1 av 4
wêne: Alberico lecchini / SR International
2 av 4
Shauna Adamas / wêne: Alberico Lecchini, SR International
3 av 4
Mari_ann Nutti / wêne: Alberico Lecchini, SR International
4 av 4
wêne: Alberico Lecchini, SR International

ئوومیۆ پێتەختی فەرهەنگیی سوید و ئەورووپا لە ساڵی داهاتوودا

ئوومیۆ، پێتەختی فەرهەنگیی سوید
5:20 min

شاری ئوومیۆ ساڵی داهاتوو تەنیا پێتەختی کولتووریی سوید نییە، هی هەموو ئەورووپایە. ئەم شارە بە پرۆگرامێ قەببەوە دەیەوێ پێنج مانگ بەر لە دەستپێکرانی چالاکییەکانی وەک پێتەختی کولتووری، سەرنجی ئەورووپا بەرەو فەرهەنگی نۆرلەند واتا هەرێمی باکووری سوید و فەرهەنگی سامەکان ڕاکێشێ بۆیەش دەستی داوەتە گەڕێکی ئەورووپایی. یەکەم هەنگاوی ئەم گەڕە، ستۆکهۆڵم بوو. ئامادەکاری بەرنامەی ناودێر بە "ئوومیۆ ٢٠١٤" شاونا ئادامس دەگێڕێتەوە کە ساڵی پێتەختی فەرهەنگی دەبێ پڕ بێ لە چاڵاکیی بەربڵاو.

 ـ "ئەمە زۆر گرنگە کە ئەم چالاکییانە لەبەر دەستی هەموو کەسدا بن و هەموو بەشی خۆیانی لێهەڵکرێنن. ئێمە بۆ هەموو چالاکییەک کراوەین بۆ نموونە وەرزش. ئەوەش فەرهەنگە و ئێمە هەوڵ دەدەین کە چالاکانە یارمەتیی بەهێزتربوونی بەرنامەکە بدەین."


"ئوومیۆ ٢٠١٤" دەیەوێ بە پێشکەشکردنی زیاتر لە هەشتا بەرنامە، سەد پرۆژە، ٢٠ کۆنفرانس و دەیان چالاکیی تر ئەوەندەی بۆی بکرێ ڕووبەرێکی زیاتر داگیر بکات و خەڵک ڕاکێشێ، بەتایبەت لەو حەوت شارە ئەورووپاییەی لەم گەڕە لەبەرچاوگیراوەدا سەردانیان دەکەن: کۆپنهاگن، وەرشۆوا، لەندەن، ئامستردام. پاریس، بارسێلۆنا و هامبورگ!


شاونا ئادامس دەڵێ "بەرنامەکە گەلێ سەرنجراکێشە بەڵام بێت و بخرێتە پێرسپێکتیڤێکی ئەورووپاییەوە، ئەوا ڕەنگە زۆر نەتوانێ خەڵک بەرەو خۆی ڕاکێشێ بەڵام وەرزەکان، سروشتی هەرێمی باکووری سوید و پێرسپێکتیڤی سامەکان. ئەوانە پێموابێ دەتوانن ئەم کارە بکەن و خەڵک بەرەو ئوومیۆ ڕاکێشن. ئەوەشی کرد ئەوا کەشەفێکی ڕەنگاوڕەنگ لە چالاکیی جۆراوجۆر و رووداوی فەرهەنگیی تایبەتیی ئەم وەرزانەی پێشکەش دەکرێ."

یەکێ لەم چالاکییانە ئەوەیە کە بە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە فەرهەنگی سامەکان بەرزبکرێتەوە. ماری ـ ئان نوتتی سەرۆکی ئەنیستیتۆی هونەرە دەستییەکانی سامەکان دەڵێ پرۆژەی ئوومیۆ، پێتەختی فەرهەنگیی ٢٠١٤ دەیەوێ لەم پانتاییە کولتوورییانەدا فەرهەنگی زیندووی سامەکان لە پێشانگا دیاریکراوەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو و بەهێز و لە پێرسپێکتیڤێکی تەواودا نیشان بدات.

ماری ـ ئان نوتتی درێژە دەدا و دەڵێ "ئێمە ئەم شێوە مرۆڤانەیەی سامەکانی پێ ژیاون و ئەو زمانە ئاشکرایەی ناو هونەرە دەستییەکان نیشان دەدەین. لە ڕێی ئەم پێشانگایەوە دەمانەوێ شێوەژیانی گشتلایەنەی سامەکان بە تام و چێژی سروشتەوە بناسێنین. واتا بژی و بمرە، بێ ئەوەی هیچ شوێنپێیەک لە خۆی بەجێ بێڵیت!"

بەشێکی دیکەی پرۆژەکە، ناساندنی کولتووری خواردنی نەرێتیی سامەکانە. بیۆرن ئیلپێ گەڵالەی گشتیی بەرنامەی ناساندنی خواردنگەلی سامەکان لەم گەڕە درێژەدا دەگێڕێتەوە و بۆ نموونە باسی شرابی گازداری سامەکان دەکا کە لە شیلەی سپیدار ساز دەکرێ، یا خود گۆشتی وشککراوی بزنەکێوی، تووتڕکی جۆربەجۆری ناو دارستان و شتی تری بەچێژ. کاتێ هەواڵنێری ئێمە چاوی بە بیۆرن ئیلپێ کەوت، مێزێکی ڕازاوەی لە نموونەی ئەم خواردنانە ڕاخستبوو:

ـ "ئێمە دەمانەوێ بەم جۆرە مافی گشتیی خەڵکی سوید بە کەڵکوەرگرتن لە سروشت بناسێنین. ئەوەی گشت کەس دەتوانێ بچێتە ناو دارستانەکان و میوەی دار لێکاتەوە و بیخوا. ئێمە دەمانەوێ کار لەگەڵ هەستەکانمان بکەین. ئەمەیان کەیکێکە لە جۆرێک بەڵاڵووکی دارستان دروستکراوە، ئەمە کەیکی بەڵاڵووکی مۆرە و ئەمەش دێسەری تێمێشکی زەردە. ئەم شتانەمان لەسەر مێزێکی درێز چنیوە و بەمجۆرە دەمانەوێ هەستی چوونە ناو دارستان و میوەچنی لە ناوەڕاستی باژارە ئەورووپاییەکاندا بڵاوکەینەوە."

پرۆژەی ئوومیۆ پێتەختی کولتووریی ساڵی ٢٠١٤ لە ڕۆژی ٣١ی جەنیڤەریی ساڵی داهاتوو لە ڕێورەسمێکی سێ ڕۆژەدا لەم شارە بکرێتەوە و دواتریش چالاکییە لەبەرچاوگیراوەکانی خۆی لە شوێنەکانی تری هەڕێمی باکووری سوید دەست پێبکات.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".