێن بەشدار دەبن.

ئابێ‌ئێف لەباری سیاسییەوە ڕێکخراوێکی نادەستەبەرە بەڵام ڕیشەی لە بزووتنەوەی کرێکاری و سوسیالدیموکراسیدا هەیە. ئەمە کاتێک سەرۆکی ئەم ناوەندە لە ستۆکهۆڵم یۆران ئێریکسۆن هۆڵەکانیشمان پێ نیشان دەدا دەردەکەوێ!

ـ ئەمە هۆڵی ساندلرە. واتا ریکارد ساندلر کە یەکەمین کەس بوو کە لە ساڵی ١٩١٢دا پێشنیاری کرد ڕێخکستنێکی سەرانسەری وەک ناوەندێکی پەروەردە دابمەزرێ. ئێمە هەروەها هۆڵێکی‌تریشمان هەیە کە ئێمە ساڵی رابردوو لە ساڵوەگەڕی ٢٥ ساڵەی کوژرانی ئۆلۆف پالمێدا ناومان نا هۆڵی پالمێ. ئەو هۆلەی بەرامبەریش ژووری برانگ‌تینگی ناوە. ئەمەیان ژووری پەرـ ئالبین، ئەوەش ژووری ئێرلاندر.

ئێستا لە سەرەتای هاویندا کاتێ خولەکانی پەروەردە‌ی تەرمینی بەهارە کۆتاییان پێدێ، هۆڵەکانی واڵا ماون. بەڵام لە ماوەی وەرزی خوێندندا ئەم هۆڵانە لە خەڵک جمەیان دێ. ڕێژەی بەشدارانی ئەم ناوەندە هەرگیز ئەوەندەی ئێستا زۆر نەبووە. ساڵانە ٧٥٠ هەزار کەس. ئەم هۆگرییە لە زیادبوونەدا لەلای ناوەندگەلی‌تری پەروەردەشدا هەر دەبینرێن.

یۆران ئێریکسۆن دەڵێ چالاکییەکانی ناوەندی ئابێ‌ئێف لە سەر سێ کۆڵەکە ساغ بوونەتەوە:

ـ ئەو دەڵێ یەکێ لە کۆڵەکەکان چالاکیی جوانناسییە، لە کاری هونەریی دەستییەوە بگرە تا موزیکی ڕۆڵ، شانۆگەری، فیلم، سەما، کۆر. ئەمەش بە گەورەترین و بەربڵاوترین پۆلینی بابەتی پەروەردە تا ئێستا دادەنرێ. پۆلێنبەندیی دووهەم زانیاریی کۆمەڵەکانە، سیاسەت، کۆمەڵگا و پرسە نێونەتەوەییەکان. پۆلینبەندیی سێهەمیش بابەتی وەک هی فێرگەن، هەرچەند ئەو لێهاتووییە نەبەخشن کە فێرگەکانی ناوەندی و بەرز دەیبەخشن. وەک زمان، زانیاریی کۆمپیوتەری، سویدی بۆ بیانیان، مێژوو، دەروونناسی و مرۆڤناسی و هی تر.

ئابێ‌ئێف لە سەردەمێکی پڕئاڵوگٶڕدا بینا نرا، کاتێ سیستەمی کۆن لە گۆڕ نرابوو و هێشتا دەولەتی ریفاە وەک پێداویستیی هاووڵاتیان دانەمەزرابوو. جیاوازیی چینایەتی زۆر بوو، هەروەها دەرفەتی پەروەردەش لەناو خەڵکدا زۆر جیاوازیی هەبوو. پرەنسیپی سەرەکیی ئابێ‌ئێف ئەو کات و ئێستاش هەر ئەمەیە کە بەشداران لە خولەکاندا خۆیان بە شێوەیەکی دیموکراتیک فۆرمی خوێندنەکەیان دیاریی بکەن. لارش ئیلس‌هاممار سەرۆکی کتێبخانە و ناوەندی ئەرشیڤی بزووتنەوەی کرێکاری و سەرنووسەری ئانتۆلۆگیی سەد ساڵەی ئابێ‌ئێف "ABF 100 år" دەڵێ پەروەردەی گەل بەشێک لە مۆدێلی سویدییە.

ـ لە پاڵ فێرگە ناوەندییەکان و زانکۆکان نەڕێتێکی‌تری پەروەردەش هەیە ئەویش خۆفێرکردنە. ئەمەیە باسی پەروەردەی گەل، نەک ئەوەی خوێندەوار بوون یا لەڕێی کەسێکی دیکەوە پەروەردە ببی، بەڵکوو خۆت بەرپرسی پەروەردە و فێربوونی خۆی بیت.

لە هەفتەی جەژنی سەدساڵەی ئابێ‌ئێفدا لارش ئیلس‌هاممار وتارێک لەسەر دەوری ئابێ‌ئێف لە نوێژەنکردنی سویددا پێشکەش دەکات. ئەو پێی وایە کە ناوەندی پەروەردە و پەروەردەی جەماوەری دەورێکی یەکجار گرنگ و بناغەیی لە کۆمەڵگای سەردەمی ئێمەدا دەگێڕن. چەمکی ئەم  دووە تەنانەت لەم ساڵانەی دواییشدا بەرفرەوانتر بۆتەوە.

ئیلس‌هاممار دەڵێ ئێمە جارێکی تر لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە جەمکی چین و چینایەتی بۆ تاووتوێکردنەوە دەشێت. هەر ئەوەندە بەسە کە چاوێک بە لاپەڕەی فەرهەنگیی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەم هەفتانەی دواییدا بگێڕیت. جیاوازییەکان زیاتر دەبن و مەودای نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان زێدەتر دەبێت. لیرەدایە کە نیازی پڕکردنەوەی ئەم مەودایە هەستی پێدەکرێ، مەودایەک کە لەبەر ئەوەی کۆمەڵگا چیدی خۆی بە بەرپرسی نازانێ پێکهاتووە.

لارش ئیلس‌هاممار سەرۆکی کتێبخانە و ناوەندی ئەرشیڤی بزووتنەوەی کرێکاری و سەرنووسەری ئانتۆلۆگیی سەد ساڵەی ئابێ‌ئێف "ABF 100 år".

چەندین ڕێکخراوی دیکەش خەبات بۆ ئەوە دەکەن کە گەنجەکان بۆ لای خۆیان راکێشن بەڵام ناوەندی پەروەردە ئەم گرفتەی نییە. ئەمەیان یۆران ئێریکسۆن سەرۆکی ئابی‌ئێفی ستۆکهۆلم دەیڵێ کە پێی وایە هۆیەکی ئەوەیە کە گەنجان خۆیان هان دەدرێن فۆرم بدەن بە چالاکی و خولەکانی پەروەردەی خۆیان.

ئەو دەڵێ ئەوان دێنە ئابێ‌ئێف و دەڵێن ئێمە کۆمەڵەیەکی بیانین و دەمانەوێ هاوکاریتان لەگەڵدا بکەین یا ئێمە گرووپێکی شانۆیین، یا خود گرووپێکی موزیکی رۆکمان دامەزراندووە. هاتووین بزانین چۆن دەتوانین پێکەوە هاوکاری بکەین! لێرەدا هەر خۆیانن بڕیار دەدەن کە دەیانەوێ لە گرووپەکەیاندا چەند گەنج بن. دیارە ئاوا ئەنجامی زۆر جوان و ڕێکوپێکیشی لێدەکەوێتەوە!

Fråga
بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".