Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på https://kundo.se/org/sverigesradio/

دیسان هاوین و دیسان بەرنامەی تایبەتیی هاوینی ڕادیۆی سوید

بڵاو کرایه‌وه‌ tisdag 12 juni 2012 kl 13.45
بەرنامەی هاوینی ٢٠١٢ی رادیۆی سوید
(5:46 min)
1 av 2
Bibi Rödöö. wêne: Knut Koivisto/ SR
2 av 2
مستەفا جان . وێنە: ماڵپەڕی ڕادیۆی سوید

دیسان ده‌یان ناوی هه‌ڵبژارده‌ی کۆمەڵگای سوید له‌ ڕیزی ئاخێوه‌رانی ئەمساڵی بەرنامەی هاوینی ڕادیۆی سویددان.

سه‌عات یه‌کی دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی پێنجشەممەی بێت، کۆنفرانسی چاپه‌مه‌نیی به‌رنامه‌ی به‌ناوبانگی ڕادیۆیی هاوین (سۆممار) له‌ که‌ناڵی یه‌کی ڕادیۆی سوید، پێ 1، له‌ پارکی سه‌رسه‌وزی حه‌وشه‌ی رادیۆی سوید له‌ ستۆکهۆڵم پێکدێ و تێیدا قسه‌بێژانی هاوینه‌ی ڕادیۆ دەناسرێن. زایەڵە ئەم بەیانییە له‌ گەڵ بیبی رۆدوێ (Bibi Rödöö) که‌ حەڤده‌ ساڵه‌ سه‌رۆکی پرۆژه‌ی به‌رنامه‌ی هاوینی ڕادیۆی سویدیشه، دوا.

بیبی رۆدوێ دەڵێ هۆی خۆشەویستبوونی ئەم بەرنامەیە یەکیان دەگەرێتەوە بۆ ئەوە کە لەمێژە هەیە، جاری یه‌که‌م له‌ ساڵی١٩٥٩ دا وه‌ک پرۆگرامێکی رادیۆیی ده‌ستی پێکرد به‌ڵام پاش سه‌رکه‌وتووبوونی درێژه‌ی کێشا و ئه‌مساڵ ٣٢٤٨ه‌مین به‌رنامه‌ی خۆی پێشکه‌ش ده‌کات. زۆر کەس لەگەڵ ئەم بەرنامەیە ژیاون و بیرەوەریان لێی هەیە و ئارمی بەرنامەکە گەلێ شتیان دێنێتەوە بیر. هۆکارێکی تریشی ڕەنگە ئەوە بێ کە ئێمە لە نووژەنکردنەوەیدا سەرکەوتوو بووین.

تا ئێستا دەیان و بگرە سەدان ناوی گەورە و کەسایەتیی بەدەنگوناوی سوید هاتوون و لەم بەرنامەیەدا لەگەڵ خەڵک دوواون. لەوانە ئینگمار بەریمەن دەرهێنەری شانۆ و سینەما، بیرگیت نیلسۆن گۆرانیبێژی ئۆپێرا، لارش نورێن شانۆنامەنووس و دەرهێنەر، دوو سەرەکوەزیری سوید، زوربەی هەرە زۆری قەشەی گەورەکان. بەڵام هەر وەه بیبی دەڵێ لەم ناوەدا کەسێکیش هەبوو بە قەد ئەوانەی دیکە دەنگوناوی نەبوو کەچی بەرنامەکەی زۆرترین خەڵاتی درایێ، مستەفا جان ڕۆژنامەوانی کورد بوو کە ساڵی ٢٠٠٣ بەرنامەیەکی لەسەر دایکی دروست کرد.

بەڵام ئاخۆ ئەم کەسانە چۆن هەڵدەبژێردرێن و کێ شانسی ئەوەی دەدرێتێ لە بەرنامەیەکی وەها خۆشەویست و پڕگوێگردا قسە بکات؟ بیبی رۆدوێ دەڵێ من کومیتەیەکم پێکهێناوە لە هاوکارانی ڕادیۆی سوید و لە بەشی جودا جوداوە و لە هەموو وڵات. دواتر ئێمە کۆ دەبینەوە و هەر کەسە و لیستی خۆی دێنێ کە لە کەناڵی جیاوازەوە وەریگرتووە. هەروەها پێشنیاریشمان لە دەرەوەی ڕادیۆوە بۆ دێت. بۆیە پێشنیازێکی یەکجار زۆرمان  هەیە کە دەبێ بڕیاریان لەسەر بدەین. بێت و لێم بپرسی کە چۆن ئەو کەسانە هەڵدەبژێرین ئەوا لە وەڵامتدا دەڵێم دەبێ ئەو کەسە شتێکی هەبێ بۆ گێرانەوە و بشتوانێ بیگێڕێتەوە. جا لێرەدا ئەگەر کەسەکە شتێکی بۆ گێڕانەوە هەبوو بەڵام نەیزانی چۆنی بگێڕێتەوە ئەوا لە نووسینی سیناریۆی گێڕانەوەدا یارمەتیی دەکەین. بە هاوکاریی ئامادەکارێک فێری دەکەین چۆن لە رادیۆدا قسە بکات. بەگشتی تێکستەکە دەبێ ئەو کەسە بینووسێ و بیگێڕێتەوە کە ئەزموونی لێی هەیە و لەگەڵیدا ژیاوە. وێراویەتی شتی وا بکات و شتی وەها تاقی بکاتەوە کە خەڵکی ئاسایی زۆر جار نایکەن.

لەم ساڵانەی دواییدا گەلێ ناوی ناسویدیش کەوتوونەتە ناو بەرنامەکەوە. گەلۆ هۆی ئەوە چییە کە لە بەرنامەی سویدیدا کەسی دیش کە بەڕەگەز سویدی نییە جێیان بۆ کراوەتەوە. بیبی دەڵێ ئەمە بەپێزکردنی بەرنامەکەیە. دوایی نموونەیەک دەگێڕێتەوە لە جۆرج پاپاندرێیای سەرۆکی پارتی سوسیالدیموکراتی یۆنان کە کاتێ خۆی داوای لێکرا ببێتە قسەبێژی هاوینەی ئەم بەرنامەیە. دیارە ئەو لە ساڵانی حەفتادا لە سوید وەک پەنابەر ژیابوو و فێرگەی گسک دەدا و کاری پاکوخاوێنیی دەکرد. ئەو کاتەی هیچ قوتابییەک لە فێرگەدا نەبوو، لە کاتی کاردا لە سەر کورسییەک دادەنیشت و گوێی دەدایە بەرنامەی سۆممار. کاتێ پێمان گوت لەو بەرنامەیەدا بەشدار دەبێ سەرەتا نەیزانی باسی کام بەرنامە دەکەین کەچی کاتێ ئارمی بەرنامەکەی بیست وەبیری هاتەوە باسی کام بەرنامەیە و زانیی کە ئێستا دەبێ خۆی لە هەمان بەرنامەدا قسە بکات!

بەرنامەی سۆممار لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە پێشنیازی گوێگرانیش قەبووڵ دەکا بێت و خۆیان بۆ قسەکردن لەم بەرنامەیەدا نامزەد بکەن. هەروەها باسی ئەوە بکەن کە دەیانەوێ چ بڵێن و چۆنی بڵێن. بیبی رۆدوێ دەڵێ ئەم ئەزمونەش  گەلێ جار سەرکەوتوو بووە و ئەو لێی ڕازییە.

وەبیر دێنمەوە کە ساڵی پار بۆ پێنجه‌مین جار گوێگران ده‌نگیان بۆ قسه‌بێژی هه‌ڵبژارده‌ی خۆیان دا و خاتوو مونیکا نیستروێمی 35 ساڵه‌یان هه‌ڵبژارد که‌ دانیشتووی ئۆکشبه‌ریایه‌ له‌ پارێزگای ستۆکهۆڵم که‌ له‌ به‌رنامه‌که‌یدا له‌ مردنی مێرده‌که‌ی به‌ نه‌خۆشی شیرپه‌نجه‌ دووا که‌ خۆی گوته‌نی له‌ ناو باوه‌شی ئه‌ودا گیانی سپارد. مونیکا نیستروێم گێڕایه‌وه‌ که‌ شینگێڕان، ترس ده‌خوڵقێنێ و نه ‌شینگێڕ و نه دۆست و ‌که‌س وکاریش نایانه‌وێ له‌سه‌ر ئه‌م خه‌مانه‌ بدوێن که‌چی ئه‌و ده‌یه‌وێ له‌ به‌رنامه‌که‌‌یدا خه‌می خۆی و منداڵه‌کانی بخاته‌ ناو چوارچێوه‌ی وشه‌وه‌. مونیکا هەروەها ئه‌وه‌ی گێڕایه‌وه‌ که‌ چۆن مرۆڤ ده‌توانێ به‌خته‌وه‌ر بێ، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دڵی به‌برین و ژانه‌.

بیبی رۆدوێ دەڵێ ئەمساڵیش ده‌یان ناوی هه‌ڵبژارده‌ی کۆمەڵگای سوید له‌ ڕیزی ئاخێوه‌رانی بەرنامەی هاوینی ڕادیۆی سویددا دەبن. بەڵام ناوەکانیان نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بە بەشداریی دەیان ڕۆژنامەوان و خودی قسەبێژانیش لەقاو دەدرێت. لەم ناوەدا بێگومان ئەگەر هەوا خۆش بێ و ڕۆژەکە گەشەیەکی هاوینەشی پێوە دیار بێ، ئەوا ئەوەندەی دیش خۆشتر.

 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".