Foto: Scanpix.

شەمەندەفەرەکەی ئیسپانیا پرسیار لە سویددا دەوروژێنێت

ڕووداوی شەمەندەفەرەکەی ئیسپانیا کە پێرێ بوە هۆی گیان لەدەستدانی 80 کەس بۆتە جێی پرسیار لە سویددا کە ئاخۆ دڵنیایی هاتوچۆی شەمەندەفەر لە سویددا لە چ ئاستێکدایە و دەکرێت ڕووداویکی لەو جۆرە لە سویددا ڕوو بدات. ئەندەرش سڤێنسۆن بەرپرسی ڕێکخستنی هاتوچۆ لە دەستگەی رێگاوبان دەڵێت هەرگیز ناتوانرێت لەسەدا سەد گەرەنتی ڕوونەدانی رووداوی هاتوچۆ بکرێت بەڵام ڕووداوێکی هاوشێوەی ئیسپانیا دوورە لە سویدەوە لەبەرئەوەی سیستێمی چاودێریی ئاسایشی هاتوچۆی شەمەندەفەر لە سویدا زۆر دڵنیایە و کارمەندانی ئەو بوارەش شارەزا و ڕاهێنراون.   

بەپێی نوسینگەی هێڵی ئاسنینی ئەوروپی ئەو رێگەیەی ڕوداوەکەی ئیسپانیای تیا ڕوودا تازە دامەزراوە و شەمەندەفەرەکەش سیستێمێکی وای هەیە کە گەر زۆر بە خێرایی لێبخوڕیت ئۆتۆماتیکی خاو دەبێتەوە، هەر بۆیە تا ئێستا هۆکاری ئەو ڕووداوە دیاری نەکراوە.

هەر لەم بارەیەوە ڕیبێکا فۆرشباری لێکۆڵەوەر لە بواری ئاسایشی هاتوچۆی شەمەندەفەر دەڵێت هەرچەندە ڕێگای هاتوچۆی شەمەندەفەر تا ئێستا دڵنیاترینە بەڵام گۆڕانکاریش ڕوویداوە بۆ نموونە ئاستی خێرایی شەمەندەفەرەکان زیادی کردووە و کەرەسەی دروستکردنی شەمەندەفەریش سوکترە لە جاران بۆ ئەوەی بتوانێت بە خێرایی بڕوات.  جا ئەوەشی کە تا ئێستا ستانداردێکی جیهانی نییە بۆ ئەوەی کە شەمەندەفەرەکان چۆن دروست بکرێن تا لە کاتی ڕووداودا بەخێرایی بەتاڵ بکرێن.

دەستگەی سەرۆکایەتی هاتوچۆی سویدیش لە پرسی ئەوە دەکۆڵنەوە کە چیتر پشتێنی دڵنیایی لە شەمەندەفەرەکانیشدا هەبن و چانتا و کەلوپەلی موسافیریش لە شوێنی تایبەتدا هەڵبگیرێن، چونکە بەڕای  ڕێبێکا فۆرشباری لێکۆڵەوەر ئەم دوو ڕێکارە ژمارەی قوربانیان لە کاتی ڕووداودا کەم دەکەنەوە.  

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".