لە شاری یۆتۆتبۆری لاوان دەنگ بە نوێنەرەکانیان دەدەن

ئەمڕۆ دواڕۆژی دەنگدانە لە هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لاوان (ungdomsfullmäktigevalet) لە شاری یۆتۆبۆری، ئەم هەڵبژاردنە تایبەتە بە مافی منداڵان و لاوان و لەو ڕێیەوە فێری بنەماکانی دیموکراتی و سیاسەت دەکرێن. ئانگێلا باریس تەمەنی 13 ساڵە و نزیکەی ساڵێکە ئەندامی ئەو سەرۆکایەتییەیە و ئەمساڵ وەک نوێنەری گەڕەکی (östra göteborg) خۆی کاندید کردووە.

- ئەمە یەکەم ساڵمە و دیسان خۆم کاندید کردۆتەوە تا جارێکی تر هەڵبژێردرێمەوە، باریس دەڵێت ئەم هەڵبژاردنە زۆر خۆشە و زۆر سودمەندە ئینجا ئەوەشی کە بواری ئەوەت بۆ دەڕەخسێت لەسەر کێشە و پرسی لاوان کاریگەریت هەبێت.

هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لاوان لە شاری یۆتۆبۆری لە ساڵی 2005 ەوە بەڕێوە دەچێت و ئاماج لێی ئەوەیە کە بواری منداڵان و گەنجان بدرێت کاریگەرییان لەسەر ئەو سیاسەتانە هەبێت کە پەیوەندی بە پرسی ئەمانەوە هەیە و تا فێری بنەماکانی دیموکراتی ببن و حەزی سیاسەتیان تیا بوروژێنرێت.

ئەمساڵ نۆیەمین جارە هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لاوان لە شاری یۆتۆبۆری بەڕێوە دەچێت و لەو هەڵبژاردنەدا هەموو فێرخوازێکی تەمەن نێوان 12-17 تۆمارکراو لە شاری یۆتۆبۆری مافی دەنگدانیان هەیە. 81 ئەندام 20 جێگرەوە بۆ ئەو دەستەیە هەڵدەبژێردرێت. بۆ هەر گەڕەکێکیش ژمارەیەک کورسی بەپێێ ژمارەی منداڵ و لاوانی گەڕەکەکە تەرخان کراوە. ئەو ئەندامانەی بۆ دەستەی بەڕێوەبرایەتی هەڵدەبژێردرێن ماوەی ساڵێک دەمێننەوە و ساڵی دواتر دیسان هەڵبژاردنە. مۆنیکا ڤێننەرستریۆم بەرپرسی کاری ئیدارییە لە دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لاوانی یۆتۆبۆری باس لە ئامانجی ئەو هەڵبژاردنە دەکات.

-سکرتارییەتی بەڕێوەبەرایەتی لاوان کاری ئەوەیە منداڵان و لاوان فێری پرس و بنەما دیموکراتییەکان بکات، ئەو لاوانە سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسیی نین بەڵکە فێری ئەوە دەکرێن لە پرۆسەی دیموکراتیدا بەشدار بن و لە سیاسەت تێبگەن. ئەو کارە لە فێرگاشدا فێر دەکرێن. 

کاری دەستەی بەرێوەبەرایەتی لاوان هەر وەک دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمۆنەکان وایە. لاوان لە لیژنەی جیاوازدا کاردەکەن بۆ نموونە لیژنەی کاروباری کاتی ئازاد و کاری هاوینە، یاخود لیژنەی پرسی هاتوچۆی گشتی و لیژنەی یەکسانی و دژەگێچەڵ.

بۆ ئانگێلا باریسی تەمەن سیانزە ساڵان پرسی هاتوچۆی گشتی گرنگترینە.

-من دەسوتێم بۆ ئەوەی گەنجان هان بدەم دەنگی خۆیان بگەیەنن و ڕای خۆیان بڵێن، باریس دەڵێت وەک خۆم پێموایە دەبێت کار بۆ پرسی هاتوچۆی گشتی واتا شەمەندەفەر و ئوتوبوس و پرسی خواردنی فێرگاکان بکرێت و بەرەو باشتر ببرێن.

لە ماوەی ڕۆژانی  مافی مرۆڤ کە هەفتەی پێشوو لە شاری یۆتۆتبۆری بەڕێوە چوو نوێنەرانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لاوانیش بەشداربوون.

مالیک مستەفای تەمەن چواردە ساڵ یەکێک بوول ە بەشداربووان و ئەمساڵ بۆ یەکەمجارە وەک نوێنەری گەڕەکەکەی خۆی لە (Angered) خۆی کاندید کردووە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لاوان و خەون بەوەوە دەبینێت ببێتە سیاسەتمەدار.

- مالیک دەڵێت یەکەم جارە خۆم کاندید دەکەم و بەوهیوایەم هەڵبژێردرێم، ئەو پرسانەی دەمەوێت کاریان بۆ بکەم ئەوەیە کە چالاکی زیاتر بۆ لاوان دابین بکرێت و گێچەڵپێکردن (mobbning) کەم بێتەوە. هیوادارم لە داهاتوودا خەونە گەورەکەشم بێتە دی و ببمە سیاسەتمەدار.

مالیک مستەفا بوو یەکێک لەو لاوانەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لاوان کاندید کردووە و ئەمڕۆ دوا ڕۆژی دەنگدانە. دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لاوان لە ساڵی 200ەوە لە شاری یۆتۆتبۆری ساڵانە ڕێک دەخرێت و ئاماج لێی هاندانی لاوانە تا فێری بنەما دیموکراتییەکان و سیاسەت ببن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".