Foto: AP Photo/Osama Faisal, File/Scanpix

کۆنفرانسی جیهانیی کەشوهەوا لە قەتەر و بێهیواییەکان

ڕۆژی رابردوو کۆنفرانسی ساڵانەی ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پرسی کەشوهەوا لە دوحە، پێتەختی قەتەر پێکهات کە دوو هەفتە دەخایێنێ. ئەمە هەژدەهەمین کۆنفرانسی جیهانییە کە لە سەر بنەمای پرۆتۆکۆلی کیۆتۆ پێکدێ و بۆ ڕێککەوتن لەسەر بڕیارنامەیەکی جیهانی و کەمکردنەوەی دەرچووی ئالوودە بۆ ناو بازنەی کەشوهەوا تێدەکۆشێ. ئەوەی وڵاتانی جیهان بگەنە ئەنجامێک کە گشتیان وەها بکەن دنیا تەنیا دوو دەرەجە گەرم بێتەوە نەک زیاتر.

قەتەر دەیەوێ ببێتە پێتەختی دووچەرخەسواران، یا خود پاسکیلسواران، وزەی خۆرەتاو، سەرچاوی کارەبای ناوەندی کۆنفرانسەکە. ئەم دروشمانەی سەر ماڵپەڕی ڕەسمیی کۆنفرانسەکە وا دەکا کە لە زەینی خوێنەردا ئەم وێنەیە جێبکاتەوە کە قەتەر لە لوتکەی بزووتنەوەی ژینگە لە ناوچەی کەنداو هەڵکەوتووە.

لە گوێن قسەکانی یوان کۆیلێن‌شتەینا، بەڕێوەبەری گشتیی ئەنستیتووتی کاروباری ژینگە لە ستۆکهۆڵم دەبێ جیاوازیی نێوان ئاستی ویست و داخوازی وڵاتان لەگەڵ ئاستی چاوەڕوانیی وڵاتانی بەهێزدا بۆ وێنە سوید و یەکێتیی ئەورووپا لەبەر چاو بگیرێ هەرچەند ئەم چاوەڕوانییە لە زۆر وڵاتی بەشداردا بەگشتی بەرز نییە.

کۆیلێن‌شتەینا دەڵێ ئەم جیاوازییە دەبێ بکرێ و ئەوەش ڕوونە کە چاوەڕوانیی ئێمە لەم کۆبوونەوەیەی دۆحە هەر ئێستا زۆر بەرز نییە بەڵام بێگومان ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە چون دەزانین کە چارەسەریی سیاسیی بەهێز بۆ ئەم کێشانە هەن.

ئەرکی میوانداریی ئەم کۆنفرانسە جیهانییە لەسەر ئاڵۆگۆرەکانی کەشوهەوا هەر ساڵەی دەدرێتە یەکێ لە وڵاتانی ئەفریقا، ئاسیا و ناوچەی ئوقیانووسی ئارام، ئەورووپای ڕۆژهەڵات، ئەمریکای باشوور و ئەورووپای ڕۆژاوا. ساڵی رابردوو، شاری دوربان لە ئەفریقای باشوور ئەرکی میواندارییەکەی کەووتبووە سەر شان و ئەمجار نۆرەی ئاسیایە و قەتەر سەر لە ئاخر گۆی ئەم پشێبڕکییەی لە کۆریای باشوور بردەوە و ئەم بەرپرسییەی درایێ. ساڵی ڕابردوو لە پلاتفۆرمی دورباندا بڕیار لەسەر ئەوە درا کە کار بۆ نووسرانی ڕێککەوتننامەیەکی نوێی جێپەسەندی گشت وڵاتانی جیهان بکرێ کە هەموو لایەک بگرێتەوە. ڕێککەوتننامەکە ساڵی ٢٠١٥ بەتەواوی ئامادە بکرێ و ساڵی ٢٠٢٠ بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. یوان کۆیلێن‌شتەینا دەڵێ دەبێ ئاستی ویست و داخوازی وڵاتان بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی دەرچوو دەبێ بەرز بکرێتەوە، ئەمەش سەرەڕای هەموو نەیارییەک کە دەکرێ بەتایبەت لەلایەن ئەو وڵاتانەی ئاستی چاوەڕوانییەکانی ئێمە نزم دەکەنەوە.

بەڕای سوید، ئەمە خولێکی نوێی بەرپرسییە لە پرۆتۆکۆلی کیۆتۆ و لە قۆناغێكی چارەسەری دەچێ چون تەنیا کار بۆ دابەزاندنی دەرچووی زیانمەندی وڵاتان بۆ ناو کەشوهەوا بەڕێژەی ١٥ لەسەد دەکا. بۆیەش سوید ئامادەیی هەیە کە کار بۆ شكڵدان بەم ڕێککەوتنەی پرسی کەشوهەوا بکا کە هەموو وڵاتێک بگرێتەوە و ئێستا بەڵگەی باش لەبەر دەست دان کە بەپێچەوانەی ڕابردوو نیشان دەدەن کە دەبێ لە ئامادەکردنیدا پەلەبکرێ.

هەفتەی ڕابردوو بانکی جیهانی بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەیەکی توێژینەوەی ئەڵمانی ڕاپۆرتێکیان لەسەر کەشوهەوا پێشکەش کرد کە بۆنموونە تێیدا دەگوترێ کە گەرمبوونی گۆی زەوی لە ساڵی ٢٠٦٠دا چوار پلە زیاد دەکا و ئەمەش دوو هێندەی ئەو ئاستەیە کە دوو ساڵ لەوەپێش لە کۆنفرانسی کۆپینگهاگدا ئاواتی خوازرابوو وڵاتان هەوڵ بدەن ڕایبگرن. یوان کۆیلێن‌شتەینا، بەڕێوەبەری گشتیی ئەنستیتووتی کاروباری ژینگە لە ستۆکهۆڵم دەڵێ ئەم توێژینەوەیە بەڵگەیەکی باشی داوینەتێ کە دەکرێ ببێتە بنەمای کار:

یوان کۆیلێن‌شتەینا دەڵێ گرفتەکە لێرەدا لێکۆڵینەوەکە نییە بەڵکوو ئەو گرێپووچکە سیاسییانەیە کە هەن و بوونەتە تەگەرە. ئەوەی لێرەدا دەبێ چارەی بێتێ جیاوازیی ڕوانگە و بۆچوونەکانە و ئەوەی بەرپرسییەکان چۆنن و کام وڵاتان دەبێ زیاتر لەوانی تر هەوڵ بۆ داشکاناندنی ڕێژەی دەرچووی زیانمەندی بۆ کەشوهەوا و گازی ناودێر بە گوڵخانەیی (växthusgaser) بکا. ئەوەی کام وڵات لە ماوەیەکی یەکجار زۆردا گازێکی زۆری گوڵخانەیی بڵاو کردۆتەوە و ئێستا بەرپرسیی کەمکردنەوەی لەسەرە زیاترە، وڵاتانێک وەک چین و هیندستان کە ڕەوتی گەشەیان یەکجار بەهێز و خێرایە.

کۆنفرانسی ساڵی رابردوو لە دوربان، گەلێ بێهیواییشی لێکەوتەوە: وڵاتانی رووسیا و ژاپۆن و نیازیلەند گوتبوویان کە وەدوای نموونەی کەنەدا و ئەمەریکا دەکەون. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەمەریکا هەرگیز پەسندی پرۆتۆکۆلی کیۆتۆی نەکردوە و ژێر ڕێککەوتننامەکانی بۆ پێکهێنانی کۆبوونەوەی‌تر واژۆ نەکردووە. ئەمەش جێگەی نیگەرانیی گەلێ لە وڵاتان بووە. بە ڕای یوان کۆیلێن‌شتەینا، بەڕێوەبەری گشتیی ئەنستیتووتی کاروباری ژینگە لە ستۆکهۆڵم، ئەمە گەلێ نادادپەروەرانەیە. چون ئەمانە بنەمای هەموو گەشەیەکن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".