foto: scanpix

کاردۆزگە کۆنترۆڵی زیاتر بەڵام نەرمتر لەسەر بێکار دادەنێت

لە مانگی داهاتووەوە گۆڕانکاریی گەورە لە مافی وەرگرتنی بیمەی بێکاریدا دەکرێت، کەسی بێکار دەبێت هەموو مانگێک ڕاپۆرتێک سەبارەت بەو کارانەی داوای کردوون  بنێرێتە کاردۆزگە، ئەو کەسەشی سەرپێچی لەم مەرجە بکات بە چەند هەنگاوێک مافی بیمەی بێکاری لێدەسەندرێتەوە.

یۆران یۆمان بەرپرسی ئەم پرۆژە نوێیەیە.

- بەپێی ئەو سیستێمەی ئێستا هەیە کاردۆزگە لەگەل کەسی بێکاردا لەسەر ئەوە ڕێک دەکەون کە چ جۆرە کارێک داوا دەکەن و لەکامە کۆرش و چالاکی بەشدارن، پاشان لە سەردانی داهاتووی کاردۆزگەدا لە دەرئەنجامی ئەو کارانە دەکۆڵرێتەوە، یۆران ئۆمان بەرپرسی پرۆژە لە کاردۆزگە دەڵێت بەڵام چیتر بە پێی ئەم سیستێمە نوێیە دەتوانین چالاکانە تر و بەشێوەیەکی دیگیتاڵی ئەو کارانە لەنێوان بێکار و کاردۆزگە ڕاپەڕێن.

لە یەکی مانگی سێپتەمبەرەوە ڕیفۆرمێکی بەرفراوان لە بواری بیمەی بێکاری (a-kassa) دەکرێت بەشێوەیەک  کە چیتر کەسی بێکار دەبێت مانگانە ڕاپۆرتێک سەبارەت بەو کارانەی داوای کردوون و باقی چالاکییەکانی دیکەی لەگەل کاردۆزگە ئەلەکترۆنی بنێرێتە کاردۆزگە،  بەکورتییەکەی ئەوەی پیشتر بێکار زارەکی لە کاتی سەردانی بۆ کاردۆزگە لەگەڵ بەرپرسەکەیدا باسی کردووە لە شێوەی ڕاپۆرتێکی ئەلەکترۆنی لەڕێی ماڵپەڕی کاردۆزگەوە دەینێرێت. ئەم سیستێمە نوێیە لە یەکی مانگی داهاتووەوە دەخرێتە کار بەڵام لە یەکی مانگی ئوکتۆبەرەوە ناردنی ڕاپۆرتەکان لەلایەن بێکارەوە دەست پێ دەکرێت.

کاردۆزگە ئەم هەنگاوە نویێەیان پێ باشە بەڵام پرسیار ئەوەیە کە بۆ پێشتر بیر لەم سیستێمە نەکراوەتەوە.

-   پێشتر بەربەستی یاسایی هەبوون، سنورداریش لە ناردنی جۆری زانیارییەکانیشدا بە شێوەی دیگیتاڵی هەبوون، ناچار لە کاتی سەردانی بێکاردا زارەکی لێی دەپرسرا، بەڵام لەمەودوا ئەو کارە دەتوانرێت لەڕێی ماڵپەڕەکەمانەوە ئەلەکترۆنی بکرێت.

کاردۆزگەکان لە حاڵی حازردا شێوازی کاریان وەک یەک نییە بەپێی ئەوەی کە چەندە گەورەن و لە کوێی سویدن، بەم سیستێمە نوێیە ئەو گۆڕانکارییانە نامێنن و یەکسانی لەمامەڵەی بێکاردا زیاد دەکات و بڕیارەکان دادوەرانەتر دەبن، بەڕای ئۆمان کە هەروەها دەڵێت ئەم ڕیفۆرمە کارئاسانییە بۆ بێکارو  بەرپرسەکەی لە کاردۆزگە، یۆران ئۆمان دەڵێت لەبەرئەوەی چیتر لەکاتی سەردانی بێکاردا پێویست ناکات کاتەکەمان بەوە بکوژین کە چی کردووە و چۆن ڕۆشتووە لەبری ئەوە گفتوگۆکانمان لەسەر کاری داهاتوو دەبێت، واتا بە ناردنی ڕاپۆرتەکە بە ئەلەکترۆنی و پێش سەردانی بێکار بوار بۆ کارمەندی کاردۆزگە دەڕەخسێت خۆی ئامادە بکات و سەردانەکە بەرهەمدار بێت.

بەپێی ئەم سیستێمە نوێیە ئەو کەسەی کە چالاکانە بەدوای کاردا نەگەڕێت و ڕاپۆرتی مانگانە نەنێرێتە کاردۆزگە ئەوا کاردۆزگە دەستگەی بیمە ئاگادار دەکاتەوە. جا هەنگاوێکی دیکەی تازە لەم ڕیفۆرمەدا ئەوەیە کە سزای ئەو کەسانەی کە پەیڕەویی لە ناردنی ڕاپۆرتی مانگانە ناکەن زیاتر بەڵام نەرمتر دەبێت، ڕوونتر، لە حاڵی حازردا ئەو بێکارەی کە بە پێی پێویست داوای کار نانێرێت یاخود ناچێتە چاوپێکەوتنی خاوەنکار  بیمەی بێکارییەکەی  بۆ ماوەی 45 ڕۆژ  بە لەسەدا 25 کەم دەکرێتەوە بەڵام بەپێی ئەم ڕیفۆرمە نوێیە سەرەتا هۆشداری دەدرێتە کەسی بێکار پاشان سزاکە وردە وردە زیاد دەکات، بەشێوەیەک کە بە پێنج هەنگاو بیمەی بێکارییەکە کەم دەکرێتەوە پاشان مافی بیمە لە کەسی بێکار دەسندرێتەوە.

جێی باسە چاوەڕێ دەکرێت ئەم ڕیفۆرمە ژمارەی دۆزەکان لە دەستگەی بیمەی گشتی زیاد بکات  بۆ نزیکەی 160 هەزار دۆز لە ساڵیکدا، هەربۆیە 150 کارمەندی نوێ لە دەستگەی بیمەی گشتی دادەمەزرێن.

    

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".