کارین ئێنستروێم وەزیری ئێستای بەرگری و ستێن تۆلیفۆش کۆنەوەزیری بەرگری کە ساڵی ڕابردوو دوای لەقاودرانەکە، وازی لە کار هێنا. مۆنتاژ: رادیۆی سوید

بەڵگەیەکی هەستیار لە سەر چەکسازیی سوید بۆ عەرەبستان ون کراوە

بەشی ناوەندیی دەنگوباسی ڕادیۆی سوید ـ ئێکۆت ـ ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە بەڵگەنامەیەکی هەستیار لە سەر چەکسازیی سوید بۆ عەرەبستانی سعوودی بە پێچەوانەی یاسای بنچینەیی وڵات لە دەفتەرنامەی ڕۆژانەی حوکوومەتدا دەرهێنراوە و ون کراوە. ئەم بەڵگەنامەیە دەریدەخات کە حوکوومەتی سوید لەسەر زانیاریی خۆیان دەربارەی چۆنەتیی مامەڵەکردنی ئەنستیتووتی توێژینەوەی بەرگری (FOI) لەپاش لەقاودرانی بازرگانیی چەکسازیی بۆ عەرەبستان، راستییان نەگوتووە و ئەم شوێنەونکەیەی بەم بەڵگەنامەیەیان کردووە، دەبێتە هۆی زەحمەتیی زۆری کومیسیۆنی دەستووری پەرلەمان لە لێپرسینەوە لە چەند وەزیرێکدا.

پاش ڕاپۆرتدانی بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید لەسەر هاوکاریی چەک لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی لە بەهاری ڕابردوودا توێژینەوەیەکی کومیسیۆنی دەستووری پەرلەمان لە چەندین وەزیری حوکوومەت دەستی پێکرد کەچی ئێستا بەم بەڵگەنامەونبوونە کاری کومیسیۆنەکە تووشی زەحمەتی زۆر دەبێت.

بەشی ناوەندیی دەنگوباسی رادیۆی سوید، ئێکۆت، لە بەهاری ڕابردوودا لە بەڵگەنامەیەک ئاگادار کرایەوە، نامەیەکی ئەلەکترۆنی کە دەبوا لە مانگی یانیڤەریی ساڵی ٢٠١٠دا لەلایەن ئەنیستیتووتی توێژینەوەی بەرگرییەوە بەڕێکرابایە و زانیاریی هەستیاری حوکوومەتیی تێدابوو.

ئەم نامە ئەلەکتروونییە کە بە بەڵگەنامەیەکی گشتی دادەنرێ و دەبێ تۆمار بکرێ، لەلایەن سەرۆکبەشی ئەنیستیتووتی بەرگرییەوە لارش هوێست‌بێک بەڕێکرابوو، بەڵام ئەو ئێستا دەڵێ نایەتەوە بیرم: یانی من نامەیەک بەم ناوئاخنەم بۆ پەر ئاندرشۆن ناردووە؟ شتی وام هیچ نایەتەوە بیر!

نامەکە دەبوا بەڕێبکرێتە کارمەندێکی وەزارەتی بەرگری بەناوی پەر ئاندرشۆن کەچی ئەو نایەوێ لەلایەن بەشی هەواڵەکانەوە وتووێژی لەگەل بکرێ:
پەر ئاندرشۆن دەڵێ داوات لێدەکەم لەمبارەوە لەگەڵ بەرپرسی چاپەمەنیمان قسە بکەیت.

ئێکۆت داوای ئەم نامە ئەلەکترۆنیکییە لە دیوانی حوکوومەت دەکەین بەڵام وەڵامێکی رەسمیمان دەدەنەوە و دەڵێن نامەیەک نییە. واتا نەک ئەوەی ئیمەیلەکە مۆری نهێنیی لێدرابێ، بەڵکوو دیوانی حوکوومەت دەڵێ هەرگیز نامەیەکی وەها نەبووە.

ئێریک براندێل کە ژێر ئەم بڕیارەی واژۆ کردووە دەڵێ من نووسیومە کە نامەیەکی وەها نییە، ئەمە یانای نییە و ئا! درۆم لەگەڵ نەکردوون!

لێی دەپرسرێ ئایا پەر ئاندرشۆن سەرچاوەی ئەم وەڵامەتە؟ دەڵێ: ئەوە چییە؟ خەریکی لێپرسینەوەم لەگەڵ دەکەی؟

کەچی ئێستا لە پایزدا و چەند مانگ دوای ئەم رووداوە، ئەم ئیمەیلەمان لەلایەن ئەنیستیتووتی توێژینەوەی بەرگرییەوە بۆ بەشی هەوالەکانی ڕادیۆی سوید دێت. بەڕاستی زانیاریی زۆر هەستیاری حوکوومەتیی تێدایە.

ئیمەیلەکە دەریدەخات کە حوکوومەت ئاگاداری لەسەر ئەوە هەبووە کە ئەنیستیتووتی توێژینەوەی بەرگری، بەپێچەوانەی هەموو یاسا و ڕێسایەک، ئیزنی داوە کە شیرکەتێکی خۆکردیان بەناوی (SSTI) بەرپرسیی کاری سازکردنی کارخانەی چەکسازیی بۆ عەرەبستانی بدرێتێ.

بۆنموونە ئەوەش لە ئیمەیلەکەدا نووسراوە کە ئەم شیرکەتە، واتا (SSTI) لەڕێی چەند کەسەوە گرێدراویی بە ئەنیستیتووتی بەرگرییەوە هەیە. گرفتی حوکوومەت ئێستا لەوەدایە کە بەردەوام نکۆڵیی لە هەبوونی ئەم پێوەندی و گرێدراوییەوە کردووە. ئیمەیلەکە نیشان دەدات کە حوکوومەت لەم بارەوە ڕاستی نەکردووە و بەتەواوی ئاگاداری بووە.

ماتس لیندبەری پرۆفیسۆری زانستی سیاسی دەڵێ ئەمە ستراتیژییەکی زانیارییە بۆ تاریککردن و شاردنەوە و شوێنەونکەپێکردن.

ئەو زیاد دەکا و دەڵێ هیچ کارمەندێکی حوکوومەت نییە کە بتوانێ ئیزن بدات ئیمەیلێک ون ببێت. بەڵام ئەمە ئیمەیلێکی نەفرەتلێکراو بوو و ڕێی دەربازبوونی لێنەبوو. ئەمە  سیمای حوکوومەت بریندار دەکا و بڕوای گشتیش بەم سیستێمە سیاسییە دەشێوێنێت.

ئێکۆت هەوڵی دا وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارە بدۆزێتەوە کە بۆچی بەڵگەنامەکە تۆمار نەکراوە و ئەم پرسەی لە کارین ئێنستروێم وەزیری بەرگری کرد. کارین ئێنستروێم گوتی بۆ من زەحمەتە کە وەڵامی ئەم پرسەت بدەمەوە کاتێ تۆ هەروا کاغەزێک دەدەیە دەستم. ئێمە بەگشتی نەزم و ڕێکوپێکییەکی تایبەتمان لەسەر تۆمارکرانی بەڵگەنامەکانمان هەیە. بەتایبەت بۆ ئەوەی بتوانین بەڵگەنامەکان بێنینە دەرێ و بەکراوەیی بیدەینە کەسێک.

بە وەزیر دەگوترێ کەچی ڕێک ئەم بەڵگەنامەیە هەڵگری زانیاریی وەهایە کە دژایەتیی تەواوی لەگەڵ ئەو قسەدا هەیە کە پێشتر حوکوومەت کردبووی. ئێوە گوتووتانە کە ئاگاداری ئەو شیرکەتە نەبووون کە بەرپرسیی چەکسازیی درابوویێ. بەڵام ئەم بەڵگەیەی باسی دەکەم، ئێستا نەماوە. واش نییە کە مۆری نهێنی لێدرابێ بەڵکوو دەڵێن شتی وا قەت نەبووە. ئایا خۆتان بزرتان کردووە؟

وەزیری بەرگری دەڵێ من ئەوە دەڵێمەوە کە هەم وەزارەتخانەکەی من و هەم ئەوەی تریش ئەو یاسایانەی بۆ تۆمارکردنی بەڵگەکان هەن رەچاو دەکەن. زۆر ڕوونە!

لێی دەپرسێ ئەدی بۆ ئەم بەڵگەنامەیە تۆمار نەکراوە؟
وەزیر دەڵێ دیسانیش کاغەزێکت خستە بەردەممەوە!
پێی دەگوترێ بەڵام ئێمە پێشتریش چەندین جار لە بەهاری ڕابردوودا بە نووسراوە پرسیارمان لێکردوون.
وەزیر دەڵێ: ناتوانم وەڵامی ئەم پرسەت بدەمەوە.
دیسان  لێی دەپرسرێتەوە: باشە بەڵام بۆ ئەم بەڵگەنامەیە دیار نییە؟
وەزیر دووپاتی دەکاتەوە: ئێمە هەروەکی گوتم یاساکان لەبەر چاو دەگرین.

لێرەدا هێنریک هێدبەری، بەرپرسی چاپەمەنیی کارین ئێنستروێم وەزیری بەرگری، دەکەوێتە ناوەوە و کۆتایی بەم وتووێژە دێنێ.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".