Foto: Jessica Gow/Scanpix

ئابووریی سوید، بنەماڵەکان لە سەر پێ ڕایانگرتووە

ئابووریی بنەماڵە
4:29 min

لەم بێبرەوییە خاوەی بازاڕی سوید و وڵاتانی‌تری جیهانی تێکەوتووە، بنەماڵە سویدییەکان بە ماتۆڕی ئابووریی سوید دادەنرێن. ئەمەیان ئەنجامی توێژینەوەی ئەنیستیتووتی برەوی بازاڕبۆ مانگی یوولی دەریخستووە کە هاوکات سەرنجی داوەتە گەشەی هندکی ئابووریی وڵات لە چاو ئەوەی دەبێ ببێ.

بەو مانایە کە ئابووریی سوید بە بنەماڵەکانەوە ڕاوەستاوە. مەسرەفکاریی تاکەکەسی گرنگە و نیوەی سەرجەمی بەرهەمی نەتەوەییی وڵات (بێ‌.ئێن.پێ) پێکدێنێ. بەڵام لە بەرچی بنەماڵە سویدییەکان دڵیان دیسان بە ئابووریی سوید خۆشە و هیوایان پێیەتی. رووگر کنوودسن (Roger Knudsen) سەرۆکی ناوەندی پێوانی برەوی بازاڕ (konjunkturbarometern).

...

رووگر کنوودسن دەڵێ بنەماڵەکان ئابوورییان باشە و کاتێ نیشانەی ئەوە دەبینن کە باشتریش بووە ئەوا دەتوانن بڕوا هەم بە ئابووریی خۆ و هەمیش بە هی کۆمەڵگا بێنن و ئاراستەی ئەرێنی بگرن.

لێی دەپرسرێ ئەی بنەماڵەکان تەئسیر لەو قەیرانە داراییەی دنیای تەنیوەتەوە وەرناگرن؟ رووگر کنوودسن دەڵێ ئەم ئاراستەی گۆڕانە لە سەر زێدەبوونی بڕوای مەسرەفکاران لە هەموو ئەورووپادا هەیە و لە سویدیشدا دەیبینین. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە بەرەو دەرچوون لەم نەهامەتییە قووڵە دەچین.

پێشبێنی دەکرێ کە وردەفرۆشی و بەر لە هەمووان بواری خواردەمەنی و بژیوی ڕۆژانەی ماڵ لە سێ مانگی داهاتوودا هەروا لە هەڵکشانی بەهێزدا بێت. تۆ بڵێی دیسان هەڕەتی گەرموگوڕی زۆرکڕینی سویدییەکان هاتبێتەوە؟

رووگر کنوودسن سەرۆکی ناوەندی پێوانی برەوی بازاڕ دەڵێ لە ڕاستیدا نا. لە ناو کەرتی بازرگانیدا ئەوە بەشێکە کە سوودی تەواوی لە باری ئابووری بنەماڵەکان وەرگرتووە، ئەویش بەشی بازرگانیی خواردن و بژیوە (livsmedelshandeln) کە بۆ ماوەیەکی درێژ هەروا بەگوڕەوە لە گەشەیەکی بەردەوامدا دەبێ. کەچی ئەو بەشانەی پێوەندییان بە زۆرکڕیی خەڵکەوە لە سویددا هەیە و هەندێ کاڵای تایبەت دەگرێتەوە، ئەوا لەم چەند مانگەی رابردوودا دەسکەوتێکی وایان نەبووە و بەجارێکی بێبرەو کەوتوون.

هێزی ئابووریی سوید ئێستا لەوەدایە کە ئێمەی هاووڵاتی زۆرتر دەخۆین و دەخۆینەوە. کەرتی خانووبەرەسازی و خزمەتگوزاریش بە ڕێکوپێکی دەچنە پێش بەڵام بەشی پیشەسازی و بەرهەم لە بەرەو پاشەوەچوونەوە دان. پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ بۆ بەگوڕکردنی ئەم بەشانە دەبێ چ بکردرێ؟

رووگر کنوودسن سەرۆکی ناوەندی پێوانی برەوی بازاڕ دەڵێ ئەوەندەی پیشەسازی دەگرێتەوە ئەوا دەبێ ئابووریی جیهانی وردەوردە خۆ بگرێتەوە و بێتەوە دۆخی جارانی و جارێ هێشتا ماومانە ئەم کاتە بگاتێ.

لێی دەپرسرێ واتا دەبێ چاوەروان بین و ئەم کاتەش درەنگ یا زوو دادێ؟ رووگر کنوودسن سەرۆکی ناوەندی پێوانی برەوی بازاڕ دەڵێ بەڵێ، وایە!

جێی گێڕانەوەیە کە ڕاپۆرتی پێوانی برەوی بازاڕی سوید باس لەوە دەکات کە شیرکەتە سویدییەکان و بنەماڵەکان چۆن ئێستا و لە داهاتوودا سەیری پرسی ئابووریی خۆیان دەکەن. ئەم پێوانانە هەموو مانگێ جارێک بڵاو دەبنەوە و لە سەر بنەمای وتووێژ لەگەڵ ٦٠٠٠ شیرکەت و ١٥٠٠ بنەماڵە دادەڕێژرێن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".