بلۆکەکان . سەرچاوەی وێنە: ناوەندی نۆڤووس

پارتی مۆدێرات هەروا ڕێژەی دەنگدەرانی لەدەست دەدا

پارتی مۆدێراتی سوید بەردەوام دەنگدەرانی خۆی لەدەست دەدا و ڕێژەی خۆشەویستییەکەی ئێستا گەیشتۆتە ئاستی هەرە نزمی ٢٥،٦ کە لە نۆڤەمبری ٢٠٠٨ەوە وا کەم نەبووە. ئەمە ئەو ئامارانە نیشانی دەدا کە ڕێکخراوی دەنگپرسیی ئیپسووس بۆ مانگی هەشت ئامادەی کردوون.

ئەم پارتییە لە چاو ئاماری مانگی حەوتدا ٠،٩ یەکە لەسەدی دەنگدەرانی خۆی لەدەست داوە کە لە چوارچێوەی هەڵەی چاوەڕوانکراوی ئاماری دادەنرێ. (بە سویدی فێل‌مارگینال) بەڵام داشکانەکانی لەوەتەی ئاپریل و مای ـ کە ئەو کات ٢٩ لەسەد دەنگەکان بوو ـ ئەم ئامارە پشتڕاست دەکاتەوە.

سوسیالدیموکراتان ١،٣ لەسەد زیاتریان دەنگ وەدەست هێناوە و بوونەتە ٢٣،٤ لەسەد لە مانگی ئاگۆستدا. پارتییە سەوز و سوورەکان سەرجەم ٥١ لەسەدی دەنگەکانیان هێناوەتەوە  و سەرجەمی دەنگی ئالیانسی ڕاست ٣٩ لەسەدە. ژمارەی خۆشەویستیی ئێستای گشت پارتییەکانی‌تر لە بازنەی هەڵەی چاوەڕوانکراوی ئاماردایە.

ئاماری ئەمجارەی دامەزراوەی دەنگپرسیی ئیپسووس، لە سەر بنەمای ٢٧٥٨ وتووێژی تەلەفۆنی ساغ بۆتەوە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".