Foto: Henrik Montgomery/Scanpix

مۆدێراتەکان لە سیستێمی ئازادیی هەڵبژاردن پەشیمان بوونەتەوە

بەپێچەوانەی چاوەڕوانیی هاوپەیمانەکانییەوە بەڵام هاوڕای پارتی چەپ دوێنێ مۆدێراتەکان لەو هەڵوێستەیان پەشیمان بوونەوە کە کۆمۆنەکان ناچار بکرێن ڕێ بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بدەن کە بۆ نموونە خزمەتگوزاریی چاودێری بەساڵاچووان بەڕێوەبەرن. لەبەرئەوەی هەلومەرجەکانی هەر کۆمۆنێک لەوەی دیکە جیاوازە و دەبێت خۆیان بڕیار بدەن سیستێمی ئازادیی هەڵبژاردن چۆن پەیڕەویی لێ بکرێت، ئاننا کینباری ماترا لە گروپی کاری مۆدێراتەکان تایبەت بە پرسی سیستێمی خۆشگوزەرانی لەگەڵ چەند نوێنەرێکی دیکە لە ڕۆژنامەی (Dagens Nyheter) دوێنێ نوسیوویانە.

- لەبری باس لە سیستێم و بەڕێوەبەرانی خزمەتگوزارییەکان دەمانەوێت جەخت لەوە بکەینەوە کە گرنگ ئەوەیە سیستێمی خۆشگوزەرانی باش کار بکات، ئاننا کینباری باترا بەرپرسی گروپی مۆدێراتەکان لە پەرلەمان بۆ بەشی هەواڵەکانی تەلەفزیۆنی سوید دەڵیت گرنگ نییە کێ و کام کەرتە خزمەتگوزاری بەساڵاچووان بەڕێوە دەبات بەڵکە گرنگ ئەوەیە بڕیار لە دەستی هاوڵاتی خۆیدا بێت و بتوانێت مەرج لەسەر ئەو لایەنە دابنێت کە خزمەتگوزارییەکە پێشکەش دەکات جا کەرتی تایبەت بێت یاخود گشتی.  

ئەم هەڵوێست گۆڕینەی مۆدێراتەکان لە سیاسەتی تایبەت بە سیستێمی خۆشگوزەرانی و پرسی ئازادیی هەڵبژاردن ناکۆکییەکی خستۆتە نێو هاوپەیمانیی ڕاستەوە، مۆدێراتەکان بە پێچەوانەی هەڵوێستی پێشوویان دەڵێن کۆمۆن و پارێزگاکان نابێت ناچار بکرێن بوار بۆ کەرتی تایبەت بکەنەوە بۆ نموونە لە بواری فێرگا، بواری چاودێریی (omsorg) و خزمەتگوزاریی تەندروستی (vård). ئەم پەشیمانبوونەوەیە لە ڕیفۆرمێک کە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە هەنگاوێکی پەسەند نییە بەلای مەسیحییەدیموکراتەکانەوە.

-هەڵبەتە هەر پارتێک هەڵوێستی تایبەتی خۆی هەیە بۆ ئێمەی مەسیحییەدیموکراتەکان زۆر گرنگە بڕیار لە دەستی هاوڵاتی خۆیدا بێت، یۆران هێگلوند سەرۆکی مەسیحییەدیموکراتەکان دەڵێت کاتێک دێتە سەر پرسی تەندروستی و چاودێری دەبێت نەخۆش لە بەرچاو بگیرێت. جا بەڕای من دەبێت پرسی یاسای هەڵبژاردنی ئازاد زۆرەملیی بێت.

یاسای هەڵبژاردنی ئازاد (Lagen om valfrihetssystem) چوار ساڵە لە سویددا پەیڕەویی لێ دەکرێت و ئامانج لێی ئەوەیە کە بۆ نموونە هاوڵاتی خۆی ئەو جۆرە تەندورستی و چاودێرییە هەڵبژێرێت کە پێی باشە بۆ ئەوە جگە لە خزمەتگوزاریی کەرتی گشتی واتا دەوڵەتی بۆ نموونە کە کۆمۆنەکان پێشکەشی دەکەن دەبێت بوار بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتیش بدرێت لەو خزمەتگوزارییە پیشکەش بکەن، بەپێی ئەو یسایە کۆمۆنەکان ناچاردەکران کە ڕێ بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بدەن لەو خزمەتگوزارییانە بکەنەوە تا ئێستا نیوەی کۆمۆن و پارێزگاکان لە سویددا پەیڕەویی لەو یاسایە دەکەن .

-  ئاننا کینباری باترا بۆ بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید ئێکۆت دەڵێت باشتر وایە کۆمۆنەکان خۆیان بڕیار بدەن کامە کەرت و لایەن ئەو جۆرە خزمەتگوزارییانە پێشکەش دەکەن لەبەرئەوەی هەر کۆمۆنە هەلومورجی تایبەتی خۆی هەیە و باترا دەڵێت باشتر وایە کات بەوە نەکوژین کامە لایەن خزمەتگوزارییەکە پێشکەش دەکات بەڵکە لەبری ئەوە چۆن سیستێمی خۆشگوزەرانی گەشە پێ دەدەین. ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئێمە کە نامانەوێت قازانج لە بواری سیستێمی خۆشگوزەرانیدا ببێتە ئامانج، سەرۆکی پارتی چەپ یوناس خیۆستێد دەڵێت.

- حوکوومەت ناوێرێت بەو پرسەوە بچێتە هەڵبژاردنی داهاتووەوە، کە کۆمۆنەکان ناچار بکات بۆ نموونە خزمەتگوزاریی بەساڵاچووان بدرێتە دەست کەرتی تایبەت. ئاخر ئەمە پرسێکی هەستیارە خیۆستێد دەڵێت لایەنگرانێکی زۆری مۆدێراتەکان خۆشیان  پێیان باش نییە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کە بە سەرمایەی مەترسیدار (riskkapital) دەژی خزمەتگوزاریی بەساڵاچووان بەڕێوە بەرێت.

-  من زۆر شادوومان بووم بەم بڕیارەی مۆدێراتەکان چونکە ئەمە گەورەترین شکستە لە سیاسەتی بەتایبەتکردندا کە چەندین ساڵە حوکوومەت بەڕێوەی دەبات. خیۆستێد دەڵێت.

چەپ دڵخۆشە و هاوپەیمانە ڕاستەکانیش سەرسوڕماو لە هەڵوێست گۆڕینەکەی مۆدێراتەکان ئەمە لە کاتێکدا کە لێکۆڵینەوەیەکی دەوڵەتی لەلایەن وەزیری پرسی منداڵان و بەساڵاچووان لەسەر لیستی مۆدێراتەکان مارییا لارشۆن لەسەر ئەوە بەڕێوە دەچێت کە حوکوومەت داوای ئەوەی کردبوو ئەو کۆمۆنەی پەیڕەوی لە یاسای هەڵبژاردنی ئازاد نەکات دەبێت ناچار بکرێت.  

جا پێش ئەوەی دەرئەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە دەربچێت مۆدێراتەکان سەرۆکی بەرەی هاوپەیمانی ڕاست لە هەڵوێستی خۆیان پەشیمان بوونەتەوە و بەو شێوەیە درزێکیان کردۆتە سیاسەتی هاوبەشی حوکوومەت کە بەدەست بەرەی ڕاستەوەیە. مۆدێراتەکان چیتر نایانەوێت ئەو یاسایە لەسەر کۆمۆنەکان زۆرەملێی بێت. ئەم هەلوێستە نویێەی مۆدێراتەکان لە ژمارەی دوێنێی ڕۆژنامەی (Dagens Nyheter) دا لەلایەن چەند نوێنەرێکی مۆدێراتەکانەوە ڕاگەیەنراوە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".