Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på https://kundo.se/org/sverigesradio/
foto: Scanpix

ڕەنگە ڕێ بە دووگیانبوون لەبری کەسێکی دیکە بدرێت

دایکایەتی لەبر، دایکایەتی سوروگات (Surrogatmödraskap) واتا دووگیان بوون لەبری کەسێکی دیکە کە منداڵی نابێت ڕەنگە لە سویددا بێتە یاسایی. ئەو پرسە کە تا ئێستا زۆری جێی باس و پرسیار بووە لەلایەن لیژنەی دەوڵەتی تایبەت بە ڕەوشتیی دەرمانسازیی (statens medicinisk-etiska råd) خراوەتە بەر باس و ئەمڕۆ ڕاپۆرتێک لەو بارەیەوە پێشکەش دەکرێت، زۆرینەی لیژنەکە لەگەڵ گۆڕینی یاساکاندان بەشێوەیەک کە ڕێ بە هاوسەری هێترۆسێکسوێل واتا ژن و مێردێک بدرێت کە بۆ نموونە ژنەکە منداڵی نابێت یاخود هاوسەرە هۆمۆسێکسوێلەکان کە داوا لە هاوڕێیەک یان خزمێکیان بکەن لەبری ئەوان منداڵیان بۆ بێننە دونیا ئەویش لەڕێی هەڵگرتنی تۆو یاخود هێلکە و تۆوی دووهاوسەرەکە ئەگەر نا هێلکەی دایکی لەبر بەکاردێت.

- بەرپرسی لیژنەی دەوڵەتی تایبەت بە ڕێنمایی ڕەوشتیی لە بواری دەرمانسازیدا شێل ئاسپلوند دەڵێت ئیتر کاتی ئەوە هاتووە لە سویددا دایکایەتی سوروگات بێ مەبەستی بازرگانی ڕێ پێ بدرێت.

سەبارەت بە هاتنە کایەی ئەم پێشنیازە ئاسپلوند دەڵێت پێش هەژدە ساڵ لێکۆڵینەوەیەکی لەو جۆرە سازکرا و لەوکاتەوە گۆڕانکارییەکی گەورە و پێشکەوتنی تەکنیکی لە بواری دەرمانسازی و گۆرانکاری لە ڕوانگەی کۆمەڵگە بۆ پرسە ڕەوشتییەکان ڕووی داوە، بۆ نموونە منداڵبوون لە ڕێی چاندنی بلورییەوە (provrörbefruktning) ماوەیەکی زۆر لای خەڵکی شتێکی سەیر و ناسروشتی بوو کەچی ئێستا ساڵانە 3000 منداڵ لە سویددا بەو رێگەیە دێنە دونیاوە.  

شێل ئاسپلوند بەرپرسی لیژنەی دەوڵەتی تایبەت بە ڕەوشتی دەرمانسازیی دەڵێت لە حاڵی حازردا پرۆسەی دایکایەتی سوروگات، دایکایەتی لەبر لە دەرەوەی وڵات و بەپارە ئەنجام دەدرێت. بۆ نموونە لە هندستان، ئوکرانیا و چەند ولایەتێکی ئەمەریکا سکی ژنێک بۆ دروستکردنی منداڵ بەکرێ دەگیرێت. ئەوەش زۆر جار دەبێتە هۆی خراپ کەڵکوەرگرتن لە توانای جەستەی کەسێکی دیکە لەبەرامبەر پارەیەکی کەم.

جا بەپێی ئەو پێشنیازەی لە لێکۆڵینەوە دەوڵەتیەکەدا هاتووە ئەو ڕێ پێدانە بەو مەرجەیە کە نابێت هیچ جۆرە مەبەستێکی بازرگانی و پارەی تێ بکەوێت و دەبێت لەڕێی هاوڕێی نزیک و کەسوکارەوە ئەو پرۆسەیە واتا منداڵەکە دروست بکرێت. واتا دایکی لەبر دەبێت بە ئارەزووی خۆی کۆرپەلە بۆ هاوسەرە بێمناڵەکان هەڵبگرێت.

لە پرۆسەی دایکایەتی سوروگاتدا چەند لایەنێکی گرنگ دەبێت لەبەرچاو بگیرێن، ئەو هاوسەرانەی منداڵەکەیان دەوێت، سوروگات - دایکەکە و خێزانەکەی و ئەگەر پێویست بکات ئەو کەسەی کە  هێلکە یاخود سپێرم دەبەخشێت، هەروەها ئەو منداڵەی کە لەدایک دەبێت. بەڵام منداڵەکە لە هەموو لایەنەکانی دیکە گرنگترە  و دەبێت بەهەند بگیرێت بەتایبەت ئەوەی کە منداڵەکە نەژادی خۆی و دروستبونەکەی بزانێت.

بەپێی سەرۆکایەتی کاروبارە کۆمەڵایەتییەکان لەحاڵی حازردا 100 منداڵ لە سویدا هەیە کەلە دایکێکی سوروگات لە دەرەوەی وڵات لەدایک بوون و تا ئێستا هیچ یاسایەک نییە بۆ دیاریکردنی دایکوباوکی یاسایی ئەو منداڵانە. ئەمە بەسەر ئەندریاس و هاوسەرەکەی کە خێزانێکی هۆمۆسێکسوێلن هاتووە و

ئەندریاس دەڵێت چوار مانگی خایاند تا بە یاسایی دایکوباوکی منداڵەکەمان تۆمار کرا.

ئەندریاس و هاوسەرەکەی پێشوازی لەم پێشنیازەی دەوڵەت دەکەن و خۆیان کچەکەیان لەڕێی دووگیانیی ژنێک لە هیندستانەوە و بەپارە هێناوەتە دونیا.

جێی ئاماژەیە مەرجێکی گرنگ لە پرۆسەی دایکایەتی لەبردا ئەوەیە کە ئەو کەسەی دەبێتە سوروگات- داییک دەبێت پێشتر منداڵی بوو بێت و بۆ ئەگەری گونجاویی ئەو دایکە پشکنینێکی تایبەت دەکرێت تا لەوە دڵنیایی بکرێت کە ئەو دایکە لە دەرئەنجامە دەروونی و جەستەییەکانی ئەو کارەی بەئاگایە.

 دەوڵەت پێش و لەماوەی دووگیانی و دوای منداڵبوون یارمەتی لە شێوەی ڕێنمایی دەرونی و جەستەیی پیشکەش بە و دایکە و ئەو هاوسەرانە دەکات کە منداڵەکە وەردەگرن و ئەوە خێزانەشی منداڵەکە دێننە دونیا.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".