سیاڤۆش درەختی. وێنە: فەیسبووک

کوڕە موسوڵمانێک لەبەر خەبات دژی دوژمنایەتیی جوولەکان خەڵاتکرا

لە ڕۆژی رائول ڤاللنبەریدا، کوڕە گەنجێکی موسڵمان لەبەر خەبات لەبەرامبەر دوژمنایەتیی جوولەکان خەڵات کرا. سیاڤۆش درەختی بە هەژدە ساڵی و کاتێ لە فێرگەی ئامادەیی دەیخوێند بۆی دەرکەوت کە جوولەکەکان لە شەقامەکانی شارەکەی ئەو ـ مالموێ ـ ئازار دەدرێن. دەستپێشخەریی کرد و هاوپۆلەکانی بردە سەفەرێک بۆ ئوردوگای جوولەکوژیی ئۆشڤیتز لە پۆڵۆنیا. کۆمەڵەیەکیشی لە بەرامبەر دوژمنایەتیی جوولەکان لە ناو گەنجانی موسوڵماندا دانا و ئەمڕۆش یەکەمین خەڵاتی تازەدیاریکراوی ڕائول ڤالننبەریی وەک پێزانینەوە لەم هەوڵ و کۆششانەی وەرگرت.

سیاڤۆش درەختی کە بە ئەسڵ ئازەریە و لەدایکوباوكیکی ئێران دەڵێ خۆشحاڵم لەوەی کە لەگەڵ ڕائول ڤاللنبەری هەڵدەسەنگێنرێم. ئەو نموونەیەکە بۆ گشت خەڵکی سوید و ناوێکی مەزنە لە مێژووی ئەم وڵاتەدا. ئەم خەڵاتەش دوو هێندەی‌تر من هان دەدا کە خەبات لەبەرامبەر رەگەزپەرستی و دوژمنایەتیی جوولەکان فێری گەنجانی سویدی بکەم. سیاڤۆش درەختی لە سەر چالاکییەکانی ئەو کۆمەڵەی دایناوە زیاتر قسە دەکا و دەڵێ کاری ئێمە فێرکارییە!

درەختی دەڵێ ئێمە لە فێرگە، فەرمانگەکان و شیرکەتاندا کارگە، سیمینار و کۆڕی جۆراوجۆری لێدوان دادەنێین و هەوڵ دەدەین ئاگاداریی گشتیی خەڵک لە سەر پرسی گرنگی وەک رەگەزپەرستی و دوژمنایەتی لەگەڵ ئایینەکان بەرینە سەرێ. لەڕاستیدا کاری ئێمە پەروەردە و فێرکارییە.

درەختی لە سەر ئەو کاردانەوانەی لە شاری مالموێ کە هەر ئێستا کەشێکی بەهێزی دژایەتیی لەگەڵ جوولەکەکانی لێیە دەدوێ و دەڵێ زوربەی کاردانەوەکان زۆر ئەرێنی بوون بەڵام کاردانەوەی سیلبیش هەبووە و هەڕەشەشمان لێکراوە و نامەی ڕق و بێزاریی زۆریشمان بەدەست دەگات.

کۆمەڵەکەی سیاڤۆش لە سەرەتادا تەنیا لەبەرامبەر دوژمنایەتی لەگەڵ جوولەکەکان و ئایینی یەهوودی خەباتی دەکرد دواتر چالاکیی دیکەشی گرتە خۆی وەک ڕاوەستانەوە لەبەرمابەر هەرچەشنە ڕەگەزپەرستییەک. ئامانجەکەشی وەک سیاڤۆش خۆی دەڵێ بردنەسەری ئاستی تێگەیشتنی گرووپە جۆراوجۆرەکانی مالموێیە کە تەنانەت موسوڵمانان و قەرەجەکانیش گەلێ جار تووشی هەڵاواردن و ئازادران بوونەتەوە. واتا کۆمەڵەیەک کە وەک پرد لە نێوان خەڵکی ڕەش و سپی و قاوەیی، فەڵە، موسوڵمان و مووساییدا چالاکە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە ئێمەی سویدی و نیشتەجێی ئێرە سەرەرای جیاوازییەکانمان خاوەنی مافی یەکسانین.

ئەو لە کۆتادا دەڵێ کە بوێریی کۆمەڵایەتی لە ناو خەڵکدا کەمە و هیوادارم کە من بتوانم ببمە نموونەیەژک بۆ گەنجان و خەڵکی مالموێ و گشت وڵات تا ئەوانیش ئاستی بوێریی کۆمەڵایەتیی خۆیان لەبەرامبەر ڕق و بێزاریی ڕەگەزی و ئایینی بەرنە سەرێ.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".