Aitikgruvan. Foto: Reine Sundkvist/Sveriges Radio

سویدییەکان ٢٠ هەزار تۆن لیتاوی ژاراوییان لە گوندێکی شیلی فڕێدا

زبڵوزالە ژاراوییەکەی سویدییەکان لە گوندێکی شیلی فڕێدرا
5:06 min

لە ساڵانی ١٩٨٠دا بارستاییەکی زۆر لیتاوی ژاراویی کان کە لەلایەن شیرکەتی گەورەی کانزادۆزیی بوولیدن لە خێلێفتیوو دەردرابوو لە دەرەوەی گوندێک لە وڵاتی شیلی فڕێدرا. هەر وا بە کراوەیی و لە ناو سروشتدا و ئەم کارە بە گوێرەی راپۆرتی ڕۆژنامەی داگێنزنهێتر هەزاران کەسی ژارگرتوو و نەخۆش کرد. ئێستا ٧٠٧ کەس لەو تووشبووانە، سکاڵایان لەسەر شیرکەتی کانزادۆزیی بوولیدن تۆمار کراوە.

 

یووناس ئێببێسۆن (Jonas Ebbesson) پرۆفیسۆری داد لە پرسی ژینگەدا و یەکێ لە پارێزەرانی سكاڵاکاراندەگێڕێتەوە کە ساڵی ١٩٨٤ شیرکەتی بوولیدن سێ بارە لیتاو بەڕێدەکاتە ئاریکا کەچی ئەم بارانە لە ڕاستیدا ئیزنی بەڕێکران بۆ ئەوێیان نەبوو.

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی داگێنزنیهێتر ٧٠٠ کەس لە دانیشتووانی گوندی پۆلیگۆنۆ لە باکووری شیلی کە لە نزیک ئەم زبڵستانە ژاراوییە دەژین بە ئارسێنیک یا مەرگەمووش ژارگرتوو بوون کە زلشیرکەتی بوولیدن سی ساڵ لەوەپێش لەگەڵ چەندین تۆن لیتاوی قورقوشم و زەڕنیخ لە ڕێگەی شیرکەتێکی شیلیاییەوە لە بەندەری خێلێفتیووی سویدەوە بەڕێکرێی کردبووە ئەم گوندەوە.

یووناس ئێببێسۆن دەڵێ ئەم خەڵکە تووشی نەخۆشیی هەناسەدان، جگەر و سیپەلک، منداڵلەبەرچوون، بەمردوویی لە دایکبوون، نەخۆشی پێست و بەگشتی ئاستی نزمی لەشساغی و ژیان بوون.

کاربەدەستانی شیلیایی و تووشبوانی ئەم ڕووداوە چەندین جار داوایان لە شیرکەتی بوولیدن و بەرپرسانی حوکوومەتی سوید کردووە کە پشتیگیریی نەخۆشانی ئەم ڕووداوە بکەن و خاکی ئەم شوێنەش لەو ژارانە پاک کەنەوە بەڵام هیچ ئەنجامی لێنەکەوتۆتەوە.

بوولیدن باسی ئەوەی کردووە کە کاربەدەستانی سویدی ئەو کات ناردنی ئەم لیتاوەیان پەسند کردوە بەڵام بە پێی ئەو سکاڵاتۆمارکراوە، ئەم شیرکەتە هیچ ئیزننامەیەکی بۆ ئەم کارە نەبووە و تەنانەت پارێزگا و دەزگای حوکوومەتیی ژینگەپارێزیی سوید بڕیاریان دابوو کە ئەم لیتاوە هەر لە شوێنی کاری شیرکەتەکە چاڵ بکرێ.

لە یووناس ئێببێسۆن دەپرسین لەو حاڵەدا کە بوولیدن ئەو زبڵوزاڵەی بە شیرکەتێکی شیلیایی فرۆشتۆتەوە چ جای سكاڵای لێ هەیە؟ یووناس ئێببێسۆن دەڵێ بوولیدن کە دەیەویست لە کۆڵ ئەم لیتاوەژارانە بێتەوە دەیزانی چ دەکا و مەرجە دژوارەکانی شاردنەوەیان لە سویدچۆنە و چ یاسایەک دەیگرێتەوە؟ بوولیدن دەبوایە ٢٠ هەزار تۆن لیتاو فڕێدا. هاتن دایان بە شیرکەتێکی بچووکی شیلیایی لە هەشتاکاندا و لە سەردەمی دیکتاتۆریی پینووشەدا کە هیچ یاسایەکی ژینگەیان لە سەر شتی وا نەبوو یا خود توانستی شاردنەوەی وەها بارستاییەکی زۆری ژار. بوولیدنی کە لە دنیادا بەدەنگوناو بوو ویستی بە ناردنی ئەو زبڵوزاڵە ژاراوییە بۆ ئەو پەڕی دنیا خۆی لە کۆڵیان کاتەوە.

لە گوێن ڕۆژنامەی داگێنزنیهێتر شیرکەتی بوولیدن دە میلیۆن کرۆنی پارە دا بەو شیرکەتە شیلیاییە تا زبڵوزاێەکان ڕاگوێزێ بەڵام یووناس ئێببێسۆن دەڵێ ئەگەر هاتبا و ئەم کارەیان بە پێی مەرجەکانی سوید و ئەورووپا کردبایە ئەوا یەکجار زۆرتریان خەرج دەبوو. لەلایەن بوولیدنەوە چوون و سەرێکیان لەم شوینەدا کە بڕیار بوو زبڵەکانی لێ چاڵ بکرێ بەڵام دواتر قەت لێیان نەپرسییەوە و بەدواشیدا نەچوون.

ڕووداوەکە سی ساڵ لەوەپێش بووە ئەدی چۆنە کە شتەکە ئێستا دەردەکەوێ و سكاڵاکان دەکرێن؟ یووناس ئێببێسۆن دەڵێ دەستپێکردنی ڕەوتێکی وەها ماوەیەکی یەکجار زۆر دەخایێنێ. خەڵکی ئاسایش دەرفەتی وەگەڕخستنی وەها دۆزێکیان نییە. بەڵام بوولیدن دەبوا هەر ئەو کاتەی شتەکە روویدا ڕێچارەیەکی بۆ دۆزیباوە. یان ئەو کاتەی کە شتەکان هاتنە ڕوو. پازدە ساڵ دەبێ کە ئەم ڕووداوە باسی لێوەکراوە. ئێمە بەر لە شکایەتەکەش مەرج و داوای خۆمان لە بوولیدن هێنایە گۆڕێ کە کارێک لەم پێناوەدا بکەن و پارەی قەرەبووەکە بدەن. بۆیە دەڵێم بەر لەوەش کاتیان بۆ ئەم شتە هەبووە.

یووناس ئێببێسۆن دەڵێ ئەوەی ئێمە داوای دەکەین قەرەبووکردنەوەی ئەو زیاتر لە ٧٠٠ کەسەیە کە تووش بوون و ئاستی ئەم قەرەبووکرانەوەش هەر ئەو ئاستەیە کە پێشتر دادگای بەرزی وڵاتی شیلی لە حاڵەتێکی هاوچەشندا هەیبووە. ئەگەریش ئەو داوایەمان نەگونجاو بووایە، ئەوا هەرگیز نەماندەکرد.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".