Photo: Erik Magnusson/Scanpix

کار و خۆشگوزەرانی: دوو بابەتی سەرەکیی گفتوگۆی نێوان دوو سەرۆکپارتی

شەوی ڕابردوو فرێدریک راینفێڵد سەرۆکوەزیر لە پارتی دەسەڵاتداری مۆدێرات و ستێفان لوێڤێن سەرۆکی پارتی سوسیالدیموکراتی ئۆپۆزیسیۆن بۆ یەکەمجار پێکەوە لە سەر شاشەی تلەڤزیۆن دەرکەوتن و لە دێباتێکی ڕاستەوخۆدا بەشدار بوون. سەردێڕی سەرەکیی ئەم دێباتە کار و خۆشگوزەرانی بوو.

ستێفان لوێڤێن سەرۆکی پارتی سوسیالدیموکرات بە ڕاینفێڵدی گوت تۆ دەبێ ڕاستییەکان ببینی. ڕێژەی بێکاری لەوەتەی تۆ بوویەتە سەرۆکوەزیر زیاتر بووە، بێکاریی درێژماوە لەوەتەی تۆ دەرکەوتووی زیاتر بووە، بێکاریی گەنجان لەوەتەی تۆ دەرکەوتووی زیاتر بووە. تۆش لێرە ڕاوەستاوی و وێدەچێ زۆر ڕازی و دڵخۆشیت!

فرێدریک ڕاینفێڵد سەرۆکی پارتی مۆدێرات لە وەڵامدا بە لوێڤێنی گوت من ئەم راپۆرتانەم خوێندۆتەوە. ئەوان باسی ئەو شتانەی تۆ ستێفان لوێڤێن دەیانڵێی ناکەن. ئەوان دەڵێن کە بێت و کار بکەن پارەی مووچەیان زۆرتر بۆ دەمێنێتەوە و ئەوە دەبێتە هۆی کاری زۆرتریش. ئەمەش وێدەچێ کاریگەرترین شێوەی خوڵقاندنی کاری نوێ بێ.

هەرچەند کەمتر لە ساڵێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید ماوە کەچی شەوی ڕابردوو فرێدریک راینفێڵد سەرۆکوەزیر لە پارتی دەسەڵاتداری مۆدێرات و ستێفان لوێڤێن سەرۆکی پارتی سوسیالدیموکراتی ئۆپۆزیسیۆن بۆ یەکەمجار پێکەوە لە سەر شاشەی تلەڤزیۆن دەرکەوتن و لە دێباتێکی ڕاستەوخۆی یەکچارەگی لە بەرنامەی ئاکتوێلتدا بەشدار بوون.

ستێفان لوێڤێن کە ئەندام پەرلەمان نییە و بۆیەش ناتوانێ لە دێباتە پەرلەمانییەکاندا دەرکەوێ تا ئێستا تەنیا کاتێ سەرۆکپارتییەکانی‌تریش لەوێ بوون دێباتی لەگەڵ راینفێڵد کردووە. بۆیەش ئەم دێباتە تا رادەیەک گرژ بەڵام کەشی گفتوگۆیەکان مەتین و لەسەرەخۆ بوو.

تا ئێستا نە پێشنیازی بودجەی حوکوومەت و نە بودجەی نسێی سوسیالدیموکراتان بە تەواوی ئامادەی سەر مێز کراوە. هەرچەند هەندێ بەشی پێشنیازەبودجەی حوکوومەت کە سبەینێ پێشکەش دەکرێ لە ئێستاوە بڵاوبوونەتەوە.

بۆ نموونە دوێنێ بەیانی حوکوومەت رایگەیاند کە پێشنیاز دەکات خولی پێنجەمی کەمکردنەوەی باجی سەر داهات دەستپێبکات. کەچی ستێفان لوێڤێنی سوسیالدیموکرات لە دێباتەکەی شەوی ڕابردوودا ڕەخنەی لە حوکوومەت گرت کە بۆ قەرەبووی کەمکردنەوەی باجەکان، وا خەریکە وڵات دەخاتە ژێر قەرزەوە. ئەو هەروەها گوتی قەرز وەردەگرن تا باجی کەسانی دەوڵەمەند و زۆرداهات داشکێنن.

فرێدریک ڕاینفێڵد بە رەدکردنەوەی ئەم قسانەی لوێڤێن گوتی کارتێکەریی داشکاندنی باج زۆر زیاتر لەوانەیە. برەوە سەرەکییەکانی ئەم چاکسازییە، کەسانی کەمداهات و چینی مامناوەندین. کرێکاری چێشتخانە پاش داشکاندنی باج و کەمکرانەوەی خەرجی بیمەی بێکاری، مانگێ ٥٠٠ کرۆن زیاتری پارە لە گیرفاندا دەمێنێتەوە.

فرێدریک راینفێڵد پێشتر خۆی لە گفتوگۆی بەرەوڕوو لەگەڵ خەنیمە سیاسییەکەی لە پارتی سوسیالدیموکرات دەبوارد چون پێی وابوو کە سوسیالدیموکراتان هیچ بەرنامەیەکیی ڕوونیان بۆ پێکهێنانی حوکوومەت نییە. ئەو ئامانجی لە بەشداربوونەوەی ڕووبەڕووی شەوی ڕابردووشی هەر ڕێک بۆ نیشاندانی ئەو دژبەرییانە بە پاساو هێنایەوە و گوتی: گرفت لێرەدایە کە ستێفان لوێڤێن هێشتا نازانێ شکڵی حوکوومەتی ئیحتیمالییەکەی چۆن دەبێ. پارتی چەپ و ژینگە لەگەڵ سیاسەتەکانی سوسیالدیموکراتان دەربارەی پەروەردە و نمرەدان و مەشقی ماڵەوە نەیارن و هیچ ڕێککەوتنێکیان لەسەری نییە.

ستێفان لوێڤێنیش بە ئاماژە بەم بیروڕاپرسییانەی دوایی کە نیشان دەدەن پارتییەکانی ئۆپۆزیسیۆن وەپێش حیزبە هاوپەیمانەکانی ڕاست کەوتوون گوتی: بە بڕوای من فرێدریک ڕاینفێڵد دەبێ لەمبارەوە بەپارێزەوە بێ چون لە دوایین بیروڕاپرسییەکاندا دەنگی حیزبەکەی ئێمە بە تەنیا لە چوار پارتییە هاوپەیمانەکەی دەسەڵاتدار زیاترە. بۆیەش وا باشە وریای ئەو قسانە بێت کە لە سەر پێکهێنانی حوکوومەتی نوێ دەیانکات!

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".