Foto: Janerik Henriksson/Scanpix och Anders Jelmin/Sveriges Radio

بەڕێوەبەری گشتیی دەزگەی کاردۆزیی سوید لە سەر کار لابرا

ئانجێلێس بەرموودێز ـ سڤانکڤیست بەڕێوەبەری گشتیی دەزگەی کاردۆزیی سوید لە سەر کار لابرا. سەندیکا دەڵێ سەرۆکایەتیی نوێی ئەم دەزگەیە دەبێ ئەرکەکانی وەها بەڕێوەبەرێ کە بتوانێ متمانەی خۆی وەدەست بێنێتەوە. بڕیاری دەست لە کار بەردانی بەرموودێز ـ سڤانکڤیست ڕۆژی ڕابردوو لە کۆنفرانسێکی چاپەمەنیدا لە لایەن هیللێڤی ئێنگستروێم وەزیری بازاڕی کاری سویدەوە راگەیەنرا. ئەم بڕیارە پاش ئەم چەند ڕۆژە پڕ لە قسە و باسانەوە دێت کە دەزگەی کاردۆزی دەستەویەخەی بووبوو

هیللێڤی ئێنگستروێم گوتی بارودۆخەکە خۆ ناگرێ و بۆیەش ئێمە بڕیامان داوە کە کۆتایی بە سەرۆکایەتیی ئەو لەم دەزگە و لێسەندنەوەی ئەرکە پێسپێراوەکانی بێنین.

لە ئێنگستروێم دەپرسرێ بۆ چی؟ ئاخۆ ئەو ئامانجانەی بۆی دیاریکرابوون وەدیی نەهێناون؟ یا خود چ هەڵەیەکی کردووە؟ ئێنگستروێم دەڵێ ئەمە بڕیارێکە بەدوای هەڵسەنگاندنی زۆر شتی جودادا گرتوومانە و دەمانەوێ سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەم دەزگەیە بناسێنین و ئەویش جارێ کلاس ئۆلسۆنە کە بەشێوەیەکی کاتی دەبێتە بەڕێوەبەری گشتیی ئەم دەزگایە.

هیللێڤی ئێنگستروێم باسی بارودۆخێکی خۆنەگرتوو دەکا و ئاماژەکەی بەو حاڵەتەیە کە دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی دەزگەکە متمانەی بە سەرۆکەکەی نییە و دیارە ئەویش بەنۆرەی خۆی متمانەی بە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی نییە.

وەزیری بازاڕی کار دەیزانی کە دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی دەزگەی کار دەیانەوێ لە رۆژی هەینیی ڕابردوودا بەدژی ئانجێلێس بەرموودێز سڤانکڤیست لێدوان بدەن کەچی هۆکاری سەرەکیی ئەم بریارەی حوکوومەت لەوەی کە کۆتایی بە سەرۆکایەتیی بەرموودێز هێنا، زۆر ناڕوونە.

هیللێڤی ئێنگستروێم دەڵێ دەمەوێ جەخت لەوە بکەمەوە ئەم بڕیارەی ئێمە هیچ پێوەندیی بە حیسابنامە و قەبزی پارەدانەوە نییە بەڵکوو داوەرییەکی سەرجەمە لەم بارودۆخەی ئێستای دەزگەی کاردۆزی.

ئانجێلێس بەرموودێز سڤانکڤیست بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاردۆزیی سوید بوو. ئەو ئەمڕۆ لە هیچ وتووێژێکدا بەشدار نابێ بەڵام لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەمەی نووسیوە کە ئەو شانازی بەو کارانەوە دەکا کە لە دەزگای کاردۆزیدا کردوونی و یەکێ لە هەرە بەرچاوەکانی، ئەو چاکسازییانە بوون کە وەڕێیخستوون.

چاکسازی لە بواری خۆنەخۆشنووسکردن و هاتنە ناو بازاڕی کاردا وەهای کرد کە هەم نەخۆشنووسکراوان و هەم ئەوانەی تازە هاتوونە سوید بکەونە لای دەزگەی کاردۆزییەوە.

لارش ـ ئێریک بەکستروێم کە سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی دەوڵەت ناسراو بە (facket ST) لە دەزگەی کاردۆزییە دەڵێ سەرۆکایەتیی نوێ دەبێ لەناو ئەو ئەرکانەی هەیەتی، هەندێکیان نەهێڵێ و دەستێکیان پێدا بێنێ تا بتوانێ جارێکی تر متمانەی خۆی وەدەست بێنێتەوە. ئەو دەڵێ ئێمە دەبێ ئاوا لێکبدرێینەوە کە ئەو شتە دەکەین کە دەبێ بیکەین، ئەویش ئەوەیە کە ئاگامان لەوە بێ خەڵک کاریان هەبێ.

لێی دەپرسرێ ئایا متمانەی دەزگای کاردۆزی بۆ کلاس ئۆلسۆن زۆرترە لەوەی بۆ ئانجێلێس بەرموودێز هەبوو؟ دەڵێ بەڵێ من وای لێکدەدەمەوە.

کلاس ئۆلسۆن کە پێشتر سەرۆکی شیکارانی دەزگەی کاردۆزیی سوید بوو ئێستاوە بە شێوەیەکی کاتی بۆتە بەڕێوەبەری گشتیی ئەم دەزگایە. لەم ناوەدا ئانجێلێس بەرموودێز ـ سڤانکڤیست بۆ ساڵێک مووچەی خۆی هەر دەدرێتێ کە ١٤٠ هەزار کرۆن لە مانگدایە و لە دیوانخانەی حوکوومەتدا کار دەکا بەڵام هێشتا کارەکەی دیاری نەکراوە.

بەرموودێز لە ئەسڵدا ددانپزیشکە و تەمەنی ٥٠ ساڵە، سەرجەم پێنج ساڵ بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاردۆزی بوو. لە ساڵی ١٩٩٩دا لەلایەن گۆڤاری شێفەوە بە سەرۆکی ساڵ هەڵبژێردرا و ساڵی ٢٠٠٩ لە لایەن هەفتەنامەی (Veckans affärer)ەوە پاشناوی سەرۆکی ساڵ لە بواری حوکوومەتیدا. پێشتر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چاوی سەنت ئێریکس بوو، هەروەها سەرۆکی دەرمانخانەکانی نەتەوەیی ددانپزیشكیی پارێزگای ستۆکهۆڵم ـ فۆلک‌تاندڤۆردن. بەرموودێز لەمەو بەریش ڕەخنەی لێگیراوە بۆ نموونە بەر لەوەی وەک سەرۆکی گشت کارمەندانی دەوڵەتی لە سوێدرتێلیێ دەست بە کار بکات، لە کار دەرکرا. 

ئەم ڕەخنانەی هاوپێوەند لەگەڵ کاری ئەو لە پۆستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگەی کاردۆزیدا هاتنە گۆڕێ ئەوە بوون کە لە ماوەی کەمتر لە ساڵ و نیوێکدا خەرجی موبایلەکەی زیاتر لە ٣١١ هەزار کرۆن بووە. لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا بەبێ هیچ هۆیەک بەشدار نابێ. بەرموودێز لەوەڵامدا گوتبووی کە ئەم پارە زۆری تەلەفۆنەکەی خەتای بەشی تەکنیکی ئیدارەکەیەتی و شێوەیەکی خراپیان بۆ چۆنەتیی بەکارهێنانی ئینترنێت لە دەرەوەی وڵات هەیە. هەروەها لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکانیشدا بەشدار بووە. لەسەر بێمتمانەیی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی دەزگەکەش بە خۆی دەڵێ ئەوە حوکوومەتە کە بەڕێوەبەری گشتیی دەزگا دەولەتییەکان دادەنێ یا لایاندەبا. کە دیارە هەرواش کرا و وەزیری بازاڕی کار، بڕیاری لەسەر کار لادانی کرد.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".