دووڕەگەزنامەیی کێشە نییە لە سویددا

ئایا دووڕەگەزنامەیی دەبێتە بەرگر لەبەردەم وەرگرتنی کاردا؟ ئەمە یەکێکە لەو پرسیارانەی لەم دواییەدا سەرییان هەڵدا پاش ئەوەی دەرکەوت پارتی ناسراو بە دژەبیانی سڤارییەدیموکراتەنا پێشنیارێکی دابووە پەرلەمان تێیدا داوای کردبوو کە ئەو کەسانەی ڕەگەزنامەی دوو وڵاتییان هەیە نابێت بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێن. لە وەڵامی ئەو پێشنیازە سیاسەتناس لە زانکۆی ستۆکهۆلم یۆوان سوندستریۆم دەڵێت هیچ جۆرە سنوردارییەکی لەو شێوەیە لە سویدا نییە. 

-  کەسێک کە ڕەگەزنامەی دوو وڵاتی هەبێت دەتوانێت ببێتە سەرەکوەزیرانیش، ئەوەی کە من بیزانم هیچ جۆرە سنوردارییەک لەو بوارەدا بە هۆی دوو ڕەگەزنامەییەوە نییە و ئەو مەرجەی بۆ بوونە ئەندامی پەرلەمان دانراوە ئەوەیە کە کەسەکە دەبێت ڕەگەزنامەی سویدی هەبێت.

ساڵی 2001 بڕیارێکی نوێ لە یاسایی ڕەگەزنامەی سویددا درا ئەویش ئەوەیە کە ئەو کەسانەی ڕەگەزنامەی سویدی وەردەگرن بۆیان هەیە ڕەگەزنامەی وڵاتی خۆشیان هەبێت، هەر لەو پێوەندەدا ساڵی پار 36 هەزار کەس ڕەگەزنامەی سویدییان وەرگرت.

یەکێک لەو کەسانەی کە دوو ڕەگەزنامەی هەیە ئەندامی پەرلەمان لەسەر لیستی مۆدێراتەکان حەنیف بالییە کە ڕەگەزنامەی ئێرانی و سویدیشی هەیە، ئەو دەڵێت ئەو پێشنیازەی سڤارییەدیموکراتەنا داویانەتە پەرلەمان باش بیریان لێ نەکردۆتەوە.

-  ئەو پێشنیازە جێی پێکەنینە و پێشنیازێکی جدی نییە، چونکە بۆ نموونە ئەو کەسانەی ڕەگەزنامەی ئێرانیان هەیە بە پێی یاسای ئێرانی بۆیان نییە واز لە ڕەگەزنامەی ئێرانی بهێنن تەنانەت منداڵ و نەوەکانیشیان بۆیان نییە واز لەو ڕەگەزنامەیە بهێنن، واتە دەبێت هەردوو ڕەگەزنامەکەیان هەبێت ئێرانی و سویدی.

دەستگەی هێزی بەرگریی سوید مەرجی توندوتیژیان بۆ دامەزراندنی کارمەندانییان هەیە یۆران ئولسۆن کە بەڕێوەبەری پرسی دادە لەوێ دەڵێت لە یاسای ئاسایشی ئێمەدا مەرجێک هەیە کە دەڵێت ئەو کەسەی بییەوێت لای ئێمە کار بکات دەبێت ڕەگەزنامەی سوید هەبێت ئەو کەسەی ئەو مەرجە پڕ بکاتەوە لای ئێمە وەردەگیرێت و لە حاڵی حازردا سوید دوو ڕەگەزنامەییی قوبووڵە.

سەرەتای پاییزی ئەمساڵ بوو پارتی سڤارییەدیموکراتەنا پێشنیازێکیان خستە بەردەم پەرلەمان تێیدا داوی ئەوەیان کردبوو کە بە یاسا قەدەغە بکرێت کەسانێک کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە بۆیان نەبێت ببنە ئەندامی پەرلەمان، ئەم پێشنیازەی سڤارییەدیموکراتەنا هەفتەی ڕابوردوو ئاشکرا بوو هاوکات دەرکەوت کە سڤارییەدیموکراتەنا هەوڵی ئەویان داوە بزانن کە چەند ئەندام پەرلەمان هەیە کە دوو ڕەگەزنامەیین، پرسیار ئەوەی کە کێشە چییە لەوەی کە ئەندام پەرلەمانێک ڕەگەزنامەی دوو وڵاتی هەبێت.

-  ماتتیاس کارلسۆن کە یاریدەدەری بەرپرسی گروپی پارتی سڤارییەدیموکراتەنا لە پەرلەمان دەڵێت لەهەندێک هەڵوێست و کاتتدا شتێکی سەیر دەردەچێت گەر کەسێک وەفاداریی بۆ دوو وڵات هەبێت.

لەو وەڵامەوە پرسارێکی دیکە دێتە کایە ئایا وەفاداریی بۆ دوو وڵات چ کاریگەرییکی خراپی دەبێت، ئێڤا کرامەر یێنسفێلت لە دەستگەی ئاسایشی سویدییەوە سێپۆ دەڵێت تا ئێستا هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەو پرسەدا نەبووە و کاری ئەو کەسانی لای ئێمە کار دەکەن و دوو ڕەگەزنامەیان هەیە  باش چۆتە پێش.

بەرپرسی داد لە دەستگەی هێزی بەرگریی سویدیش یۆران ئۆلسۆنیش هەمان شت دوو پات دەکاتەوە کە ئەوانیش پرسی وەفاداریی بۆ دوو وڵات بەهۆی دوو ڕەگەزنامەیی کارمەندەکانیان نەبووەتە کێشە. 

پێوانەی ڕادەی دڵسۆزیی بەپێی ڕەگەزنامەی کەسێک هاوکێشەیەکە پێک نایەتەوە ئەگەر لەوە بترسیت کەسێک بەهۆی دووڕەگەزنامەییەوە سیخوڕی لە نێو پەرلەماندا بکات، زۆر ئاسانە چونکە گەر کەسێک نیازیی سیخوڕیی هەبێت ئەوا واز لە ڕەگەزنامەی خۆی دێنێت و تەنها رەگەزنامەی سوید دەهێڵیتەوە، جا ئەگەر کێشەیەکی لەو جۆرە و هەڕەشەی وا لە سویددا هەبێت ئەو دەستگەی تایبەت هەن کە چاودێری دەکەن بۆ نموونە دەستگەی سێپۆ، بۆیە بەکارهێنانی ڕەگەزنامە بۆ پێوانی دڵسۆزیی هاوڵاتییان  ئامێرێک بێکەڵک و کولە، بەڕای ئەندام پەرلەمان لەسەر لیستی مۆدێراتەکان، هەنیف بالی.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".