Foto: Simon Andrén/Sveriges Radio

کوتانی دژ بە ئینفلەوەنزای بەراز مەترسی نارکۆلێپسی زیاد کردبوو

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەی دەستگەی دەرمانسازی (Läkemedelsverket) کە ئەمڕۆ پێشکەشیان کرد کوتانی دژ بە ئینفلەوەنزەی بەراز (Pandemrix) مەترسی توشهاتن بە نەخۆشی نارکۆلێپسی لە نیو منداڵ و لاودا سێجا زیاتر کردووە بەراورد بە کەسانی نەکوتراو.بەڵام ئەو لێکۆڵینەوەیە دەری نەخستووە کە ئاخۆ کوتانی دژ بە ئینفلەوەنزای بەراز مەترسیی توشهاتن بە نەخۆشییەکانی پەیوەست بە بەرگری لەشەوە زیاد دەکات یان نا، بۆ نموونە نەخۆشی شەکرە، پەرکەم و شەلەلی دەمووچاو.

 -  پرۆفێسۆر پارشۆن دەڵێت کاتێک دەمانبینی بەهۆی کوتانی دژ بە ئینفلەوەنزای بەرازەوە خەڵکی توشی ناکۆلێپسی (narkolepsi) دێن کەوتینە بەردەم ئەرکێکی گەورە ئەویش پاراستنی هاوڵاتییانە لەو نەخۆشییە. ئەو نەخۆشییەش واتا نارکۆلێپسی هێندە کوتوپڕ دەردەکەوێت کە نەماندەتوانی پێشبینی دەرکەوتنی بکەین.

هەر لەو لێکۆڵینەوەیەی دەستگەی دەرمانسازی دەکەوتووە کە لاوانی تەمەن نێوان 21-30 ساڵ دووجار مەترسی توشهاتن بە نارکۆلێپسیان زیاتر بووە بەراورد بە تەمەنەکانی دیکە، بۆ نموونە ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرو 40 ساڵییەوە بووە هیچ مەترسییەکی توشهاتن بەو نەخۆشییەیان نەبووە.

-  لەماوەی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکەماندا 126 لەو کەسانەی بە دەرزی دژ بە ئینفلەوەنزای بەراز کوترابوون بەراورد بە 20 کەسی نەکوتراو توشی نەخۆشی نارکۆلێپسی هاتوون واتا خەولێکەوتنی لەپڕ و بێخواست.  واتا مەترسییەکان بەهۆی کوتانەوە سێجا زیاتر بوو بەپێی چەند دەرئەنجامێکی دڵنیای لێکۆڵینەوەکە.

پرۆفێسۆر ئینگمار پارشۆن بەرپرسی یەکەمی لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانە کە دەستگەی دەرمانسازی (Läkemedelsverket) کە ئەمڕۆ پێشکەشیان کرد، لە دەرئەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە کوتانی دژ بە ئینفلەوەنزەی بەراز (Pandemrix) مەترسیی توشهاتن بە نەخۆشی نارکۆلێپسی لە نێو منداڵ و لاودا سێجا زیاتر کردووە بەراورد بە کەسانی نەکوتراو، لەو لێکۆڵینەوەیەدا بەراورد لە نێوان نزیکەی سێ ملیۆن و نیو کەسی کوتراو بەدەرزی ئینفلەوەنزای بەراز و دوو ملیۆن و نیو کەسی نەکوتراو لە حەوت ئەنجوومەنی هەرێمدا کراوە، ئامانج لەو بەراوردە لێکۆڵینەوەیە لە مەترسییەکانی توشهاتن بە 50 نەخۆشی دەمار و نەخۆشییەکانی پەیوەست بە کەمبوونەوەی بەرگری لەشەوە (autoimmuna sjukdomstillstånd).

بەڵام ئەو لێکۆڵینەوەیە دەری نەخستووە کە ئاخۆ کوتانی دژ بە ئینفلەوەنزای بەراز مەترسیی توشهاتن بە نەخۆشییەکانی پەیوەست بە بەرگری لەشەوە زیاد دەکات یان نا، بۆ نموونە نەخۆشی شەکرە، پەرکەم و شەلەلی دەمووچاو.

جێی باسە نەخۆشی نارکۆلێپسی تەنها توشی منداڵ نابێت بەڵکە خەڵکی گەورەساڵیش توشی هاتووە بۆ نموونە ئیلیسابێت ڤیدێل تەمەنی 20 ساڵ بوو کە بەهۆی کوتانەوە توشی نارکۆلێپسی بوو، هەربەو هۆیەوە ئێستا خوێندنەکەی دواخستووە، ڤیدل دەڵێت دەرئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە زۆر گرنگە بۆ کەسانی وەک ئێمە بەتیابەت ئەوەی کە ئیتر شەرم لە نەخۆشییەکەمان ناکەین و زانست دانی پێدا دەنێت کە بەهۆی ئەو کوتانەوە بووە.

لەلایەکی ترەوە مارییا ئولسۆن لە کۆمەڵەی ناکۆلێپسی و دایکی ئێمیلی 14 ساڵانە توشهاتوو بە نارکۆلێپسی دەڵێت چاوەڕوانییەکانم لەم لێکۆڵینەوە نوێیە ئەوەیە کە ئەو سنوورەی بۆ دیاریکردنی نەخۆشیەکە دانراوە لاببرێت.

-  مارییا ئولسون دەڵێت ئەو نەخۆشییە لەماوەی نزیکەی دەساڵدا دەردەکەوێت بۆیە ناتوانرێت کاتێکی دیاریکراو بۆ دەرکەوتنی ئەو نەخۆشییە دابنرێت وەک ئەوەی ئێستا هەیە کە ماوەی هەشت مانگ لەکاتی کوتانەکەوە دیاری کراوە، هەروەها ئەوەشی کە دەبێت تەمەنت لە 19 ساڵ تێنەپەڕیبێت کاتێک کوتانەکەت وەرگرتووە تا نەخۆشییەکەت دان پێدا بنرێت. ئەم سنوردانانە جێی پرسیارە و بنەمای زانستی نییە بەرای ماریا ئولسۆن لە کۆمەڵەی نارکۆلێپسییەوە.  

جێ باسە ئەو لێکۆڵینەوەیە لە یەکی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2009 ەوە تا کۆتایی مانگی دێسەمبەری ساڵی 2011 بەردەوام بووە.

جێی خۆیەتی بەبیر بێنمەوە کە نەخۆشی ئینفلەوەنزای بەراز مانگی مارسی ساڵی 2009 لە مەکسیکۆ بڵاوبۆەوە،  ڤایرۆسی ئەو نەخۆشییە پێکهاتەیەکی نەناسراوی هەبوو هەرکەسێکیش دەکرا توشی ببێت، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە مانگی ئەپریلی هەمان ساڵدا ڕایگەیاند کە ئینفلەوەنزای بەراز نەخۆشییەکی درمە کە دەتوانێت ژیانی خەڵکی لە چەندین وڵاتدا بخاتە مەترسییەوە.

کار گەشتە ئەو ڕادەیەی کە لەمانگی شەشی هەمان ساڵدا واتا 2009 حاڵەتی پانادێمی (panademi) ڕاگەیەنرا واتا بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بە جیهاندا، ئەوە یەکەمجار بوو لەماوەی چل ساڵدا ئینفەلەوەنزا وەک پانادێمی ڕابگەیەنرێت. لە سویدا 2400 کەس توش هاتن و 25 کەسیان گیانیان لەدەست دا.

جا سوید زۆرترین ژمارەی کوتانی دژ بە ئینفلەوەنزای بەراز لە ئەورووپادا هەبوو نزیکەی پێنج ملیۆن و نیو هاوڵاتی لە سەرەتای کوتانەکەوە واتا لەمانگی ئوکتۆبەری 2009وە کوتران. هەر ساڵێک دوای ئەوە نەخۆشی نارکۆلێپسی بەهۆی ئەو کوتانەوە دەرکەوت تا ساڵی 2012 نزیکەی 800 کەس لە ئەورووپادا توشهاتبوون نیوەیان هاوڵاتی سویدی بوون.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".