لیۆڤێن ڕەخنە لە بیلستریۆم دەگرێت

ستێفان لیۆڤێن سەرۆکی سۆسیالدیموکراتەکان لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمان ڕەخنەی توندی لە وەزیری کۆچ توبیاس بیلستریۆم گرت ئەمە دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانەکانی بیلستریۆم دوێنی لە ڕۆژنامەی (Dagens Nyheter) دا کە دەڵێت ئەو کەسانەی پەناخوازانی بێمۆڵەت دەشارنەوە هاوڵاتی چاوشین و قژزەرد نین. هەرچەندە بیلستریۆم دوێنێ داوی لێبوردنی ڕاگەیاند و وتی هەڵەم وتووە بەڵام سەرۆکی سۆسیالدیموکراتەکان ستێفان لێۆڤێن دەڵێت داوای لێبوردن بەس نییە و سەری سوڕماوە کە وەزیرێک یاخود هەر کەسێک بتوانێت لێدوانێکی وا خراپ بدات.
سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ کاتی ئەوە هاتووە وەزیری کۆچ دەست لەپۆستەکەی بکێشێتەوە لیۆڤێن دەڵێت ئەوە سەرکوەزیران فرێدریک ڕەینفێلد دەبێت ئەو پرسە دیاری بکات و هەڵوێستێکی ڕوون ڕابگەیەنێت.
جێی باسە وەزیری کۆچ لەسەر لێدوانەکانی دوێنێی سەبارەت بێمۆڵەتە بێبەڵگەکان ڕەخنەی توندی لەلایەن ئەندام پەرلەمان و لەلایەن مێدیا کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاڕاستە کراو کەسانێک دوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیریان کرد کە بەڵێ جیاوازی دەخاتە نێوان هاوڵاتییانی سویدییە و بەپێی ڕەنگو ڕوخسار پۆلێنیان دەکات.