Foto: Pontus Lundahl/Scanpix

سوید و گەشەی ئابووریی کەم بەڵام دڵخۆشکەر

ئابووریی سوید: گەشەی کەم بەڵام دڵخۆشکەر
4:47 min

ئابووریی سوید لە دووەم چارەکەساڵی ئەمساڵدا بە ڕێژەی لەسەدا یەک لە دە لە چاو هەمان کاتی ساڵی پار، لە کزیی داوە بەڵام سەرجەمی بەرهەمە نەتەوەییەکەی لە هەڵسەنگاندن لەگەڵ ساڵی رابردوو بە ڕێژەی لە سەدا شەش لە دە زیادی کردووە. ئەمە گەشەیەکی کەمە و چاوەڕوان نەدەکرا وەها نزم بێت بەڵام بەمحاڵەوە گەلێ لێزانی ئابووری پێیان وایە کە ئابووریی سوید لە ساڵی ٢٠١٣دا بە شێوەیەکی گشتی بە ڕادەی ١،٤ لەسەد بەرز دەبێتەوە و ئەمەش لە خۆیدا ڕێژەیەکی کەمە بەڵام بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا کە ئاراستەی گەشەکەیان ڕوو لە داکشانە، شتێکی باشە.

ئەوەش کە دەکرێ بە مۆتۆڕی ئەم ئابوورییەی سوید ناودێری بکەی، زێدەبوونی مەسرەفکاریی بنەماڵەکانە. لە حاڵێکدا کە لە ماوەی دووەم چارەکەساڵی ئەمساڵدا سەرمایەگوزارییەکان لە گەلێ کەرتی جودای ئابوورییدا کەم بوونەوە، لە بەشی ئەمبارداریی شیرکەتاندا نەبێ.

توور بۆری سەرۆکی بەشی ئابووریی بانکی ئێس.بێ.ئا.بێ پێی وایە کە ئەم گەشە ڕوو لە کەمییەی ئابووریی سوید وەک ترووسکەی ڕووناکایی ئابووریی وڵاتن. بۆری دەڵێ بە بروای من بە لەبەرچاوگرتنی نیشانەکانی تر، ئەم ترووسکاییە زۆر شتێکی باشە. هەرچەند ڕێژەی بێکاریی وڵات گەلێ بەرزە، بەڵام بەمحاڵەوە لە بازاڕی کاردا، بەردەوام کاری نوێ دەست دەکەوێ. من پێم وا نییە کە کارتێکەریی زۆر بەرچاوی ئەو ستۆپکردنە ئابوورییانەی وڵات، بەرچاون بن بەڵام بە ڕوونی دەردەکەوێ کە بێت و گەشەی ئابووریی وڵات بۆ ماوەیەکی درێژ هەر وا بە نزمی لە هەڵکشاندابێ، ئەوا کارتێکەریی خۆی دەبێت.

لێی دەپرسرێ چەند ساڵ لەوە پێش لە ئاستی نەتەوەییدا باس لە ئابووریی سوید دەکرا وەک ئابووریی بەبر و ئابووریی پیپیی گۆرەویدرێژ دەشوبهێنرا. کوا ئەم ئابوورییە چیی لێهات؟ وەبیر دێنمەوە کە پیپی گۆرەویدرێژ ناوی پاڵەوانی ئەفسانەیی ئاسترید لیندگرێنی نووسەر چیرۆکی منداڵانە کە سندووقێکی گەورەی زێڕی هەبوو و هیچ بە خەمی باری ئابوورییەکەی نەبوو. مەبەست لەم دەستەواژەیەش، ئابوورییەکی دڵنیا و سەقامگیرە.

توور بۆری سەرۆکی بەشی ئابووریی بانکی ئێس.بێ.ئا.بێ لە وەڵامدا دەڵێ: ئابووریی سوید لە چاو وڵاتانی تردا هەروا بەرەو باشتربوون دەڕوا، بە تایبەت لە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەورووپادا. بۆیە دەکرێ دیسان هەروا باسی ئابووریی پیپیی گۆرەویدرێژ بکەین! هاوکات ئێمە بازرگانییەکی گەلێ بەربڵاومان لەگەڵ وڵاتانی تری جیهاندا هەیە و بێت و باری ئابووریی وڵاتانی دیکەی جیهان باش نەبێ ئەوا ئێمە بمانەوێ و نەمانەوێ، کار لە ئابووریی ئێمەش دەکات.  

لە گوێن قسەکانی توور بۆری سەرۆکی بەشی ئابووریی بانکی ئێس.بێ.ئا.بێ، گەشەی نزمی ئابووری دەتوانێ وا لە بانکی سەراسەریی سوید بکات کە ئاستی سوودی بانکییەکەی داشکێنێ و ئەمە لە ڕاستیدا بۆ ئاندێرش بۆری وەزیری دارایی بەو مانایە بێ کە زیاتر سەرمایەگوزاری لە سەر بودجەی داهاتووی وڵات بکات کە لە مانگی سیپتەمبەردا پێشکەش دەکرێ.

توور بۆری سەرۆکی بەشی ئابووریی بانکی ئێس.بێ.ئا.بێ دەڵێ ئیمکانی ئەوە هەیە کە بەڵگەی زیاتر بکەوێتە دەست بۆ بەربڵاوترکردنی سیاسەتی دارایی.
لێی دەپرسرێ واتا ئەمەش دەتوانێ نیشانەیەک بێ بۆ ئاندێرش بۆریی وەزیری دارایی کە هەندێ زیاتری بکات؟
بۆری دەڵێ من پێم وایە کە بەڵگەیەکی دیکەی دەداتە دەست بۆ زێدەکردنی.
وە ئەمەش بە قەرزکردنێکی زیاتر لە بودجەی دەوڵەت، دابین دەبێت. توور بۆری دەڵێ بەڵێ! من بەتەواوی پێم وایە وای لێدێ.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".