Foto: Jonas Ekströmer/Scanpix

فێرگە ئازادە بێخاوەنەکان ئێستا خاوەنیان هەیە

فێرگە بێخاوەنەکان سەرپەرستی نوێیان بۆ دیاریکرا
4:39 min

دەزگای چاوەدێری بواری فێرگەکان بەرپرسانی نوێی زوربەی ئەو فێرگە ئامادەییانەی پەسند کرد کە پێشتر لەلایەن کۆشیرکەتی (JB Education) ەوە سەرپەرشتی دەکران و بە هۆی مایەپووچبوونی ئەم کۆشیرکەتە لە بەهاری ڕابردووەوە بێخاوەن مابوونەوە. ئاندێرش سپۆنگ سەرۆکبەشی ئیزننامەی دەزگای چاودێری بواری فێرگەکان ڕایگەیاند کە ئەم کارە پاش لێکۆڵینەوەی ورد و کۆنترۆڵی تەواوی بابەتەکە کراوە و گشت داواکارییەکانی هەڵگرتنەوەی فێرگەکان لێکدراونەتەوە.

ئاندێرش سپۆنگ دەڵێ بە لای دەزگاکەمانەوە زۆر گرنگ بوو کە بتوانێ لێکدانەوەیەکی وەها ورد و ڕێکوپێک بکات تا سەرپەرستانی نوێش نەکەونە ناو هەمان بارودۆخ کە کۆشیرکەتی (JB) تێیکەوتبوو و مایەپووچ هاتەوە. با قوتابیان جارێکی دی تووشی ئەو گرفتانە نەبنەوە کە لە ئەنجامی ئەو مایەپووچییەدا تووشی بووبوون.

باسەکە ٣١ فێرگەی ئامادەیی دەگرێتەوە کە هەر یەکە و لە شار و ناوچەیەکی وڵات بوون. ئەو کۆنترۆڵەش هەراوەی باسی لێوەدەکرێ بەو مانایەیە کە چاو بە بەرنامەکانی داواکاری وەرگرتنی فێرگەکە دەکرێ بۆ چالاکیی پەروەردە، ئیمکانی ئابووری، شوێن و لووکاڵ و حەزی قوتابیان خۆیان بۆ مانەوە لەو فێرگەیەدا. دەزگای چاوەدێری بواری فێرگەکان هەروەها لە پێوەندیی هەڵگرەوەکەی لەگەڵ ئەم فێرگەیەش دەڕوانێ بۆ ئەوەی بزانێ کە ئەگەر بێت و فێرگەکە قوتابیی کەم بێت، ئەوا داواکارەکەی چۆن دەیەوێ چارەی ئەم گرفتە بکات؟

ئاندرێرش سپۆنگ دەڵێ ڕوانگەیەکی سەرەکی بۆ ئەوەی پارە و ئیمکانی ئابووری بدرێتە شیرکەتێکی هەڵگرەوەی فێرگە ئەوەیە کە چالاکییەکە بتوانێ قوتابی بەرەو خۆی ڕاکێشێ. بۆیەش ئێمە بە وردی لەوەمان کۆڵییەوە تا بزانین ئایا قوتابی لە ئێستاوە بۆ دەستپێکی وەرزی خوێندن لە مانگی ئاگوستیدا دێنە لای سەرپەرشتی نوێی فێرگەکە یان نا؟

ئاندێرش سپۆنگ دەڵێ فێرگە باسکراوەکان لە بەر مایەپووچهاتنەوەی شیرکەتی خاوەنیان، تووشی دوو کێشە بووبوون. لەلایەکەوە زۆر ڕۆڵبینەر لەم بوارەدا هەن، لەلایەکی دیکەوە ـ کە ئەمەیان زۆر گرنگتریشە ـ ڕێژەی قوتابییە هاوتەمەنەکانی فێرگەی ئامادەیی کەمبووەتەوە.

بۆ چارەی گرفتی ئابووریی شیرکەتەکان لە بواری چالاکیی پەروەردەدا، زوربەیان هاتوون بەشێکی ئەو بەرنامەیە پەروەردەییەیان لا بردووە تا خەرجیان کەم بێتەوە. بەڵام ئەوە کارتێکەریی ڕاستەوخۆی لە سەر هەندێ قوتابیدا هەیە. ئاندێرش سپۆنگ سەرۆکبەشی ئیزننامەی دەزگای چاودێری بواری فێرگەکان دەڵێ لەو ناوچانەدا کە هەڵگرەوەی نوێی فێرگەکە بەرپرسیی هەموو ئەو بەرنامانەی قەبووڵ نەکردووە، ئەوا ئەو بەرنامانە هەڵگیراون، بۆیەش ئەو قوتابیانەی لە بەهاری ڕابردوودا لە فێرگەکانی سەر بە (JB) بوون یان چوونەتە فێرگەیەکی سەر بە کۆمۆن یا خود فێرگەیەکی ئازاد.

چاوەدێری بواری فێرگەکان هیچ داواکارییەکی لەلایەن ئەو سەرپەرستانەی وەک هەڵگرەوە قەبووڵ نەکراون بە دەست نەگەیشتووە. بەڵام سێ داواکاری بەر لە لێکۆڵینەوە و بڕیاردانی چاوەدێرانەوە لە لایەن سێ شیرکەتەوە بەدەست چاوەدێران گەیشتن کە لە داوای هەڵگرتنەوەکەیان پاشگەز ببوونەوە. ئەویش لەسەر سێ فێرگەی ئامادەیی هالمستاد، یۆنشۆپینگ و موێلندال کە پێشتر کۆشیرکەتی (JB) سەپەرشتیی دەکردن.

بەڵام ئایا دەستەبەریییەک بۆ ئەم شیرکەتە نوێیانە هەیە کە بەر لە دەستپێبوونی وەرزی خوێندن، نەکەونە ئەو بارودۆخە مایەپووچییەی (JB) و شیرکەتەکانی تر پێشتر لەبەر قەیرانی ئابووری تێیکەوتبوون و بەناچار وازیان لە چالاکیی خۆیان هێنا؟

ئاندێرش سپۆنگ سەرۆکبەشی ئیزننامەی دەزگای چاودێری بواری فێرگەکان دەڵێ هەر وەکی گوتم ئێمە لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ و بەربڵاومان لەسەر ئەو سەرپەرستیارە نوێیانە ئەنجام داوە. هاوکات ئێمە هیچ بڕیارێکمان بۆ دەستەبەریی ئەوە نەداوە کە شیرکەتەکان لە داهاتوودا چ کەمایەسییان لە چالاکییەکانیاندا نەبێ یا خود نەکەونە مایەپووچییەوە. بەڵام ئەوەندەی لەو بارودۆخەدا توانیومانە کردوومانە بۆ ئەوەی دەستەبەری ئەوە بکەین کە ئەم حاڵەتەی هاتببوە پێشێ، دووبارە نەبێتەوە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".