Foto: Henrik Montgomery/Scanpix

وەزارەتی داد سەردانی دەستگەکانی پۆلیس دەکات

تا دێت لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لە تاوانکاری خراپتر دەبێت، ساڵی ڕابوردوو ژمارەی ئەو تاوانانەی بکەرەکانیان دۆزرابوونەوە بە لەسەدا 6 کەمی کردبوو، ئەمە ڕەوتێکی نەرێنی نەخوازراوە کە لە ساڵی 2010 ەوە بەردەوامە بەپێی دەستگەی بەرگرتن لەتاوان (Brå).بەو هۆیەوە سکرتێری وەزارەتی داد سەردانی هەموو دەستگەکانی پۆلیس دەکات تا لەو باریەوە گفتوگۆیان لەگەڵ بکرێت، هەرچەندە ساڵی ڕابوردوو لەو جۆرە سەردانە بۆ بەئاگاهێنانەی دەستگەکانی پۆلیس ئەنجام درا بەڵام بێ دەرئەنجام بوو.

 وەزیری داد بیاتریس ئاسک دەڵێت ئەم سەردانەمان بە جدییە پۆلیس دەبێت بزانێت کە سەرچاوەیەکی باشتریان خراوەتە بەردەست و ئەرکێکی وا گرنگیان لەسەر شانە دەبێت دەرئەنجامەکانیشی دیار بن.

هەرچی سەرۆکی لیژنەی دادە لە پەرلەمان  و وتەبێژی پرسی داد سەر بە سۆسیالدیموکراتەکان مورگان یوهانسۆنە ڕەخنە لەم جۆرە سەردانە دەگرێت و دەڵێت ئەمە کەموکورتییەکانی حوکوومەت نیشان دەدات لەبەرئەوەی کاتێک دەستگەیەک بەکارەکانی خۆی هەڵنەستێت دەبێت بەرپرسەکەی لاببرێت کەچی لەبری ئەوە حوکوومەت دەیانەوێت لەڕێی گفتوگۆە کەموکورتییەکان ڕاست بکەنەوە.

یوهانسۆن دەڵێت بە درێژایی ئەزموونم لە پەرلەمان و حوکوومەتدا هەرگیز کاری لەو جۆرەم بۆ چاکردنی کەموکورتی دەستگەیەک نەبینیوە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade ljud i menyn under Min lista