Foto: Fredrik Sandberg/Scanpix

کۆنترۆڵکردنی بێمۆڵەتە بێبەڵگەکان ڕەخنەی لێگیراوە

ئەو کارەی پۆلیسی ستۆکهۆلم لە میترۆکاندا بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە ئەنجامی دەدات کە بێمۆڵەت و بێبەڵگە بە نایاسایی لە سویددا دەژین (papperslösa) دژ بە پەیماننامەکانی یەکییەتی ئەورووپایە بەڕای هێنریک باریکڤیست ڕاوێژکار لە نوسینگەی حوکوومەت و پسپۆڕی بواری مافەکانی مرۆڤ.

-   ئەوەی کە پۆلیس مافی ئەوەی هەیە لە چوارچێوەی یاسای کارەکانیاندا مافی ئازادی کەسێک زەوت بکات کارێکی یەکجار هەستیارە هەر بۆیە چەندین ڕێسا دانراون بۆ نموونە لە پەیماننامەی ئەورووپا و دادگای ئەورووپادا سنور بۆ کاری پۆلیس دیاری دەکات تا دەسەڵاتەکەیان خراپ بەکارنەهێنن. هێنریک باریکڤیست ڕاوێژکار لە نوسینگەی حوکوومەت و پرۆفێسۆری بواری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە بەندەکانی ئەو پەیمانامەیەدا هاتووە کە پۆلیس بۆی نییە داوای پێناسە لە هیچ هاوڵاتییەک بکات گەر بنەمایەکی پتەو بۆ گومانی تاوانکارییەک نەبێت.

دەبێت پۆلیس و دەوڵەت گومانێکی بەبنەمای سەبارەت بە تاوانێک هەبێت تا بتوانێت کەسێک بوەستێنێت و لێپرسینەوەی لێ بکات باریکڤیست هەروەها دەڵێت گەر سکاڵا دژ بە سوید لەسەر ئەم کارە بدرێتە دادگای ئەورووپا ئەگەرێکی زۆر هەیە سزا بدرێت.  بەڵام بۆ ئەوە هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە دەبێت کەسێک هەبێت توشی ئەو کردارە هاتبێت و سەرەتا ئەو پرسە بگەیەنێتە  دامودەستگەی دادی سویدی.  

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی مێدیا چەندنین کەس لە میترۆکاندا داوای پێناسەیان لێ کراوە هەرچەندە بلیتی سەفەرکردنیان پێ بووە. نۆ لە دەی ئەو کەسانەی کە  پۆلیس داوای پێناسەی لێ کردون مافی مانەوەیان لە سویددا هەبووە واتا بە پێچەوانەی گومانەکانی پۆلیسەوە.  تەنها لە ماوەی ئەم مانگەدا ڕۆژانە نزیکەی 26 وەستێنراوە و لە مانگی جانوەریشدا 716 کەس، پاشان دەرکەوت لە  670 پۆلیس هەڵەی کردبوو. زۆربەی ئەو کارەش پۆلیس بە جلی مەدەنییەوە ئەنجامی دابوو، بەرپری پۆلیسی سنور سیۆرەن کلێرتۆن پێش ماوەیەک ڕایگەکاند لەو هەڵانە دەکۆڵینەوە بەڵام دەڵێت گەرەنتی ئەوە نادەین کە خەڵکی بەهۆی ڕوخسار و ڕەنگیانەوە لێ نەکۆڵرێنەوە.

لەلایەکی دیکەوە هاوکاری کلێرتۆن بەرپر لە دەستگەی پۆلیسی سنوور پار ئونو یوهانسۆن دەڵێت ئێمە خەڵکی ڕاوەدوو نانێین بەڵکە کۆنترۆڵ دەکەین و بەهیچ شێوەیەک بەهۆی ڕەنگ و ڕوخسار یاخود پاشخانی ئیتنیکی گومان لەخەڵکی ناکەین ئێمە بنەمای یاساییمان بۆ لێپرسینەوە هەیە و پۆلیسەکانیشمان ڕاهێنراو و شارەزان، بەڵام سەیر نییە ئەگەر هەڵەش ڕوو بدات.

جێی باسە ئەم کارەی پۆلیس بە هاوتەریبی ئەو پرۆژەیە دەزانرێت کە بە ناوی (REVA) ماوەی ساڵێکە بەڕێوە دەچێت و ئامانج لێی دەست بەجێ ناردنەوەی بێمۆڵەتە بێبەڵگەکانە ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە، جگە لەوەی کە خەڵکی بەهۆی ڕەنگ و ڕوخساریانەوە بەگومانی بێمۆڵەتی داوای پێناسەیان لێ دەکرێت ڕێگەی دیکەی تریش گیراوەتە بەر بۆ نموونە بەبیانووی کۆنترۆڵکردنی مەیخۆری لە کاتی ئوتومبێل لێخوڕین، گەرنا لەڕێی تۆماری مارەبڕێن و لیستی نەخۆشخانەکانەوە. هەروەها لە میترۆکاندا بە بیانوی کۆنترۆڵی بلیتی سەفەرەوە داوای پێناسەشیان لێ کراوە، پۆلیسی سنور یوهانسۆن دەڵێت ئەم کارەمان لە چوارچێوەی یاسای تایبەت بە بیانییان ئەنجام داوە، هەمیشە هەر وابووە و شتێکی نوێ نییە هیچ پەیوەندییەکیشی بە پرۆژەی ڕێڤاوە نییە.

ئەم کارە ناپەسەندە دژ بە ڕەوتی یاساکانە و چی زووە دەبێت پۆلیس لەو ڕەفتارەیان بکۆڵنەوە چونکە بۆتە مایەی نیگەرانی و دەڵەڕاوکێی هاوڵاتییان. وەزیری هاوگونجی ئێریک ئولێنهاگ هەفتەی پێشوو ڕای گەیاند.

ئەو کارەی پۆلیس لە کاتێکدایە کە لەساڵی 2009 ەوە حوکوومەت بڕیاری دا کە دەستگە بەرپرسەکان کاری جدی بۆ ناردنەوەی ئەو پەناخوازانە بکەن کە بێمۆڵەت لە سویددان و بڕیاری ناردنەوەیان دەرچووە. ئولێنهاگ دەڵێت ئەمە مانای ئەوە نییە بەو شێوەیە بەدوایاندا بگەڕێین بەڵکە دەبێت ڕێگەی دروست بگیرێتە بەر.

سەبارەت بەم ڕەخنانە پار ئونو یوهانسۆن بەرپرس لە پۆیسی سنوورەوە دەڵێت زۆر نیگەران دەبم لە لێدوانی هەندێک سایسەتمەدار و کەسانی دیکە کە خۆم و هاوەڵەکانم وەک ڕاسیست وێنا دەکەن ئێمە ڕەوتی یاسامان گرتووە و مەبەستمانە کارەکانمان بە دروستی  و دوور لەو جۆرە تۆمەتانە ئەنجام بدەین.

   

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".