foto: scanpix

پەنابەرە سورییەکان ناتوانن کەسوکاریان بهێننە سوید

ئەو پەنابەرە سورییانەی لەم دواییەدا هاتوونەتە سوید نزیکەی هەموویان مۆڵەتی مانەوەی کاتی وەردەگرن، مۆڵەتەکە بۆ ماوەی سێ ساڵە بەڵام مافی ئەوەیان نییە کەسوکار و باقی ئەندامانی خێزانن بهێننە سوید. ساڵی پار شەش لە دەی پەنابەرانی سوری مۆڵەتی مانەوەیان وەرگرت ئەمساڵ زیادی کرد بۆ حەوت لە دەی پەنابەران.   

-  دوو کچەکەم و هاوسەرەکەم لە سوریا ماونەتەوە ئێستا نازانم چی بکەم هەرچی پارەمان هەبوو لەگەڵ کوڕەکەم بۆ ئەم سەفەری سوید خەرجمان کرد، سەعیدە لە یەکێک لە کامپەکانی دەرەوەی شاری ئیۆستەرشوند ماوەی دوو مانگە چاوەڕێی مافی مانەوەیە لە سویددا، ئەگەرێکی زۆر بەهێز هەیە کە سەعیدە مافی مانەوە وەربگرێت وەک هەموو ئەو سورییانەی دیکە کە بەهۆی جەنگەوە ئەم ماوەیەی دوایی هاتوونەتە سوید، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەو مۆڵەتی مانەوەیەی دەدرێتە سەعیدە کاتییە و بۆ ماوەی سێ ساڵە لەو ماوەیەشدا بۆی نییە کەسوکار و باقی ئەندامانی خیزانی بێنێتە سوید. ئەمە حاڵی 7 لەدەی ئەو پەنابەرە سوریانەیە کە لە ماوەی ئەمساڵدا مۆڵەتی مانەوەیان وەرگرتووە.  ساڵی پار ئەو ڕێژەیە شەش لە دە بوو.

ئەوەی گرنگە بەلای ئەو پەنابەرە سوریانەوە یەکگرتنەوەیە لەگەڵ باقی ئەندامانی خێزاندا ئەوەش بە مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەیی دەکرێت. فریدریک بێیەر بەرپرسی دادە لە دەستگەی کۆچ  دەڵێت لە نیگەرانی ئەو پەنابەرانە تێدەگەم کە دەیانەوێت کەسوکاریان بێننە سوید بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئێمە پەیڕەوی لەو رێنماییانە دەکەین کە پێشتر بڕیاریان لەسەر دراوە.

بۆ ئەوەی پەنابەرێک بتوانێت کەسوکاری بهێنێتە سوید دەبێت هۆکاری ناوازە و هەستییار هەبن بەپێی پێناسەی دەستگەی کۆچ، جا بۆ ئەوەی ئەو ڕێنماییانە بگۆڕدرێن کە لە حاڵی حازردا پەیڕەوییان لێ دەکرێت دەبێت بڕیارێکی ڕێنیشاندەر بدرێت واتا بڕیارێک کە چیتر دۆزی پەنابەرانی سوریا  بەشێوەیەکی دیکە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و ببێتە نموونە بۆ دۆزی لەو جۆرە.

پارتی ژینگە و حوکوومەت لەسەر پرسی کۆچ سیاسەتێکی هاوبەش و هاوکارییان هەیە بەڵام فێرم هیوای بەوە نییە لایەنی حوکوومەت بهێننە سەر باوەڕی خۆیان و دەڵێت مەگەر ئەو پرسە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بوروژێنینمارییا فێرم وتەبێژی پرسی کۆچ لە پارتی ژینگە دەڵێتدەبوا بواری ئەوە هەبێت کە مۆلەتی مانەوەی هەمیشەیی بدرێتە خێزانە سورییەکان یاخود ئەوانەی کە بۆ ماوەی سێ ساڵ مۆڵەتی مانەوەیان هەیە بۆیان هەبێت باقی ئەندامانی خێزانەکانیان بهێننە سوید. –

-  ئەم حاڵەتەش بۆ ئەو کەسانەیە کە هەموو ئەندامانی خێزانەکە بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانیان ڕایان کردووە.

هەرچی وەزیری کۆچ توبییاس بیلستریۆمە لە وەڵامی فێرم دەڵێت سیاسەتی کۆچ وا داڕێژراوە کە جیاوازی لە نێوان مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەیی و مۆڵەتی کاتییدا هەبێت، ئینجا سویدیش ئەرکێکی زۆری پەنابەرە سورییەکانی گرتۆتە ئەستۆو دووەم وڵاتە لە دوای ئەڵمانیان لە نێو وڵاتانی یەکییەتی ئەورووپادا لە پێشوازی کردن لە پەنابەرانی سوری.  

بەڵام لە حاڵی حازردا حوکوومەت بەنیاز نییە ڕێساکان بگۆرێت، گەر ڕێ بەو کەسانە بدرێت کە مۆڵەتی مانەوەی کاتییان هەیە خێزانیان بێننە سوید کارێکی هەڵە و زاڵمانەیە، بەڕای وەزیری کۆچ توبییاس بیلستریۆم.

-   ئەو ڕێسای مافی مانەوەیە وا داڕێژراوە کە ئەو کەسەی مۆڵەتی مانەوەی کاتیی وەردەگرێت نەکەوێتە بارێکی وا کە خێزان و ماڵ ومناڵ بهێنێتە سوید و پاشان کاتی مۆڵەتەکەیان بەسەر بچێت و بۆیان نەبێت بمێننەوە، ڕێدان بە هاتنە کایەی هەلومەرجێکی وا هەڵەیە و دڵڕەقانەیە.

جێی باسە ژمارەی پەنابەرانی سووری لە ماوەی ساڵی پاردا زۆرترین بووە بەراورد بە پەنابەرانی وڵاتانی دیکە، بە پلەی دووەم سۆماڵ، سێێەم، ئەفغانستان، چوارەم سربیا و ئینجا ئێریتریا. هەر سالی پار 4087 پەناخوازی سوریی  داوای مۆڵەتییان کردووە  لەسەدا 40یان مافی مانەوەی هەمیشەییان وەرگرت لەسەدا 60 تیان مۆڵەتی کاتیی، بەڵام ئەمساڵ ئەو ڕێژەیە گۆڕا، زیاد لە 1500 کەس داوای پەنابەرییان کردووە لەسەدا 29 مۆڵەتی هەمیشەیی و لەسەدا 70 مۆڵەتی کاتییان دراوەتێ.

ئەو کەسەی شەخسی هەڕەشە لەسەر گیانی بێت و هۆکارێکیتایبەتی هەبێت مۆەلەتی هەمیشەیی دەدرێتێ، بەڵام ئەگەر کەسێک وەک باقی هاوڵاتییانی سوری گیانی لەمەترسیدا بێت مۆڵەتی کاتی دەدرێتێ. هەرچی بڕیاری مۆڵەتی کاتییە ناتوانرێت سکاڵای لەبەرامبەر بکرێت، چونکە بڕیاری ڕەتکردنەوە نییە و بە بڕیارێکی ئەرێنی چاو لێدەکرێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".