EU-parlamentet. Foto: Bengt O Nordin

سوید داوای بەردەوامیی داشکاندنی ئەندامانەی یەکێتیی ئەورووپا دەکات

ئەمڕۆ و سبەینێ لە جڤینی لووتکەی سەرۆکوڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا لە بەلژیک، بودجەی حەوتساڵەی ئەم یەکێتییە تاووتوێ دەکرێ. سوید لە جەرگەی قەیرانی ئابووریی ئەورووپادا داوای ئەوە دەکات کە بودجەکە لەم ئاستەی ئێستایدا ڕابگیرێ. بەڵام لە گوێن فرێدریک ڕاینفێڵدی سەرۆکوەزیر، لەبەر ئەوەی سوید وڵاتێکی دەوڵەمەندە، ئەوا حەتمییە کە ئەندامانەشی بەم پێیە زۆر دەبێ.

ڕاینفێڵد دەڵێ بەڵێ ئەمە گرێدراوە بە باری ئابووریی سویدەوە. بێت و هەروا باش بڕواتە پێشەوە ئەوا ئەو پارەیەش دەبێ بیدەنە یەکێتییەکە، لەسەرمان زیاد دەکات. بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە دانوستاندنی لەسەر بکرێ و بەڕاستی دەورێکی یەکجار گەورە دەبینێ کە ڕێژەی داشکاندنەکەی ئێمە چۆن بێت و لەم پێشنیازەی ئێستا کراوەدا خەریکە بەتەواوی ون دەبێت.

بەڵام ئایا ئێستا کە سوید وڵاتێکی وا دەوڵەمەندە، ئەمە سروشتی نییە کە پارەی ئەندامەتی و کۆمەکانەی زیاتریش بدات؟ فرێدریک ڕاینفێڵد وا وەڵام دەداتەوە کە ئێمە پێمان وایە دەبێ ئەمە لە ڕۆشنایی ئەوەدا ببینرێ کە ئێمە هەر لە سەرەتاوە کۆمەکێکی یەکجار زۆری ئابووریمان بەم یەکێتییە داوە و لە دوایین پێشنیازیشدا دیسان دەبینەوە بەو وڵاتەی کە دەبێ زۆرترین پارەی یارمەتی بدات.

ئەم داشکاندنەی فریدریک ڕاینفێڵدی سەرۆکوەزیر باسی لێوە دەکات بەو مانایەیە کە ئەمڕۆ دەرچووی سوید بۆ یەکێتیی ئەورووپا بە بڕی پێنج میلیارد کرۆن کەم دەبێتەوە. دەرچووی سوید هەموو ساڵێ زیاتر لە ٣٢ میلیارد کرۆن، پاش داشکاندنە. ڕۆژی رابردوو سوسیالدیموکراتەکان لە کومیتەی یەکێتیی ئەورووپای پەرلەمانی سویددا داوایان کرد کە ئەم داشکاندنەی کاتی خۆی یۆران پەرشۆن سەرۆکوەزیری ئەو دەمی سوید دانوستاندنی لەسەر کرد، بمێنێتەوە.

ماریا گرانلەند جێگری سەرۆککومیتەی یەکێتیی ئەورووپا لە پەرلەمانی سویددا دەڵێ من پێم وایە کە سەرۆکوەزیر ڕاینفێڵد دەتوانێ ئەم ئاستە داشکاندنە بۆ سوید هەروا بپارێزێ. چون زەحمەت نییە هەوڵ بۆ مانەوەی ئەو ڕێژەداشکاندنە بدەی کە پێشتریش هەبووە. ئەوەی یۆران پەرشۆن کردی و ئەم داشکاندنەی بۆ سوید چەسپاند ئەوە زەحمەت بوو.

هەوڵی دژواری سوید بۆ ڕاگرتنی ئەم ئاستە داشکاندنەی لە دەرچووەکانی بۆ یەکێتیی ئەورووپا بەم مانایەیە کە هێشتا ناڕوونە وەزعی ئەو پشتیوانی و کۆمەکانەی سوید بۆ گوند و شوێنە کەمحەشیمەتەکانی وەردەگرێ چی لێدێتەوە. ئەو هەڵمەتە بۆ ڕاگرتنی ئاستی داشکاندنەکەش یەکەمجار لە دوایین قۆناغی دانوستاندنەکاندا دێ. فرێدریک راینفێڵد دەڵێ من لەگەڵ کومیتەی یەکێتیی ئەورووپای پەرلەمان یەکلاییم کردۆتەوە کە یەکەمین ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە کە هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی سەرجەم ئەو دەرچووانە بدەین کە لە پێشنیازەکەدا هاتوون و یەکەمجاریش لە دوایین قۆناغی دانوستاندندا هەوڵ بۆ دڵنیایی لە گەڕاندنەوەی هەندێ دەرچوو. لە پێشەوەی هەموانیشدا ئەو بەشەکۆمەکانەی بۆ گوند و ناوچە کەمحەشیمەتەکانی سوید لەبەر چاو گیراوە.

بەڵام ئایا ئەم دانوستاندنانەی لەسەر بودجە دەکرێن بە ئاسانی دەکرێن؟ دانیەل ناورین سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی ئەورووپا و مامۆستای زانستی سیاسی لە زانستگای یوتێبۆری دەڵێ نا، ئەم دانوستاندنانە هەمیشە وا هەستیار و پڕ لە دژبەرین و لەمبارەوە لە گشت ئەورووپادا بێوێنە و تاکاکەن بەتایابەت کە ئێستا ئەورووپا لە قەیرانێکی ئابووریدا دەژی.

ئەو لەسەر دەوری سوید لەم دانوستاندنانەدا دەڵێ سوید سەر بەم وڵاتە یارمەتیدەرە گەورانەیە و ئێمە بەردەوام پشتیوانیی جۆربەجۆریشمان وەرگرتووە بۆ کشتوکاڵ، گەشەی هەرێمی و لەم چەشنە. بۆیە سوید و وڵاتانی دیکەی ئەم یەکێتییە کە کۆمەکێکی زۆر دەدەن ئەوەیە کە ڕوانگەیەکی سنووردارانەمان لەسەەر بودجە هەیە. سوید نایەوێ ئەم بودجەیە ئەوەندەی وڵاتانی ئەورووپای باشوور داوای دەکەن گەورە و زۆر بێ چون ئەوان پشتیوانی و وکۆمەکێکی زۆری لێوەردەگرن.

ئەوەی سوید داواکارێتی ئەوەیە کە بودجەی یەکێتیی ئەورووپا یەکجار زۆر کەم بکرێتەوە. کەچی پێسنیازی کۆمیسیۆن ئێستا نزیکەی هەزار میلیارد یۆرۆیە. لەم ناوەدا سوید و بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە داوای کەمکردنەوەی ئەم بودجەیە دەکەن.

سوید ئێستا ساڵانە ٣٠ میلیارد کرۆن دەداتە بودجەی یەکێتیی ئەورووپاوە و ١٠ تا ١٥ میلیاردی بۆ ئەنجامدانی پرۆژەکانی کشتوکاڵ و گەشەی گوندەکانی بۆ دەگەڕێتەوە. لەو شوێنەشەوە کە دەرچوەکانی سوید لە داهاتەکانی زۆرترن ئەوا یەکێتیی ئەوورووپا داشکاندنێک بۆ دەرچووەکانی دەکات، بەڵام بە پێی پێشنیازی نوێ، ئەوا ئەم مافەی لێدەسێنرێتەوە و داشکاندنەکەی لەسەر هەڵدەگیرێ.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".