پێشنیازی دەنگدانی ئەلەکترۆنی پێشکەش کرا

پێ دەچێت لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 هاوڵاتییان بتوانن لەماڵەوە و لەڕێی کۆمپیوتەرەکانیانەوە دەنگ بدەن، ئەمە کۆمیتەی یاسای هەڵبژاردنەکان ئەمڕۆ لە دوا ڕاپۆرتیدا سەبارەت بە دەنگندانی ئەلەکترۆنی ڕایگەیاندووە. ئامانج لەم پێشنیازە ئەوەیە ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییان بکرێت بۆ ئەوەش لە چەند کۆمۆنێکدا ئەو بوارە بڕەخسێنرێت بەڵام پارتی ژینگە لەگەڵ ئەم پیشنیازەدا نین و دەڵێن مەترسییەکانی زۆرن.

-  لایەنە باشەکانی ئەم پێشنیازە ڕوون و ئاشکران بەڵام لەهەمانکاتدا مەترسی ئاسایشی یەکجار زۆریشی لێ دەکرێت. بۆ نموونە ئەندەرشۆن دەڵێت کەسانی بەتوانا لەبواری کۆمپیوتەردا دەتوانن زانیارییەکان هاک بکەن و لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگۆڕن، یان ئەوەی کە کێ دەنگی بۆ کام لایەن داوە ئاشکرا بکرێت.

 بەپێی ئەو پێشنیازە کە ئەمڕۆ کۆمیتەی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاندووە گەر لە هەموو لایەن ئاسایشییەکان دڵنیا بن ئەوا لەساڵی 2018 دا دەکرێت دەنگدان ئەلەکترۆنیش ئەنجام بدرێت، ئەو کات لەژمارەیەک لەکۆمۆنەکاندا بوار بڕەخسێت کە لە هەڵبژاردنی  کۆمون، هەرێمی پارێزگاکان لاندستینگ و پەرلەماندا ئەو جۆرە دەنگدانە پەیڕەو بکرێت.

بەڵام ماکس ئەندەرشۆنی ژینگە دەڵێت ئەم جۆرە دەنگدانە جگە لە پرسی ئاسایش و دڵنیایی پاراستنی زانیارییەکان هاوڵاتییان دەخاتە دڵەڕاوکێی ئەوەی کە ئاخۆ ئەو جۆرە دەنگدانە تا چ ڕادەیەک دڵنیایە، ئەو کات کێشەکە تەنها پرسی ئاسایشی تەکنیکی نییە.

- دەبێت بتوانرێت باوەڕ بە خەڵکی بهێنرێت کە هەڵبژاردنەکە جێی متمانەیە و بواری ساختەکاری تێدا نییە ئەندەرشۆن دەڵێت ئەوکات چارەسەری کێشە ئەلەکترۆنییەکان ئاسانترە لە چارەسەری دەروونی خەڵکەکە و دڵنیاکردنەوەیان.

 هەرچۆنێک بێت لایەنە باشەکانی دەنگدانی ئەلەکترۆنی زیاترە لە لایەنە خراپەکانی بەڕای لارش بێکمان لە پارتی ڕاستڕەوی مۆدێرات و ئەندامی کۆمیتەی یاسای هەڵبژاردنەکان، مۆدێراتەکان لەم پرسەدا لەهەمووان زیاتر پشتگیری لە دەنگدانی ئەلەکترۆنی دەکەن و دەڵێت لە نەرویچ و فینلاندا ئەم جۆرە دەنگدانە تاقی کراوەتەوە.

- لایەنێکی باش ئەوەیە کە ئەمە داوای هاوڵاتییان خۆیانە لەلایەکی ترەوە بوار بۆ نموونە بۆ کەسانی سستئەندام دەڕەخسێنێت ئاسانتر و لە ماڵی خۆیانەوە دەنگ بدەن، بەڵام بێکمان دەڵێت مەرجێکی گرنگی ئێمە ئەوەیە کە دەبێت ئەو جۆرە دەنگدانە دڵنیا بێت، ئێمە لەلایەن کۆمیەتی یاسای هەڵبژاردنەکانەوە لە نەرویچ بووین لە یەکێک لەو کۆمۆنانەی دەنگدانی ئەلەکترۆنی پەیرو دەکرد ئەنجامەکانی زۆر دڵنیا و بێ ساختە بوون.

لارش بێکمان دەڵێت دەنگدانی ئەلەکترۆنی تەنها تەواوکەری ڕێگەکانی دیکەی دەنگدانە بۆ نموونە دەنگدان لە بنکەکانی دەنگدان یاخود لە ڕێی پۆست و ڕاسپاردەوە واتا کەسێک لە بری تۆ دەنگ بدات. پرسیارەکە ئەوەی چۆن بەر لەو ئەگەرە دەگرێت کە بۆ نموونە کەسێک لەبری ئەوەی دیکە بەڕێگەی ئەلەکترۆنی دەنگ بدات بەڵام بەو لایەنەی کە خۆی لایەنگرییەتی.

-  ئەمە یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگەکان کە دەبێت بەهەند بگیرێت، بێکمانی مۆدێرات دەڵێت بەڵام ئەوەشمان بیرنەچێت کە لە حاڵی حازرا دەنگدان لە ڕێی نوێنەرەوە یاخود کەسێکی لەبرەوە هەیە، ئەی ئەو کات چۆن دەتوانین گەرەنتی ئەوە بکەین کە کەسی لەبر دەنگی ڕاستەقینەی کەسی ڕاسپاردە دەگەیەنێت و ڕای خۆی نەسەپاندووە. بەڵام یەکێک لەو کەلێنانەی لە دەنگدانی ئەلەکترۆنی لە نەرویج بینیمان ئەوە یە کە کاتێک کەسێک دەنگی ئەلەکترۆنی داوە دەتوانی دوای ئەو بچیتە کۆمپیوتەرەکەی و چەند جاتێکی دیکە دەنگ بدەیت.

لارش بێکمان پێی وایە دەکرێت هەرچی کێشەی تایبەت بە دەنگدانی ئەلەکترۆنییە چارەسەر بکرێت، بێکمان دەڵێت هەوڵەکەی ساڵی 2018 بەنیازە لە هەڵبژاردنەکانی چوارساڵی دوای ئەویشدا واتا ساڵی 2022 پەیڕەو بکرێت بەڵام ئەو کات لە سەراسەری سویددا بواری دەنگدانی ئەلەکترۆنی دەبێت.

کەچی ماکس ئەندەرشۆن لە پارتی ژینگەوە بەو شێوەیە گەشبین نییە و دەڵێت پارتی چەتەکان (Piratpartiet) ئەوانیش لەگەڵ دەنگدانی ئەلەکترۆنیدا نین و دەڵێن کەسانی شارەزای بواری کۆمپیوتەر و زانستی ئەلەکترۆنی ئەم جۆرە دەنگدانە بەباش نازانن.

-  ئەوان دەزانن کە پاراستنی زانیاری لەڕێی کۆمپیوتەرەوە چەندە سەختە و سەیر نییە کە پارتی ژینگە و پارتی چەتەکان باوەڕیان بە دەنگدانی ئەلەکترۆنی نییە چونکە ئەوان لە هەمووان زیاتر لە جیهانی ئەلەکترۆنیدا قاڵبوونەتەوە، ماکس ئەندەرشۆنی ژینگە دەڵێت باشتر وایە دیموکراتییەکەی سوید بپارێزین لەبری ئەوەی بە دەنگدانی ئەلەکترۆنی بیخەینە مەترسییەوە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".