Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på https://kundo.se/org/sverigesradio/

بەرزکردنەوەی کرێخانوو کرێچییەکان ڕاو دەنێت

بڵاو کرایه‌وه‌ onsdag 10 april 2013 kl 10.09
foto: scanpix

ژمارەیەکی زۆر لە کرێچییەکان بەهۆی بەرزکردنەوەی کرێکانیانەوە لەبەردەم مەترسی جێهێشتنی ماڵەکانیاندان، ئەو ناوچانەی کە بە پرۆگرامی ملیۆنی (miljonprogram) ناسراون و لە ساڵانی نێوان 1960-1970 بینا کراون پلانی نوژەنکردنەوەیان دانراوە بەڵام ئەو کارە لەسەر حسابی کرێ ئەنجام دەدرێت، بەو پێیە زیاد لە سەدا 90 ی خاوەنماڵەکان دەڵێن نوژەنکردنەوە بە مەرجی بەرزکردنەوەی کرێکان دەکرێت.  

- دەرئەنجامی ئەو نوژەنکردنەوانە ڕەنگە زۆر لە کرێچییەکان ناچار بکات ماڵەکانیان جێبهێلن ئەوەیش بەهۆی بەرزکردنەوەی کرێوە بە ڕێژەی لەسەدا 50- لەسەدا 60 کە لەزۆربەی ناوچەی نیشتەجێبووندا لە سەراسەری سویددا روو دەدەن. باربرو ئێنگمان بەرپرسی کۆمەڵەی کریچییەکان دەڵێت ئەو هاوڵاتییانە دەبێت جێیەکیان بۆ بدۆزرێتەوە بەڵام ئێستا دەرگاکان داخراون چ لەو ماڵە موڵکانەی کە حازرن بۆ فرۆشتن و ئەوانەشی کە نوژەن دەکرێنەوە، ئەمە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە زۆرێک لە کۆمۆنەکاندا بەرپا دەکات.

ڕادیۆی سوید بەدواداچونێکی بۆ پلانی نوژەنکردنەوەی ئەو ناوچانە کردووە کە بە ناوچەی پرۆگرامی ملیۆنی ناسراون (miljönprogrammet) واتا ئەو ناوچانەی لە ماوەی ساڵانی 1960-1970 دروست کران لە چوارچێوەی پلانێکدا بۆ سازدانی ملیۆنێک خانوی کرێ لە سەراسەری سویددا تا قەیرانی بێماڵی ئەو کات چارەسەر بکرێت، بەپێی بەدواداچوونەکەی ڕادیۆی سوید 107 لەو ناوچانە پلانی نوژەنکردنەوەیان دانراوە و 97 لەو خاوەن ماڵانە دەڵێن نوژەنکردنەوەکە بە پارەی کرێ ئەنجام دەدرێت واتا کرێی ئەو خانوانە دەبێت بەرزبکرێنەوە.

دوو لەو کرێچیانەی پرۆژەی نوژەنکردنەوە و بەرزکردنەوەی کرێ نیگەرانی کردووە عوبدولاهی سوودی و لێنارت ساندینە لە شاری بورلێنگێ لە ناوەڕاستی سوید.

- ئەوانەی لەم ناوچەیە (Tjära Ängar) دەژین خاوەن موچەی بەرز نین، عەبدوڵاهی سوودی دەڵێت بۆیە ئەگەر کرێی خانوەکانیان زیاد بکرێت هەموو خەڵکی ناتوانن کرێ بدەن، ئینجا  لێنارت ساندین دەڵێت گەر وا بڕوات بۆ نموونە بۆ کەسێکی وەک من کە خۆم لە پەڕاوێزام مەگەر دەوارێک لە دارستانا هەڵدەم و تیا بژیم. ئەی چی لە کەلوپەلەکانم بکەم، ئەی ئەگەر نەتوانم کرێ بەم هەڵدەدرێمە دەرەوە؟  

سەرجەم نیازە 59 هەزار خانووی کرێ دوای چل ساڵێک لە خوران و سووان  نوژەن بکرێنەوە، بەپێی دەستگەی نیشتەجێبوون ئەو نوژەنکردنەوانە لە ماوەی دە سالی داهاتوودا نزیکەی 300 ملیارد کرۆنیان تێ دەچێت. لە ناوچەیەکی پرۆگرامی ملیۆنی لە شاری ئوپسالا بۆ نموونە بەنیازە کرێی خانووەکان بە لەسەدا 45 بەرزبکرێتەوە، جۆرج هاردت لێکۆڵەوەرە لە کۆمەڵەی کرێچییەکان لە شاری ئوپسالا دەڵێت بەو هۆیەوە دیاردەی کۆچی هاوڵاتییان لەو ناوچانە دەستی پێکردووە.

-  خەڵکی چیتر ناتوانن لە خانوەکانیاندا بمێننەوە ناچار جێی دێڵن و جۆرێک لە کۆچ لەو ناوچانە دەستی پێ کردووە. هاردت دەڵێت خەڵکی دەچنە ئەو شوێنانەی کە نوژەن نەکراونەتەوە بەڵام ئەو شوێنانەش دوای نزیکەی پێنج ساڵێک بەهەمان پرۆسەیا تێ دەپەڕن ئەو کات ناچار دەبن لەوێش بڕۆن.    

بەڵام بەرزکردنەوەی کرێ لە ناچاریدایە بەپێی سوفیا ماتسۆن لینالا بەرپرسی ئابووری لە ڕێکخراوی خانوبەرەی گشتی ناسرو بە (Sabo).

-  لەحالێ حازردا هیچ سەرچاوەیەکی دیکەیمان نییە بۆ دارایی کردنەی پرۆژەی نوژەنکردنەوە پێشتر لینالا دەڵێت سەرچاوەی دیکەمان هەبوو بۆ نموونە چەند جۆرێک پارەی باج کە بۆ پشتگیری پرۆژەکەمان کۆمەکیان دەکرین بەڵام ئێستا ئەو جۆرە سیستێمە نەماوە.

 پرۆسەی نوژەنکردنەوە و زیادکردنی کرێ بەپێی ناوچەکان لە سویددا دەگۆرێت، بۆیە بۆ نموونە لەو ناوچانەی کە قەیرانی نیشتەجێبوون هەیە هەمیشە کرێچی نوێ هەیە کە جێی کریجییە کۆنەکان بگرێتەوە بەڵام لە هەندێک ناوچەی دیکە زەحمەتە بتوانرێت کرێکان بەرز بکرێنەوە ئەوەش مانای ئەوەیە کە نوژەنکردنەوەکان سنوردار دەبن. ئەم پرۆسەیە مەترسی دابڕان و جوداسازیی لێ دەکرێت کە وا دەکات گروپێکی کۆمەڵگە لە هەندێک ناوچەی تایبەتدا قەتیس بمێنن، ئەم حاڵە لە فەرەنسا بۆ نموونە ڕوویداوە بەرای میکایل نیلسۆن پسپۆڕی بواری گەشەی مەدەنی لە دەستگەی نیشتەجێبوون.    

- مەترسییەکە ئەوەیە کە هەژاران ناچار دەبن لە ماڵی تەنگ و ناوچە چڕنشینەکاندا خۆ جێگیر بکەن چونکە ئەو ناوچانەی کە نوژەندەکرێنەوە و کرییان زیاد دەکات دەبێتە ناوچەی جێنشینی دەوڵەمەندەکان میکایل نیسلۆن دەڵێت ئەم حاڵە بۆ داهاتووی دوور کۆمەڵگەیەکی تەندروستی لێ نابێتەوە.

سەبارەت بەوەی کرێچی چۆن پارێزگاری لەمافی خۆی بکات سارا ڤێستین لێکۆڵەوەر لە بواری جوگرافیای کلتوری لە زانکۆی ئوپسالا دەڵێت ئەو کاتەی هەواڵی نوژەنکردنەوەی خانوەکان دەبیستن کرێچی دەتوانێت پەیوەندی بە کۆمەڵەی کرێچییەکانەوە بکات و ئەو کاتەی کۆنتراکتی نوژەنکردنەوەی پێ دەگات ئیمزای نەکات.

بەڵام ڤێستین دەڵێت کێشەکە ئەوەی کە زۆربەی کات کارەکە لە بەرژەوەندی خاوەنماڵ (hyresvärd) نەک کریچی (hyresgäst) تەواو دەبێت چونکە ئەگەر کریچی بە نوژەنکردنەوەکە ڕازی نەبێت خاوەنماڵ پرسەکە بەرز دەکاتەوە بۆ نوێنەرایەتی پرسی کرێ (hyresnämnde) ئەوانیش لەسەدا 70 لە بەرژەوەندی خاوەنماڵ بڕیار دەدەن ئەویش بەهۆی ئەوەی کە خاوەنماڵ هەمیشە ئەرگومێنتی باش و پسپۆڕانە بۆ بەرگری لە نوژەنکردنەوەکە دەکەن و دەتوانن دۆزەکە ببەنەوە

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".