ئێس ئێف ئی دەبێت لەگەڵ پاشخانی فێرخواز بگونجێنرێت

ئەو کەسانەی نەخوێندەوارن کاتێک دێنە سوید بە زەحمەت لەگەڵ ئاستی خوێندنی زمانی سویدی دەگونجێن ، هەر کەسێک لە پاشخانێکی جیاوازەوە هاتووە و تواناکانیشیان جیاوازە، بەڵام ئەو خوێندنەشی لە سوید بۆیان تەرخان کراوە لەگەڵ پاشخان و تاواناکانیادا نەگونجێنراوە، ئێستا لە شاری ڤێکخیۆ پرۆژەیەک دەستپێکراوە تا ئاستی خوێندن لەگەل پاشخانی پەنابەرە نەخوێندەوارەکان بگونجێنرێت. 

-    ژمارەیەکی زۆر لە بەشداربووانی ئەو پڕۆژەیە خۆیان دەڵێن کە ئەوە یەکەم جارە قەڵەم بەدەستەوە دەگرن، ماریانا پەین بەرێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت ئەو کەسانە لە گروپێکدا دانراون کە سویدی زانن کەچی  چاوەڕیی ئەوەیان لێ دەکرێت وەک ئەوان فێری زمانی سویدی ببن. ئەو کەسانە واتا ئەو بیانییانەی کە نەخوێندەوارن ناتوانن لەگەڵ گروپێکی ئاوهادا بخوێنن و فێری زمانی سوید ببن، بۆ نموونە دێنە لامان و دەڵێن ئەم وەرەقەیەم لە ئێس ئێف ئییەوە بۆ هاتووە نازانم چی تیا نوسراوە؟

ماریانا پەین بەڕێوەبەری پڕۆژەیەکە بە ناوی (Sweden in a box) کە لە شاری ڤێکخیۆ بەڕێوە دەچێت و ئامانج لێی گونجاندندی خوێدنندی زمانی سویدییە لەگەڵ پاشخانی فێرخوازەکان بەتایبەت ئەو پەنابەرانەی کە نەخوێندەوارن یاخود ماوەیەکی کەم خوێندویانە.   خوێندنی زمانی ئێس ئێف ئی  واتا خوێندنی سویدی بۆ پەنابەرانی تازە هاتوو کە تا ئیستا لەگەڵ پاشخانی پەناخواز و تواناکانیدا نەگونجێنراوە و هەموو لە سەرو جیاوازییەکانیانەوە لە هەمان گورپی خوێندندا دادەنرێن.

بۆ ئەم کەسانە واتا ئەو کەسانەیت نەخوێندەوارن ئەبێت وانەی سویدی تایبەت هەبێت وەک ئەوەی کە لە پڕۆژەی (sweden in box) تاقی دەکرێتەوە. شێوازی فێربوونی زمان لەو گروپەدا هەنگاو بەهەنگاوە و لە ئاستێکی سەرەتاییەوە دەست پێ دەکات و وردە وردە فێرخواز بە زمانی سویدی دەناسێنرێت، هەروەها کۆمەڵگەی سویدییان پێ دەناسێنرێت. هەموو بەشداروبوانی ئەم گروپە بەرەو پیشەوە دەچن بەڕای ماریانا پاین.

-  کەسانێکی زۆر لە بەشداربووانی ئەم پڕۆژەیە فێری نوسین بوون، زۆر نەچونەتە پێشەوە بەڵام ئەتوانن شتی سادە و کورت بنوسن، بۆ نموونە ئەتوانن ناوی خۆیان و چەند دێڕێکیش بنووسن، پاین دەڵێت ئێستا هەموو بەشداربوان دەتوانن خۆیان فاکتورەکانیان لە ڕێی ئینتەرنیتەوە بدەن و هەموویان مایل ئەدرێسێکی ئەلەکترۆنیشیان هەیە. فێری بەکارهێنانی ئینتەرنێت بوون و زۆربەیان لە ڕێی سکایپەوە پەیوەندی بە کەسوکارییانەوە لە وڵاتی خۆیان دەکەن. زۆرینەیان بۆ یەکەمجار لە ڕێی ئەو پرۆژەیەوە کۆمپیوتەریان بینی و بەکاریان هێنا.

یونیسێف ئورگانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پرۆژەیەکیان هەیە بەناوی (school in a box) تێیدا هەموو ئەو پێداویستییانەی تێدایە کە فێرگایەک پێویستییەتی ئەم پڕۆژەیەش کە لەلایەن کۆمەڵەی فێرخوازی (ABF)  ەوە بەڕێوەدەچێت ناوەکەی خۆی لەو پرۆژەیەوە وەرگرتووە. پرۆژەکەی شاری ڤێکخێۆ (sweden in a box) پێکهاتووە لە زانیاری سەرەتایی سەبارەت بە زمانی ئینگلیزی و زانیاری سەرەتایی سەبارەت کۆمەڵگەی سویدی.

ئەو پرۆژەیە لە مانگی مای ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە و تا ساڵی 2014 بەردەوام دەبێت. لە حاڵی حازردا 24 کەس بەشدارن و و دوو پۆلییان بۆ تەرخان کراوە یەکێکیان بۆ ئەو کەسانەیە کە زمانی داری قسە دەکەن و ئەوی دیکە بۆ کەسانی زمان سۆماڵی و عەرەبییە. یەکێک لە بەشداربووان روقییەیە کە خەڵکی سوماڵە.

-  لە وڵاتی خۆم ژنی ماڵەوە بووم ئەو کاتەی هاوسەرەکەم مرد دەستم کرد بە نان فرۆشتن، دوای ئەوە لە سوماڵ هەڵهاتم بەرەو ئەتیوپیا پاشان بەرەو سوید هاتم. ئاواتیشم ئەوەیە بتوانم مناڵەکانیشم بێنمە سوید ئەگەر خوا بیکات. ئێستا ماوەی 11 مانگە لە سویدم، پێشت هیچم نەئەزانی ئێستا سوپاس بۆ خوا فێری زۆر شت بووم دەربارەی سوید و فێربووم ناوی خۆم و پاشناوەکەشم بنووسم.

ئامانجی پرۆژە کە تەنها فێربوونی زمانی سوید ی و ناساندنی کۆمەڵگەی سوید نیی بەڵکە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە بەشداربوان لە بازاڕی کار نزیک بکەینەوە  تا کاریان دەست کەوێت، بەڕیوەبەری پرۆژەکە ماریانا پەین دەڵێت هەرچەندە بۆ کەسێک کە نەخوێندەوارە و نازانێت بنوسێ یان بخوێنێتەوە پرۆسەیەکی دورودرێژە و بۆ گەیشتن بە خەونەکانیان کاتی دەوێت بۆ نموونە بۆ کەسێک کە دەیەوێت وەک پەرستیار یاخود مامان کار بکات.

-   من پێم وایە هەندێک لەو بەشداربووانە دەبێت خەونەکانیان لە واقیع نزیکتر بکەنەوە و بە هیواکانیانا بچنەوە واتا چاوەڕوانی زۆر گەوەریان نەبێت، بەڵام لەهەمانکاتتدا باوەڕیشم وایە کە ئەو ژنانەی کە زۆر بە هیوان و هەوڵی جدی دەدەن دەتوانن خوێندنێک دەستەبەر بکەن و کارێک بەدڵی خۆیان وەربگرن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".