دابەشینی یەکسانی پەناخواز لە نێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپادا زەحمەتە

ڕێژەی پەناخوازان لە سوید لەوانەیە ببێتە نیوەی ئێستا، بێت و ئەو پێشنیازەیاسایەی یەکێتیی ئەورووپا لە سەر دابەشینی یەکسانی پەناخوازان لە ناو وڵاتانی ئەندامدا داویەتی پەسند بکرێ. ئەم پرسە لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە کاری لەسەر دەکرێ کەچی حوکوومەتی سوید دڵی بەم پێشنیازە خۆش نییە.

لەحاڵی حازردا ڕێژەی پەناخوازان لە ناو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپادا بە شێوەیەکی یەکسان دابەش نەکراوە و جیاوازییەکان یەکجار زۆرن. هەر تەنیا ٩ وڵات لەو ٢٧ وڵاتەی ئەندام، زیاتر لە ٩٠ لەسەدی گشت پەناخوازانیان وەرگرتووە. سوید یەکێ لەم وڵاتانەیە کە پەناخوازی زۆرە و پاش فەرانسە، ئەڵمان و ئیتالیا لە ڕیزی چوارەمدایە. گرووپێکی گەورەی ئەم وڵاتانەی ئەندام و بەر لە هەموان وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ئەورووپای ناوەندی هەر هیچ پەناخواز وەرناگرن.

ئێستا پەرلەمانی ئەورووپا دەیەوێ ئەم جیاوازییە نایەکسانە بەپێوانەی ئاستی دەسەڵاتی ئابووری و ڕێژەی حەشیمەتیان تەخت بکات و نەیهێڵێ.

بەرپرسی دانوستاندنی یەکێتیی ئەورووپا کیریاکوس ترییانتافیل‌لیدێس دەڵێ تەنانەت وڵاتێکی دەولەمەندی وەک سویدیش ڕەنگە نەتوانێ ئەم هەمووە پەناخوازە وەربگرێ. بۆیە دەبێ وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا وەریانبگرن. ئەو دەڵێ دوور نییە وای لێبێ کە پەنابەر بەڕێبکرێتە وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا کە بەم ڕێژەیە پەنابەریان نییە.

بە پێی ئەو بەراوردەی کومیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا کردوویەتی ڕێژەی پەناخوازوەرگریی سوید بە وەها شێوەیەک بێ، لە نێوان ٣٠ تا ٦٤ لەسەد لە چاو٢ ئەمڕۆ کەمدەکاتەوە، واتا ٢٨ هەزار کەمتر پەناخواز لە ئێستا. دیارە ئەوەش بە گوێرەی ئەو مۆدێلەی بۆ پێوانەکە هەڵدەبژێردرێ.

کومیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا بۆ دابەشینی بەرپرسیی پەناخوازان، پێشنیازی سیستەمێکی دڵخوازانەی داوە بەڵام لێی قەبووڵ نەکراوە. ئەمەش خاتوو سێسیلیا مالمستروێمی سویدی کە بەپرسی کومیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپایە بۆی بەداخە.

سێسیلیا مالمستروێم دەڵێ من ئاواتی ئەوەم دەخواست کەشێکی سیاسیی وەهامان هەبوایە کەچی ئێمە گەلێ جاران ئەو پرسیارەمان هێناوەتە گۆڕێ و ٢٥ وڵاتان بەتەواوی دژی ئەم پێشنیازەن.

وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا نایەنەوێ مافی بڕیاردان لەبارەی سیاسەتی پەناخوازییان لێوەربگیرێتەوە. سویدیش نایەوێ. هەرچەند وێدەچێ شێوازی پێشنیازکراوی دابەشینی پەناخواز، بەسوودیشی بشکێتەوە بەڵام هەر دەڵێ نا. وەزیری کۆچی سوید توبیاس بیلستروێم پێی وایە وەها سیستێمێک بۆ دابەشینی پەناخواز تەنیا و تەنیا گرژی لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا دروست دەکا و هیچی دی. ئەو دەڵێ من ئەم سیاسەتەم پێ باش نییە و دڵم بەو ڕێگە چارە ساکارانە و ئەو پێوانە ساویلکانە خۆش نییە. لە پێناو وەها سیاسەتێکدا دەبێ ئامرازی ڕاست هەڵبژێردرێ کە بتوانێ چاکسازییەک بەدوای خۆیدا بێنێ.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".